ڕەهەندەكانی پشت لێكتێگەیشتنەكانی نێوان ڕوسیا و توركیا لەسەر ئیدلب

جیهان

22/09/2018‌ 5321 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر 
دوا ڕێككەوتنی نێوان پۆتنی سەرۆكی ڕوسیا و ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەشاری سوچی تایبەت بەوەستاندنی كردە سەربازییەكانی ئیدلب ، جێگەی سەرسامی زۆرێك لەچاودیرانی پرسی سوریا بوو ، بەتایبەتیش كە ئەو ڕێككەوتنە لەدوای پێلێهەڵكێشانەكانی سوریا و هاوپەیمانییەكانییەوە هات ، بەجۆرێك باوەڕی زۆرینەی چاودیران وا بوو كە ئەو كردە سەربازییانە زۆر نزیك بوونەوە ، تایبەتریش دوای شكستهێنانی لوتكە سێینەكەی تارانی نێوان سەركردەكانی ڕوسیا و ئێران و توركیالە سەرەتاكانی سێبتێمبەردا.

پێلێهەڵكێشانی سەربازی 
ماوەی پێش ڕێككەوتنی نێوان ڕوسیا و توركیا سەبارەت بە ئیدلب ، لە زۆر ئاستی جۆراوجۆردا ، پێلێهەڵكێشانێ سوپای سووریا و هاوپەیمانەكانی بەخۆوە بینی كە دیارترین پێنوێنەكانی بریتی بوون لە : 

ڕەتكردنەوەی ئاگربەستی كاتی: 
ڕوسیا و ئێران لە لوتكە سێینەكەدا مكوڕبوون لەسەر ئەنجامدانی كردەی سەربازی لە ئیدلب ، لە بەرامبەریشدا ئەنقەرە داوای ئاگربەستی كاتی كرد و مۆسكۆ و تارانیش بە پاساوی پێویستی لەناوبردنی گروپە تیرۆرستییەكان و پشتیوانی حكومەتی سووریا ڕەتیان كردووە.

 شكستهێنانی كۆششە نێودەوڵەتییەكان: 
هەموو كۆشش و هەوڵە نێودەوڵەتییەكانی نێوان هێزە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان بۆ چارەسەری تەنگژەی ئیدلب هەرەسیان هێنا و بەدەردی كۆششە چڕوپرەكانی ڕوسی و ئەمەریكی و كۆبوونەوەكانی بەرپرسانی كۆمەڵەی حەوتیینەكەی ( ئەمەریكا ، بەریتانیا ، فەڕەنسا ، توركیا ، ئەردەن ، میسر و سعودیه) ‌تایبەت بە سووریا چوون.

 پیلێهەڵكێشانی سەربازی: 
هاوشان لەگەڵ ڕەتكردنەوەی ئاگربەست ، هێزەكانی سوپای سووریا لە دەووروبەری ئیدلب بڵاوەیان پێكرا ، ئەمە سەرباری بومبارانكردنی ئاسمانی ڕوسی و سووری چڕوپڕی گروپە تیرۆرستییەكان لەو شارەدا ، ئەمەش وایكرد وا دەركەوێت كە هێرشێكی سەربازی زووبەزوو له لایەن سووریا و هاوپەیمانەكانی لە‌ ئارادایە.

هەڕەشەكانی ڕۆژئاوا: 
جەختكردنەوەی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەر‌یكا و دەوڵەتە ڕۆژئاواییەكان‌ سەبارەت بە ڕەتكردنەوەی هەر كردەیەكی سەربازی لە ئیدلب ، دەستیشیان كرد بە بڵاوەپێكردنی هێزە سەربازییە دەریایی و ئاسمانییەكانیان لە ڕۆژئاوای دەریای ناوەڕاست ، ئەمە جگە لە هەڕەشەی ‌گەورەی‌ بەرپرسانی ئەمەریكا و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا دژ بە سووریا ، بەوەی لە ڕووی سەربازییەوە دەیكەنە ئامانج بەو پاساوەی ڕژێمی سووریا ئامادەباشی كردووە بۆ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی لە ئیدلب.

گۆڕاوە توركییەكە:
لوتكە ڕوسی توركییەكە وەك گۆڕاوێكی تازە هاتە ناو گۆرەپانەكەوە و بووە هۆی گۆڕینێكی لەناكاو لە هەڵوێستی ڕوسیا لەهەمبەر ئیدلبدا ، ئەم لوتكەیە ڕێككەوتنێكی چەند خالی سەبارەت بە ئیدلب لێكەوتەوە و لەوانەش : 

وەستاندنی كردە سەربازییەكان: 
لەسەر ئەوە رێككەوتن كە بژاردەی سەربازی دووبارە كۆنتڕۆڵكردنی ئیدلب دوابخرێت ، ناوچەیەكی خاڵی لە چەكیش لە نێوان هێزەكانی سوپای سووریا و گروپە تیرۆرستییەكان بە قوڵایی 15 بۆ 20 كیلۆمەتر دروست بكرێت و ئەو ناوچەیەش خاڵی بكرێت لە ڕێكخراوە چەكدارەكان و جەنگاوەرەكانیشیان ببرێنە سەر سنوری توركیا. ڕووبەری ئەو ناوچە لە چەك داماڵراوەش لە نیوەی ڕووبەری ئیدلب و دەوروبەری زیاترە. 

لە مەشیاندا ئاماژە بۆ لێدوانەكەی 18 ی سێبتێمبەری"سیرگیو شیگۆ" ی وەزیری بەرگری ڕوسیا دەكرێت كە تیایدا جەختی لەوە كردووە كە ڕێككەوتن لەگەل توركیا سەبارەت بە ئیدلب ماوەیەكی زەمەنی پێ دەدرێت تا بەرواری 15 ی ئۆكتۆبەری ئایندە ، ئەمەش بۆ كێشانەوەی سەرجەم چەكە قورسەكان لە ناوچە لەچەك داماڵدراوەكه.

  بڵاوەپێكردنی هێزە هاوبەشە گەڕۆكەكان: 
هەردوو لای ڕوسی و توركی لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كە هێزی هاوبەشی گەڕۆكیان هەبێت لە تەواوی ناوچەكانی كەمكرنەوەی پشێوی و دامەزراندنی خاڵی هاوبەشی جێگیر و گەڕۆك بۆ ڕوس و توركەكان لەسەر سنور و ناو ناوچە لە چەك داماڵدراوەكان.

كۆنتڕۆلكردنی ڕێگا سەرەكییەكان لە لایەن ڕژێمی سووریا:
 ڕێگە سەرەكیییەكانی نێوان ئیدلب لە لایەك و حەما و حەلەب و لازقیە لە لایەكی ترەوە دەكەونە ژێر كۆنتڕۆلی حكومەتی سووریاوە.

هەڵوەشاندنی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان لە لایەن توركیاوە: توریكا ئەركی هەڵوەشاندنی بەرەی نوسڕەی سەر بە قاعدە دەگرێتە ئەستۆ و دەبێت دواتریش كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانی دیكە بكات. لێرەشدا ئاماژە بۆ لێدوانەكەی مەولود چاوش ئۆگڵۆی وەزیری دەرەوەی توركیا دەكرێت كەوا بە گوێرەی ڕێككەوتننامەی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەڕە سەبارەت بە ئیدلب ، ڕوسیا ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ ڕێگرتن لە هێزەكانی حكومەتی سووریا بۆ چوونە ناو ناوچەی لە چەك داماڵدراو بە درێژایی هێڵەكانی نێوان ئۆپۆزسیۆنی چەكدار و هێزە حكومییەكان ، هەردوو دەزگای هەواڵگری توركیا و روسیاش سەبارەت بە چارەنووسی گروپە تیرۆرستییەكانی ئیدلب گفتوگۆدەكەن.

دەستكەوتی جۆراوجۆر:
دەكرێت وا لێكدانەوە بۆ دوا ڕێككەوتننامەكەی نێوان ڕوسیا و توركیای تایبەت بە ئیدلب و ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانی بكرێت كەوا لایەنی كەمی بەرژەوەندی هەموو لایەنەكان دەستەبەر دەكات كە دەكرێت بەم شێوەیە وورد بكرێتەوە:

دابینكردنی ئاسایشی بنكە سەربازییەكانی ڕوسیا: ڕوسیا زۆر دەستكەوتی لەو ڕێككەوتننامەیەوە‌ دەستكەوت ، سەرباری دوو داشكاندنی گرنك بۆ توركیا كە یەكەمیان  ڕاگرتنی كردە سەربازیەكەی ئیدلب بوو ، دووەمیشیان تێگەیشتنی ڕوسیا بۆ مەترسیداری ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان كە بەلای توركیاوە ڕێكخراوە كوردییەكانیش دەگرێتەوە ، بەڵام لە بەرامبەردا مۆسكۆ سەركەوتنێكی گەورەی بەدەستهێنا كە ئەركی هەڵوەشاندنەوەی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان و داماڵینی‌ چەكە قورسەكانیانی خستە ئەستۆی توركیا ، ئەم هەنگاوەش لە توانایدایە پشكداری بكات لە دابینكردنی ئاسایشی بنكەی حومەیمیم و بەندەری سەربازی لە تەڕتوس.

وەپێشخستنی چارەسەری سیاسی: ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و لەسەر زاری سەرۆكی دەزگای هەواڵگرییەكەیەوە دەستخوشی لەو ڕێككەوتننامەیە كرد ، واشنتۆن فشاری زۆری كرد بۆ گەیشتن بەو ڕێككەوتنە و وەستاندنی كردە سەربازییەكان لە ئیدلب و كردنەوە دەروازەیەك بە رووی چارەسەری سیاسی بۆ ململانێی سووریا و كاراكردنی لیژنەی دەستوری و داڕشتنی دەستوریكی تازە بۆ سووریا و ئامادەكاریش بۆ قۆناغی ڕاگزەری. ئۆپۆزسیۆنی سووریا و یەكیەتی ئەوروپا و نێردەی نێونەتەوەیی بۆ تەنگژەی سووریاش دەستخۆشیان لەو ڕێككەوتنە كرد.

خۆپاراستن لە بەیەكدادان لەگەڵ ڕۆژئاوا: ئێران دەستخۆشی لە ڕێككەوتننامەكە كرد و واش وەسفی كرد كە بەرئەنجامی دبلوماتكارییەكی بەرپرسانەیە ، هەر لەم ڕووەشەوە ئاماژە بۆ ئەوە دەكرێت كە تاران لە پێش ئەو ڕێككەوتننامەش ڕایگەیاندووە كە بەشداری لە كردە سەربازیەكەی ئیدلب ناكات ، ئەمەش دەكرێت وەك ئارەزوومەندی تاران لێكبدرێتەوە بۆ كەمكردنەوەی ئەگەرەكانی بەیەكدادان لەگەل ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دەوڵەتە ئەوروپییەكاندا لە رێگەی بە بەدەنگەوەهاتنی بۆ هەوڵەكانیان بە ئەنجام نەدانی ئەو كرده سەربازییە و دواتریش وەبەرهێنانی تێدا بكات لە باشتركردنی پەیوەندییەكانی لەگەل ئەو دەوڵەتانەدا. 

لەقاڵبدانی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان: ڕژێمی سووریاش دەستخوشی لەو ڕێككەوتننامە كرد بەو پێیەی چالاكی ڕێكخراوە تیرۆرستییەكان سڕدەكات و ڕێگەش بە بە چوونە ناوەوەی هێزە  دەدات كە وەك پاریزەری ئاسایش بێنەناوەوە بۆ دەستەبەركردنی جوڵەی نێوان شارە سەرەكییەكان ئیدلب و ئاسایشی شاری لازقییە كە لە لایەن ڕێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە كرابۆ ئامانج ، ئەمە جگە لەوەی ڕێگەش به چوونە ناوەوەی ئیدارەی مەدەنی حكومەت دەدات بۆ ڕێكخستنی ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان لە ناو ئیدلب.

پاراستنی ئەوروپا لە تیرۆر: پەیوەندییە ڕۆژئاواییەكان سەربارەت بە ئیدلب چەند ڕاستییەك دەردەخەن كە گرنگترینیان ڕەتكردنەوەی ڕۆژئاوایە بۆ قۆزتنەوەی كردە سەربازییەكەی ئیدلب بۆ بنەبڕكردنی ڕێكخراوە تیرۆرستەكان ، چونكە هەر كردەیەكی سەربازی لەوانەیە ببێتە هۆی پاڵنەرێك بۆ ئەو ڕێكخراوانە یان هەندێك لە ئەندامەكانیان كە كۆچ بكەن بۆ ئەوروپا و كردەی تیرۆرستی تێدا ئەنجام بدەن. مەترسییەكانی ئەوروپا لەو ڕێكخراوانە لە زیادبووندان و مەزندەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە ژمارەی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییانە لە ئیدلب لە نێوان 80 بۆ 100 هەزار كەسدان ،  گەورەترینیشیان ڕێكخراوی بەری ئازادكردنی شامە " نوسڕه پێشوو‌" ی سەر بە قاعیدیە كە لە ئیدلب و لە ناوچەكانی هێڵی بەریەكەوتن لەگەل سو‌پای سوریادا بوونیان هەیە ، هەمان ئەو سەرچاوانە جەخت لەوەش دەكەنەوە كه ‌ نزیكەی 20  هەزار تیرۆرستی بیانی لە (ئیدلب) ن كە 2000  لە جەنگاوەرانی (ئیجور) ن واتە (پارتی توركستانی چینی) ، نزیكەی 3000 جەنگاوەریش خەڵكی كۆمارەكانی یەكیەتی سۆڤیەتی‌ پێشوون‌ بە تایبەتیش شیشانین ، ئەمە سەرباری بوونی توركمان و گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا.

دەستكەوتی قۆناغی 
 سەرباری بەشدارینەكردنی شاندی ڕژێمی سووریا لەدوا گفتوگۆكاندا ، چ لە لەتكەی سێینەی ئاستانە یان لوتكەی دووقوڵی لە سوتشی كە ئایندەی ئیدلبی دیاریكردووە ، بەڵام ڕژێم دەستكەوتی ڕوون و بەرچاوی دەست كەوتووە و خۆشی لە بەرەنگاربوونەوەی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و دەوڵەتە ئەوروپییەكان پاراست‌ كە بەدوای ئەوەوە بوون گورزێكی سەربازی ئاراستەی ئامانجە سەربازییەكانی سوریا بكەن.

ئەم ڕێككەوتنە بەردەوامی بەوەشدا كە ڕوسیا زۆرینەی كارتەكانی هەژموون و فشاری ململانێی سووریای لەبن دەستدا بمێنێتەوە  و مۆسكۆش لێهاتووانە وەبەرهێنانیان تێدا دەكات ، چ ئەو كارتانە‌ی پەیوەست بن بە یەكلاییكردنەوە خودی ململانێكە یان كارتی سازشكردنبن لەگەڵ هێزە هەرێمیە پەیوەندیدارەكان و بە تایبەتیش ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەر‌یكا و دەوڵەتە عەرەبییەكان.

لە ڕوویەكی دیكەشەوە ، زۆر نیشانەی پرسیار هەن سەبارەت بە بوونی توركیا لە باكوری سووریا و بە تایبەتیش دوای ئەوەی 15 گوندی ئیدلبی داگیرد ، چاوەڕێی ئەوەش دەكرێت كە دوا ڕێككەوتننامەكەی ڕوسیا و توركیا پشكداری بكات لە هێوركردنەوەیەكی ڕێژەیی بارودۆخەكە لە نێوان توركیا و ئەمەریكادا و بە تایبەتیش كە بێ هیچ دوودڵی و گومانێك ئەنقەرە هەوڵی قۆزتنەوەی ئەو دۆخە دەدات وەك دەروازەیەك بۆ چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەل واشنتۆن.

هەرچی ئێرانیشە ، لە ماوەی ئایندەدا و بە شێوەیەكی بەربڵاو ، هەوڵی دابینكردنی بەرژەوەندی سەپاندنی هەژموونی خۆی دەدات لە سووریادا ،  بە تایبەتیش لە دوای ئەو ڕێككەوتننامە سەربازیەی لەگەل حكومەتی سوریادا واژۆی كردووە و بە گوێرەی ڕێككەوتننامەكەش ڕێگەی پێ دەدرێت لە دوای تەنگژەكە ڕۆڵی سەربازی هەبێت لە سووریادا ، هەروەها لە ڕێگەی ڕۆڵی هەڵكشاوی كۆمپانیا ئێرانییەكانەوە بۆ قۆناغی دووبارە بنیاتنانەوە ، ڕۆلی ئابووری خۆی پەرە پێبدات.

پوختەی قسەش ئەوەیە كە ئم یەكلاییكرنەوە قۆناغبەندییە سەركەوتوو بوو لە بەدەستهێنانی لایەنی كەمی بەرژەوەندی لایەنە ململانێكارەكان ، بەڵام سەبارەت بە هەلی سەركەوتنی بەردەوامی جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتننامەیە پرسیار دەورژێنێت ، بە تایبەتیش لەوەی پەیوەستە بە گروپە تیرۆرستییەكانی باكوری سووریاوە و ئەو پەناگا جێگرەوانەی لە ئایندەدا پەنای بۆ دەبەن.    
    

بەپەلە