بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا: واشنتۆن دەیەوێت پەیماننامەیەك لەگەڵ تاراندا واژۆبكات

جیهان

19/09/2018‌ 1488 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپـرسی تایبەتی ئەمەریكا بۆ پرسەكانی پەیوەست بە ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت دانوستاندن لەگەڵ ئێراندا بكات بە ئامانجی گەیشتن بە پەیماننامەیەك سەبارەت بە هەردوو بەرنامەی موشەكی بالیستی و ئەتۆمی تاران.

بەپێی دەنگی ئەمەریكا، برایەن هوك، بەرپـرسی تایبەتی ئەمەریكا بۆ پرسەكانی پەیوەست بە ئێران رۆژی چوارشەممە لەمیانی كۆڕێكدا لە ئنستتیوتی هادسن لە واشنتۆن وتی، "ئەو رێككەوتنە نوێـیەی دەخوازین لەگەڵ ئێراندا مۆریبكەین ڕێككەوتنێكی نێوان كەسانی نێو دوو حكومەت نەبێت وەك ئەو ڕێككەوتنەی پـێشوو، بەڵكو پەیماننامەیەك بێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "رێبەرانی ئێران بەلایەنەوە گرنگ نیـیە وتووێژ ئەنجام بدەن، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی ئەمساڵ سەرۆك ترەمپ و مایك پەمپـیۆ، وەزیری دەرەوە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ كاربەدەستانی ئێراندا".

بەرپـرسی تایبەتی ئەمەریكا بۆ پرسەكانی پەیوەست بە ئێران وتیشی، "ئێمە ڕێز لەو بۆچوونەیان دەگرین، بەڵام ئەوە هیچ لە پـلانەكانەكانمان ناگۆڕێت، بەرنامەیەكی سەپاندنی سزامان هەیە وا جێبەجێ دەكرێت و ڕێوشوێنی توندتر وا بەڕێوەن."

جێی ئاماژەیە ڕێكەوتنە ناوكیـیەكەی كۆمەڵی نێودەوڵەتی لەگەڵ ئێراندا لە ساڵی 2015 مۆریكرد، لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەند نەكرابوو، بەڵام هەرچ پەیماننامەیەك ئەنجام بدرێت دەبێت لە لایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندبكرێت.

برایەن هوك لەم بارەیەوە ڕایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی باراك ئۆباما، سەرۆكی پـێشوو نەیتوانی دەنگی پـێویست بۆ پەسەندكردنی ڕێكەوتننامەكە لە ئەنجومەنی سینات بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو دەنگەی بەدەستهێنا. 
ه.م