هاوپەیمانی بەبێ‌ بەرهەم ساڵح بەردەوام دەبێت
كار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك‌و سەركردایەتییەكی نوێ‌ دەكرێت

کوردستان

19/09/2018‌ 4370 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بەبێ‌ بەرهەم ساڵح بەردەوام دەبێت‌و كار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك‌و سەركردایەتییەكی نوێ‌-ش لەناو هاوپەیمانییەكە دەكرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، دوای ئەوەی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، لەدواین كۆبوونەوەی ناوخۆیی حیزبەكە، بەرهەم ساڵحی سەرپشككردووە، بۆ بڕیاردان لەبارەی چوونەوە ناو یەكێتی نیشتمانی، یان مانەوە، بڕیاردراوە ئەوان بەبێ‌ ناوبراویش بەردەوامبن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، لەئێستادا هاوپەیمانییەكە سەرقاڵی گفتوگۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌‌و سەركردایەتییەكی نوێش بەفۆڕمێكی جیاوازەوە بۆ كاركردن.

هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری ساڵی رابردوو بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دامەزراو بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی كرد، كە لەو هەڵبژاردنە دوو كورسی بەدەستهێنا، ئێستا دەنگۆ هەیە بەرهەم ساڵح دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی.

بەرهەم ساڵح پێشتر پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەبوو، كە بەهۆی نیگەرانییەكانی لەو حیزبە هاتە دەرەوە، بەڵام ئێستا هەوڵێكی جددی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو ئەو حیزبە، ئەوەش بەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هاوپەیمانی لەدوای بەرهەم ساڵح ناگەڕێتەوە ناو یەكێتی، بەڵام ئامادەن رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ ئەو حیزبە، یان هەر حیزبێكی تر بكەن‌و پەرلەمانتارەكانیشی لەپەرلەمانی عێراق بەردەوام دەبن.

هـ ـ ح