ئارەزوو قوربانی دەستی كلتورو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان

مەلەفی تایبەت

19/09/2018‌ 4516 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئامادەكردن ڕۆزا حەمە ساڵح 
كات دووی پاش نیوەڕۆ بوو بەدەم دروست كردنی قاوەیەكەوە سۆزانی هاورێم بە خەیاڵدا هات، دەمێك بوو قسەمان پێكەوە نەكردبوو، دەستم برد بۆ تەلەفۆنەكەم و زەنگم بۆ لێدا.

لە دوای  هەواڵ پرسین و باس كردن لە  نەهامەتیەكانی ژیان، هەستم بە بێتاقەتی كرد. لەدرێژەی قسەو باسەكانیدا كاتێك پرسیارم لێكرد كە هۆكار چیە بێتاقەتیت؟ وتی: بۆ ماوەی دوو مانگ دەبێت ھاوڕێیەكم ناوی ئارەزووە كە دراوسێشمە خۆی سوتاندووە و لەو ڕۆژەوە بەو ئاگرەوە بینیومە  باری دەروونیم  تێكچووە. 

سۆزان كەوتە گفتوگۆ و باس كردن لە ئارەزوو، منیش زۆر بە پەرۆشەوە گوێم بۆ گرتبوو. وتی :

دوو مانگ پێش ئێستا لە پر گوێم لە قیژە و ھاواری ئارەزوو بوو، كاتێك بە پەلە ڕامان كرد بینیمان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو و پڕ بە دەمی ھاواری دەكرد و دەیووت فریام كەون. ئێمەش بە پەلە بەتانییەكمان لە جەستەی ئاڵاندو ئاگرەكەمان كوژاندەوە بەڵام دوای چی، ھەموو دەم و چاو قژی بە یەكجار سوتابوو، دەستەكانی و پشتی پێستی پێوە نەمابوو، بە پەلە گەیاندمانە نەخۆشخانە و لەوێ تا نزیك مانگێك مایەوە ،، لە ئیستادا ھاتۆتەوە ماڵەوەو بەھۆی سوتانی دەم و چاوی لە حاڵەتێكی خراپدایە، ھەموو چركەساتێكیشی مردنێكە.

منیش زۆر ماندووم و بە بینینی زۆر تێك ئەچم، خەفەت ئەخۆم كە ناتوانم ھیچی بۆ بكەم، چونكە پیداویستیەكانی ئەو لەدەرەوەی توانا وھێزی منە.

دەڵێن ئەتوانێت لە دەرەوەی وڵات جوانكاری بكات، بەڵام ئەویش پارەیەكی یەكجار زۆری دەوێت و ھاوسەرەكەشی پێشمەرگەیە و بەو موچە كەمەوە فریای ھیچ ناكەوێت!!!

منیش قسەكانم پێ بڕی و لەسۆزانم پرسی ئەی نازانیت ھۆكاری خۆ سوتانەكەی چی بوو؟؟ 

سۆزان ووتی چیت لێ بشارمەوە لە ڕاستیدا لە رێگەی ئەم گروپ و پەیجانەی كە لە فەیسبوكدا ھەن كورێكی ناسیووە، وەك برا لێی نزیك بوەتەوە و وێنەو ڤیدۆی خۆی، منداڵەكانی بۆ ناردوە و دواتر كورەكە  بڵاوی كردۆتەوە و ئەویش  لە ترسی ئەوەی كە كەس و كاری نەیكوژن خۆی سوتاند ...

ئیتر پرسیاری زۆر لە مێشكمدا دروست بوو زۆر حەزم دەكرد كە لە نزیكەوە ورد و دروستی ڕوداوەكە بزانم، بۆیە بە سۆزانم وت ئایا  ئەتوانم قسە لەگەڵ ئارەزوو بكەم؟ 

سۆزان وتی پێم وایە ئەتوانێت بە تایبەتی ئەگەر بزانێت كەسێك لەدڵەوە گوێی بۆ بگرێت و تۆزێك لە خەمەكانی كەمبكاتەوە ،یان ھاوكاری بكات بۆ ئەوەی تۆڵە لەو كورە بكاتەوە. 
 
بە سۆزانم  وت تۆ پێی بڵێ و منیش ئادی بۆ دەنێرم ...
ئەوە بوو ئادم بۆ نارد و لە دوای چەند ڕۆژێك وەك ھاورێ قبوڵی كردم..
 
نامەیەكم بۆ ئارەزوو نارد وھاوخەمی خۆمم بۆ ئەو كارەساتەی كە بە سەر خۆیدا ھێنابوو دەربڕی ...بە ھۆی ئەوەی كە توانای نوسینی نەبوو و بۆیە لە دوای ماوەیەكی كەم زەنگی بۆ لێدام ...

سڵاوێكی پر لە ئازار و نائومێدی و بێ ھیوایی لێكردم و بە دەنگێكی پر لە ھەنسك وگریان و ترس كەوتە گفتووگۆ لە گەڵمدا ...

ئاخ چەند گفتووگۆیەكی پر لە حەسرەت بوو !!
دەمم بەیەكجاری داخرابوو نەمئەتوانی ھیچ بڵێم و نەمدەزانی كە چۆن دڵنەوای بكەم و چی بڵێم !!

ئارەزوو ژنێكی وریا دیار بوو، وتی خاتوون ھیچ مەڵێ واز بھێنە و ھیچ شتێك و ھیچ كەسێك ناتوانێت دڵنەوایم بكات و تەنھا ئەو كاتە نەبێت دڵم ئۆقرە دەكات كە تۆڵەی خۆم بكەمەوە لەو كەسانەی  كە بوون بە ھۆكاری ھەموو ئەو ناخۆشی و نەگبەتیانەی كە لە ژیانمدا ھاتنە ڕێگام ، تكایە ھاوكارم بە  ....

نازانم لە كوێوە دەست پێبكەم  لەو ڕۆژەی كە دەركم بە ژیان كرد چوار ساڵانێك ئەبووم یەكەم یادگاری كە لەھزرمدا جێگیر بوو وەك كابوسێك ھەمیشە بە دوامەوەیە و ھەرگیز لێم جیانابێتەوە؟؟ 

یان  باس لەو ڕۆژە بكەم كە بە شازدە ساڵی بە زۆر بەشودرام؟؟
 
یان باس لە  ئێستام بكەم كە چارەنووسم ڕەش داگیرساوە وەك دەموچاوە سوتاوەكەم ؟؟؟

پێم وت خۆت چۆن ئارام دەبێت لەوێوە باسی بكە ...
 ئارەزوو  وتی ئەگەر باس لە ئێستای ژیانم بكەم لەوانەیە لێم تێنەگەیت و بگرە سەرزەنشتیشم بكەیت .... ژیانی ڕابردووم ھۆكار بوون بۆ ئەوەی بكەومە ئەو ھەڵە گەورەیەی كە بە سەر خۆمدا ھێناو و خۆشم نازانم چۆن لێی دەرباز ببم ......

ئارەزوو  بەدەم ئازار و ترس وئاخەوە كەوتە گێڕانەوە وتی :
 
یەكەم ئازار كە ھەستمی ھەژاند ،، ئەو كات  تەمەنم چوار ساڵان بوو و لە گەڵ خوشكێكم كە ساڵو نیوێك  لە خۆم منداڵ تر بوو ولە بەر دەرگا پێكەوە یاریمان دەكرد و بە بەرچاومەوە بوو بە ژێر ئۆتۆمبێلێكەوە، ئەو  دیمەنە تراژیدیایەم لە بیر ناچێت. دیمەنی بیننی دایكم بە ھەردوو دەس ئەیدا بە سەر خۆیدا و قژی دەڕنی و ھاواری دەكرد ، دیمەنی ئەو خەڵكەی كە لەدەورو و پشتمان كۆبووبونەوە و ھەریەك بە شێوەیەك قسەی دەكرد ، یەكێك سەرزەنشتی دەكرد و دەیووت ژن چۆن دەبێت ئاگای لە منداڵی نەبێت و بەڕەڵای كۆڵانی بكات ، یەكێكی تر دەیووت موقەدەری خودایە و دەبوایە ھەرئەوەندە بژیایە ، یەكێكی تر دەیووت كەی كاتی ئەم قسانەیە و فریای ئەو ژنە بكەون ، باوكم دەینەڕاند و ھاواری دەكرد و قسەی بە دایكم ئەووت و ........... ھتد .

ئەوە بوو مردنی خوشكەكەم ھۆكارێك بوو كە دایكم توشی نەخۆشی دەروونی ببێت و ئەعقڵی لە دەست بدات( شێت بێت ) ئیتر من و براكەم  كە لە من گەورەتر بوو ھەر ڕۆژێك كەسێك لە ڕێی خوا ئەھات و نانێكی ئەداپێمان ، دایكم بە تەواوی تێك چوو و باوكیشم  ئامادە نەبوو كە خزمەتی ئێمە و دایكم بكات و خەڵكیش دەیانووت ژیان بەم شێوەیە ناڕوات و منداڵەكانت وردن و دەبێت ژنێك بینیت خزمەتی خۆت و منداڵەكانت بكات ..

لە دوای مانگێك باوكم  ئێمە و دایكمی بردەوە بۆ ماڵی باپیرم، ئەوەندەی پێنەچوو ژنی ھێنایەوە و ئێمەی بردەوە بۆ لای خۆی و كەوتینە ژێر دەستی بێڕەحمی باوەژنەكەمان  و بێباكی و شەقی باوكمان ...

یاساو ڕێسا تازەكانی باوكم بۆ ئێمە خرایە ڕوو ، پێی وتین لە مەولا ئەوەی باجیتان پێتان بڵێت دەبێت جێ بە جێ بكەن و گوێ ڕایەڵی ببن ، لەم ساتەوە ئەو دایكتانە و نابێت بە ھیچ شێوەیەك بە قسەی نەكەن
 
باوكم فەرمانبەر بوو، نیوەروان لە فەرمانگە ئەھاتەوە ماڵەوە، دوای نیوەڕۆش ئەڕۆشت بۆ دوكانەكەی وھەتا ئێوارە نەئەھاتەوە ، كاتێك كە دەگەڕایەوە ماڵەوە  لە بری ئەوەی لە ئامێزمان بگرێ و خۆشەویستیمان پێببەخشێت ،  لێیئەداین و سوكایەتی پێدەكردین و شوێن نەمابوو بە  دەست و قاچمانەوە كە  بە كەوچ داخ نەكرابێت  و ھۆكارەكەشی  درۆكانی   باجیمان بوو  كە  بە دوو قسە و دوو مەكر  لە خشتەی ئەبرد و لەدژمان بەكاری دەھێنا ..

ئای چەند بە ژیانێكی  كوللە مەرگی گەورە بووین، ھەرگیز ئەو ڕۆژانەم لە بیر ناچێت، ئەگەر زستان بوایە یان ھاوین ئەوا نیوەڕوان ئێمە لە كۆڵان دەبووین، باوكم و باجیشم لە بەردەم سۆپای گەرمی زستان و فێنككەرەوەی گەرمای ھاویندا ژیانیان دەگوزەراند، چەندەھا جار لە لایەن كورە ھەرزەكارەكانەوە ئەتك كراوین ودەستمان بۆ درێژ كراوە، نیوەڕۆیەك نەبوو كە لە لایەن كورە ھەرزەكارەكانەوە دەستم بۆ نەبرابێت  و بە توندی باوشم پێدا دەكراو بە دیواردا بەرزیان دەكردمەوە و شەھوەتی بۆگەنی خۆیانیان تیادا بەتاڵ ئەكردمەوە..  ئاخر كچێكی پێنج شەش ساڵی چی ئەزانێت و چی تێبگات و چۆن بتوانێت پارێزگاری لە خۆی بكات ...

لە دوای ئەوەی ھەتا قۆناغی شەشی سەرەتایم  بە دەردە سەری تەواو كرد و زۆر جار بە سكی برسی باجیم ئەیناردین بۆ قوتابخانە، بە ئەمری باجیم و بە لێدان و شەقی باوكم ڕێگریان لێكردم كە بڕۆمەوە بۆ  خوێندنگا و درێژە بە خوێندن بدەم ، كاتێك دەموت با بخوێنم ، باجیم  ئەیوت كچ خوێندنی بۆ چییە و ھاوكاری من بێت لە ماڵەوە باشترە ،،،، 

بەڵێ لە بەر باران وبەفری زستاندا و لە بەردەم ئاوی بەستراوی تەنكی دا پەڕۆی گوی منداڵەكانی خۆی پێ ئەشتم ، لە بەر ھەتاو وتیشكی ھاویندا تەشتە نانی پێ دروست ئەكردم  ...

ئای چەند بێ ویژدان  بوو ، كاتێك دەمووت ناتوانم و ھاواری ئەكرد و پر بە دەمی ئەیقیژاند بە سەرمدا و ئەیووت ئەی منیش فریا ناكەوم....

ئاخر منێكی منداڵ  بۆ ئەبوایە ھاوكاری ئەوم بكردایە ، بۆ وەك منداڵەكانی ھاوتەمەنم ژیانێكی خۆشم بە سەر نەبردایە  لە گەڵ دایك و باوكی خۆمدا ..

ئەوە بوو چیتر نەگەڕامەوە بۆ خوێندن و ھەتا تەمەنم بوو بە شانزە ساڵ وەك كارەكەرێك لەو ماڵەدا خزمەتم ئەكردن ، باجیم نەك ھەر ڕویەكی خۆشیشی پێنەئەدام ، بەڵكو سوكایەتی زۆریشی پێ ئەكردم ..

لە تەمەنی ١٦ ساڵیمدا باجیم پورزایەكی خۆی بۆ دۆزیمەوە و ھەر چۆن بوو باوكمی ڕازی كرد  و ھەموو شتێكیان برییەوە ووتیان دەبێت شوی پێبكەیت ، یەكەم جار ڕەتم كردەوەو دواتر ناچاریان كردم كە ڕازی ببم ..

وتیشم ھەرچۆن بێت خۆ لەمە زیاتر ژیانم خراپتر نابێت.و بەشكم  كوڕێكی باش بێت و وەك فریاد ڕەسێك قەرەبووی ڕابردوشم بۆ بكاتەوە .،،

وریای پێشمەرگە بوو بە ھاوسەرم تەمەنی ٢٨ ساڵ بوو واتا ١٢ ساڵ لە من گەورەتر بوو، لە سەرتاوە لە گەڵ ماڵی خەزورمدا بووم و لەوێش خەسووم ھەر وەك كارەكەرێك  مامەڵەی لە گەڵ ئەكردم و بە تایبەتی لەو كاتانەی كە وریا ئەرۆشت بۆ فەرمانی  پێشمەرگایەتی  ، ھەرچی سوكایەتی بوو پێی ئەكردم و ھەمان تراژیدیای دەستی  باوەژنم لەشكڵو شێوازێكی دیكەدا بۆم دوبارە بویەوە . ھەرچەندە ڕێزیشم لێئەگرتن و ھەموو ئەركی ماڵەكەشم  خستبووە ئەستۆی خۆم ، بەڵام ھەر ناڕەزا بوو وئەیوت تۆ نازانی باش چێشت دروست بكەیت.. كاتێكیش وریا ئەھاتەوە دەستی دەكرد بە درۆ و قسەی ناڕاست، ووریاش ئەكەوتە سوكایەتی پێم و شەق شەقێنی ئەو ناوەشی پێ ئەكردم  ،

خەسووم ئەیوت ژنەكەت حەز دەكات ئێمە بمرین بۆ ئەوەی دەست بگرێت بە سەر ئەم ماڵەدا ، ئەو ئەزانێت من و باوكت نەخۆشی زەختمان ھەیە ( بەرز بوونەوەی پاڵەپەستۆی خوێن ) كەچی چێشتەكە پڕ لەخوێ دروست ئەكات  ،،منیش ھەرچەند ئەمویست داكۆكی لەخۆم بكەم  و ھەمیشە بە وریام ئەوت بە خوا وا نییە كەچی ئەیوت چۆن دایكم درۆ ئەكات؟؟  

بەڵێ دایكی بێویژدان بوو درۆی ئەكرد، فێڵی ئەكرد، بوختانی ئەكرد  ..

چەند جارێك كە ڕێ ئەكەوت  وریا لە ماڵ بوایە و من چێشتم لێ بنایە   بە دزییەوە خوێی  زیاتری تێ ئەكرد و دواتر ئەیووت ئەھا ژنەكەت حەز ئەكات بمان كوژێ، ژنەكەت عەقڵی تەواو نییە وەك دایكی شێتە ..

ئاخ بۆ ئەم ھەموو نەھامەتیە لە ژیانمدا ؟
نەمئەزانی بۆ  خەسووم بەو شێوەیە ھەڵس و كەوتی لە گەڵ ئەكردم !! ژنێكیش بوو زۆر خانومان بوو، لای خۆی شەو وڕۆژ نوێژی دەكرد و تەنانەت حەجیشی كردبوو، بەڵام تێناگەم بۆ وای ئەكرد؟ 
  
تێناگەم بۆ  ئەبێت لە كلتوری ئێمەدا ھەمیشە خەسوو حەزی لە بووك نەبێت؟

باشە خۆ ئەیتوانی وەك كچی خۆی مامەڵەم لەگەڵ بكات ؟ 
 
بەم دردە سەرییە سێ ساڵم تێپەڕاند لە گەڵ ماڵی خەسومدا، چەند جارێك ئەتۆرام و ئەڕۆشتمەوە بۆ ماڵی باوكم بەڵام باجیم لە خەسووم خراپتر بوو و بۆیە چارم نەبوو دیسان ئەگەرامەوە، چەند جارێك بیرم لە خۆكوشتن ئەكردەوە بەڵام ھەرچۆن بێت لەبەر كورەكەم قبوڵم ئەكرد و ئەمووت با بێ دایكی نەبێت وەك خۆم ...

لە دوای سێ ساڵ ژیانم بە تەواوی وێران بوو ، ئیتر  وریا لەبەر كورەكەمان بڕیاری دا كە جیا ببینەوە لە ماڵی خەسووم..
 
خانوویەكمان بە كرێ گرد و ڕۆشتینە خانووی كرێوە، وردە وردە ماڵێكی جوانمان دروست كرد كورێكی تریشمان بوو.لە سەرەتاوە بە ھۆی ئەوەی موچە باش بوو كرێ خانوو  و بژێوی ژیانمان دابین ئەكرد، بەڵام لەم دوایەدا بە ھۆی ئەوەی موچە لە كاتی خۆیدا نەئەدرا و كەم كورتی تێكەوت  ووریا فریا نەئەكەوت،شەڕ وئاژاوە كەوتە نێوانمان و ئەیوت ئەگەر تۆ باش بوویتایە لەگەڵ دایكم بۆ دەبوینە كرێ چی ..

ئارەزوو بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە گێڕانەوەی بە سەرھاتەكانی و ھاتە سەر باسكردنی ئەوەی بۆ چی كە خۆی سوتاند ....

ھەست كردن بە تەنیایی لە ژیانمدا ونەبوونی سۆز و خۆشەویستی، نەبیستنی ئامۆژگاری لە لایەن كەسی نزیك و تەنانەت  وریاش، ھۆكار بوو كە بۆشاییەكی یەكجار گەورە لە ژیانمدا دروست ببێت، ووریا دوو ھەفتە لە مانگێكدا لە فەرمانی پێشمەرگایەتی بوو، كاتێكیش ئەگەڕایەوە زۆری كاتەكانی لە لای دایك و باوكی بە سەر ئەبرد، بۆیە ئەمە وای لێكردم كە زۆر پەیوەست ببم بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، بە تایبەتی فەیسبوك وگروپەكانی ناوی.  لە چەند گروپێكدا بابەتم دائەبەزاند و بە ھۆی ئەوەوە خەڵكێكی زۆر نامەی بۆ ئەناردم و گرنگیان پێئەدام و بە بیانوی ئەوەی كە بابەتەكانمیان بە دڵە  و ئیتر دەكەوتنە گفتووگۆ لە گەڵمدا ، لە سەرتاوە وەك خوشك و برا، دواتر ناردنی نوكتە و قسەی خۆش بۆ یەكتری ،،،  ئەوەندە پەیوەست بووبووم بە فەیسبوك زۆر جار ئاگام لە منداڵەكانم نەمابوو ، ئەوەندە سۆز و چێژم لە ھاورێكانی فەیسبوكم وەرگرتبوو، ئەوەندە چێژم  لە ھاوسەر و كەس وكارەكەم وەرنەگرتبوو، ئەوەندە گرنگی وكاتم  بە بابەتەكانم ئەدا كە بڵاوم ئەكردنەوە و چارەكێكی ئەوە گرنگی   بە دوو منداڵەكەم نەئەدا. وام لێھاتبوو كە تەنانەت خەو و ئیسراحەتم لە خۆم تێك دابوو، توانا وحەوسەڵەی منداڵەكانمم نەمابوو ..

بە تێبەڕبوونی كات ھاورێتیم لە گەڵ كورێكدا پەیدا كرد (ناوی سەھەند  بوو) لە یەكێك لە وڵاتانی ئەوروپا ئەژیا، لە من منداڵ تر بوو.. زۆر جار ھەستم بەوە ئەكرد  كە زۆر لە بیر و ھۆشمەوە نزیكە و ھەمیشە یەكەم كەس بوو كە دەست خۆشی لێئەكردم و پشتگیری ئەكردم بۆ ئەوەی   بەردەوام بم ، زۆر جار ئەگەر كورێك یان پیاوێك لە ڕێگەی ماسنجەرەوە  بێزاریان  بكردمایە، ھانام بۆ ئەو ئەبرد، ئەویش ھەڕەشی لێئەكردن و ئیتر كۆڵیان ئەدا ..

ھەمیشە  بە  دادە ئارەزوو  بانگی ئەكردم و ئەیوت  من خوشكم نییە و تۆ  خوشكی گەورەی منیت،، ھەرگیز لە ژیانمدا نە باوك نە برا نە مێرد ئەو ھەستەیان پێ نەبەخشیووم، بۆیە نەمدەزانی گرنگی پێدان چییە!! ئایا بەزەیی بوو؟یان لە بەر بەرژەوەندی و مەرامی بۆگەنی خۆی بوو!!...

وردە وردە باسی ژیانی خۆم بۆ كرد و ئەویش بە ھەمان شێوە باسی ژیانی خۆی بۆ من كرد، ژمارەی ڤایبەری یەكترمان گۆرییەوە وزۆر جار كە قسەمان ئەكرد كامیرەمان ئەكردەوە، وێنەی خۆی و وێنەی سروشتی جوانی ئەو وڵاتەی كە تیادا ئەژیا بۆی ئەناردم و منیش بە ھەمان شێوە  وێنەی خۆم و ھەردوو كوڕەكەم بۆ نارد ..
 
من ھەر وەك برایەكی خۆم  مامەڵەم لە گەڵ ئەكرد، بەڵام ھەستم بەوە ئەكرد كە سەھەند زۆر جار قسەكانی ئەگۆری  و ئەیوت ئەگەر بێتو  مافی پەنابەریم بۆ دەربچێت و ئەوا بە فەرمی ھەوڵتان بۆ ئەدەم بۆ ئەوەی تۆ و منداڵەكانت رزگار بكەم ، ئەیوت تۆ شایستەی ئەو پیاوە نییت وتۆ شایستەی كەسێكی زۆر باشیت ... كاتێك گوێبیستی ئەو قسانەی سەھەند ئەبووم دڵ خۆش ئەبووم حەزم بە ژیان ئەكرد،  لە ناخی خۆمدا ئەمووت بۆ منیش وەك چەندەھا ژنی تر ژیانێكی شایستە نەژیم ....

ھەموو جارێك كە وریا لە فەرمانی پێشمەرگایەتی ئەگەڕایەوە و ھەوڵم لە گەڵ ئەدا بۆ ئەوەی ڕازی بكەم و كە بڕۆین بۆ ئەوروپا، بەڵام  ھەموو جارێك ڕەتی ئەكردەوە و ئەیووت بە چی بڕۆین و ئەگەر پارەشم ھەبێت وئەوا من چۆن دایك و باوكم بە جێ بھێڵم   ...
  
بەڵێ من كەسێكی زۆر  ساویلكەو گێل بووم ، زۆر نەفام و گەمژە  بووم، ئاخر من باوك و برای خۆم و ھاوسەرەكەم دڵیان بۆم ناسوتێت ، ئیتر چۆن كورێكی بێگانە كە قەزاوقەدەر كردبێتی بەھاوڕێم دڵی بۆم بسوتێت !!!!

بە تێپەربوونی كات سەھەند داوای وێنەو ڤیدیۆی نەشیاوی لێكردم ، كاتێك ڕەتم كردووە و ڕووبەڕوی بوومەوە،كەوتە ھەڕەشە كردن لێم وتی ئەگەر ئەو وێنانەم بۆ نەنێری ئەوا خۆم ئەزانم چی ئەكەم، لەڕاستیدا زۆر نەترسام ووتم خۆ ھیچ ھەڵەیەكی خراپم نەكردووە، بەڵام نەمزانی  ئەو وێنە و ڤیدیۆیەی خۆم و منداڵەكانم كە بۆم ناردبوو لە لای خۆی پاراستبووی،  بویە وتی پێم ئەگەر ئەوەی داوای ئەكەم لێت جێبەجی نەكەیت و ئەوا  وێنە و ڤیدۆكانت لە گروپ دائەبەزێنم ، منیش زۆر  لێیپاڕامەوە و بە ساقە و قوربانی بووم و تم ئەگەر بێت شتی وابكەیت و ئەوا كەس و كارم دەمكوژن .. تكات لێئەكەم وەك چۆن لە سەرەتاوە  وەك برایەكی باش ھاوكاریت ئەكردم ، ھەر وا بە جوانی لە گەڵمدا بمێنەرەوە ....

بەڵی چەند جارێك وبۆ ماوەی چەند ڕۆژێك ھەمان داواكاری ئەكرد و ھەڕەشەی لێ ئەكردم  بەڵام من ھەر وەڵامم نەئەدایەوە، لە ناخی خۆمدا ئەمووت مادام تا ئێستا ھیچی نەكردووە، ئەوا ھیچ ناكات  ..

ماوەیەك دوور كەوتمەوە لە فەیسبوك و تەنانەت لە گروپەكەشم، بەیانییەك زوو ھاورێیەكم كە ھەر لە ڕێگەی فەیسبوكەوە ناسیبوم  نامەیەكی بۆ ناردم وتی سەھەند وێنەی تۆی لە گروپ دابەزاندووە، منیش بە پەلە فەیسبوكم كردەوە، كاتێك بینیم نوسرابوو :

ئەم ژنە بەناوی ئارەزوو كە ماڵیان لە گەڕەكی .....و لە شاری ..... وژمارە تەلەفۆنەكەی ........ كاری لەش فرۆشی دەكات  تەنھا بە ٥ ھەزار دینار ..

ئای لەو ساتە نەمزانی چی بكەم !!!  بۆ كوێ بڕۆم  !!! ھەرچیش بڵێم  ھیچ كەس باوەڕم پێناكات چونكە ھەموو ناو وناونیشانم بە ئاشكرا نوسراوە ...  دڵنیابووم لەوەی كە دەكوژرێم... بۆیە وتم با خۆم  خۆم بكوژم پێش ئەوەی بمكوژن ...

پێش ئەوەی خۆم بسوتێنم ئەوە بوو نامەیەكم نارد بۆ سەھەند وتم تۆ بوی بە ھۆكاری ئەوە ئەو دوو منداڵەم ھەتیوو و سەرشۆر بكەیت، ئەوا من خۆم ئەسوتێنم ....

ھیچ نەوەستام ڕۆشتمە حەوشەكەمان و دەبەیە نەوتم كرد بە جەستەمدا و ئاگرم لە خۆم بەردا ...

بریا لەوێدا ڕۆحم دەربچوایە و یەكجار نەجاتم ببوایە ...
 
لە دوای دوو ڕۆژ بە ئاگا ھاتم و لە تاو ئازار ھیچ شتێكم بیرنەمابوو، ھەموو لاشەم پێچرابوو، بە تەنھا وریا بە ڕاستی سەرمەوە بوو واقی وڕمابوو سەری سوڕمابوو، چاوەكانی پر بوون لە پرسیار !!!

لە ناخی خۆمدا ئەمووت تۆ بڵێیت ووریا ھەموو شتێكی زانیبێت ؟ ئایا ئەو وێنانەم بڵاو بوونەتەوە یان سەھەند ویژدانی ئازاری داوە و دواتر لایبردووە؟

ئەی بۆ بە تەنھا وریا لە لامە؟
پرسیاری منداڵەكانم كرد، وریا وتی خەمت نەبێت، منداڵەكان لای دایكمن ..

كاتێك وریا پرسیاری ئەوەی لێكردم كە ھۆكار چی بووە كە خۆم سوتاندووە ؟ ئۆقرەیەك بە گیانمدا ھات و دڵنیا بووم لەوەی كە ھیچ نازانێت، بۆیە منیش ووتم بێزار بووم لە ژیان .

لە دوای مانگێك گەرامەوە ماڵەوە بەڵام بە ڕووخسارێكی شێواو و ناخێكی بریندار و دڵێكی شكاو، ویستم منداڵەكانم لە ئامێز بگرم بەڵام ئەوان نەیان ویست و دیاربوو لە ڕووخسارم ئەترسان ...
 
ھەرچۆن بێت نامەیەكم نارد بۆ ھاورێكەم، ئەویش دواتر تێلی بۆ كردم وبۆم باس كرد كە خۆم سوتاندووە. ئەویش زۆر بێتاقەت بوو وتی ئەبوایە وات بە خۆت نەكردایە ... لە دوای چەند خولەكێك سەھەند پۆستەكەی لابردوو و پێم وایە كەسێكی واش نەیبینیوو، ئەوانەشی كە كۆمێنتیان بۆ نوسیبوو ھەموو سەرزەنشتیان كردبوو ...

كاتێك سەیری نامەی ماسنجەرەكەم كرد، بینیم لەو ڕۆژەوەی كە خۆم سوتاندووە، ڕۆژ نیە سەھەند نامەی بۆ نەناردبم و لە ھەموو نامەكاندا داوای لێبوردنی كردووە و نوسیبوی من بە ڕاستی تۆم خۆش ئەوێت ..

منیش نامەم بۆ نارد وتم تۆ بوویت بە ھۆكاری ئەوەی كە خۆم بسوتێنم و ڕوخساری خۆم بشێوێنم .... ئیتر وازم لێ بھێنە!!!

لە دوای ئەوەوە  چەندەھا جار نامەی ناردووە و بە گومانە لەوەی كە خۆم سوتاندبێت، داوای ئەوە ئەكات كە كامێرا بكەمەوە بۆ ئەوەی  بمبینێت ...

كاتێك ئارەزوو ئەم باسەی بۆ دەگێڕامەوە و ھەستم بەوە دەكرد كە ڕاست ناكات وخۆشەویستی ھەیە بۆ سەھەند، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی بۆ دەرنەبڕیبوو، چونكە ئارەزوو نەیدەویست سەھەند بە دەم وچاوی شێواوە بیبینێت. دیار بوو ئەوەندە لە خەمی ئەوەدا بوو چۆن سەھەند بەو شێوەیە بیبینێت و ئەوەندە بیری لای ئەوە نەبوو كە چۆن لەمەودوا مامەڵە لەگەڵ ژیاندا بكات ..

پرسیاری ئەوەم لێكرد كە ھەڵسوكەوتی ووریا چۆنە لە گەڵیدا؟؟
 
وتی ئێستا زۆر باشە لە گەڵمدا زۆر خەریكم ئەبێت، ئیتر نازانم ویژدانی ئازاری ئەدات یان تەنھا بەزەییەو و ھیچی تر !!!

داوای لێكردم كە چی بكات و چۆن مامەڵە لە گەڵ سەھەند بكات، پێم ووت دووركەوە لێی و بلۆكی بكە، كەسێك لە سەرەتاوە بەو شێوەیە مامەڵەی لە گەڵ كردبێتی، دڵنیابە لەوەی كە كەسێكی باش نییە و لەوانەیە ئەویش ویژدانی ئازاری بدات و ھەست بە زەمب بكات ..

ئارزوو بەڵێنی بە من نەدا كە دوور كەوێتەوە لە سەھەند بەڵام ڕازی بوو بەوەی كە چیرۆكی ژیانی خۆی باس بكات، بۆ ئەوەی وانەیەك بێت بۆ سەدەھا كچ و ژنی وەك ئەو كە لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەكەونە ھەڵەوە و دواتر ھەتا مردن دەبێت خۆیان و خێزانەكانیان باجی بدەن ...

تێبینی /  چیرۆكەكە ڕاستییە و ناوەكان خوازراون و ھەندێك  دەستكاری لە ڕووی داڕشتنەوە كراوە بۆ ئەوەی كەسایەتیەكان نەناسرێنەوە ..