توركیا لەشەڕی پەكەكە لەهەرێم "پێشێل"ی یاساكانی جەنگی كردووە

کوردستان

20/09/2018‌ 519 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رایگەیاند، كە سوپای توركیا لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی لەهەرێمی كوردستان"پێشێل"ی یاساكانی شەڕی كردووە.

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، راشیگەیاند ئەوان لێكۆڵینەوەیان لەچوار هێرشی سوپای توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان‌و شەڕكردن لەدژی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە، بۆیان دەركەوتووە، تەواوی یاساكانی جەنگیان "پێشێل" كردووە.

هەروەها رێكخراوەكە رایگەیاندووە، كە لەهێرشە ئاسمانییەكانی سوپای توركیا لەهەرێمی كوردستان دژی پەكەكە خەڵكی مەدەنی كوژراون، لەوانە تەنیا لەیەك ناوچە لەئەنجامی بۆردومان شەش ژن‌و پیاو كوژراون.

لێكۆڵینەوەكە لەهێرشەكانی ئەمساڵی سوپای توركیا بۆ ناوچەكانی هەرێمی كوردستان كراوەو رێكخراوەكە جەختیكردووەتەوە، كە سوپای توركیا دەبێت دەستبەرداری ئەو جۆرە هێرشانە ببێت.

سوپای توركیا ماوەیەكە دەستی بەئۆپەراسیۆنی سەربازی لەباكووری كوردستان ‌و هەرێمی كوردستان كردووە، ئەوەش بەبیانووی بوونی گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەو ئۆپەراسیۆنەكەش بەردەوامی هەیە.

هـ ـ ح

بەپەلە