توركیا بەئازادكردنی قەشە ئەمەریكییەكە تۆمەتەكانی كودەتا سەربازییەكە پوچەڵدەكاتەوە

جیهان

28/09/2018‌ 6185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
ڕۆژنامەی (وڵستریت جۆڕناڵ) لەزاری یەكێك لە بەرپرسە توركییەكان سەبارەت بە كێشەی ( ئەندرۆ بڕۆنسۆن) ی قەشە ئەمەریكاییەكە، كە ئێستا لە توركیا بەند كراوە و هەڵایەكی گەورەشی لەنێوان ئەنقەرە و واشنتۆن ناوەتەوە دەڵێت: لەوانەیە لە دانیشتنە دادگایەكەی 12 ی ئۆكتۆبەر ئایندە ئازاد بكرێت. 

ئەو بەرپرسە توركییە ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە، كە كارێكی لەم جۆرە گرنگە بۆ نەهێشتنی ئەو فشارانەی واشنتۆن لەسەر ئەنقەرە دروستیكردوون ، ئەم ڕاپۆرتەش لە لایەن (دایڤید جۆسێر ڤیلاس) سەرۆكی نووسینگەی توركی ڕۆژنامەكە و (دیۆن دیسان باوم) ی پەیامنێری واشنتۆن ئامادەكراوە و پێشیان وایە ئەم هەنگاوە گرژییەكانی نێوان توركیا و ئەمەریكا كەم دەكاتەوە.

ئەوەشیان ڕوونكردووەتەوە ، كە گرفتە ئابوورییەكانی سەر توركیا هۆكاری ڕاستەقینەی پشت ئەو بڕیارە چاوەڕوانكراوەن، كە دوو ڕۆژنامەنووسەكە وتووشیانە، بەرپرسە ئەمەریكاییەكان لەگەڵ توركیا گەیشتوونە ڕێككەوتنێك، كە قەشەكە ئازاد بكەن.

دەسەڵاتدارانی توركیا لە 9 ی دیسەمبەری 2016 ئەو قەشەیان دەستگیر كرد ، بەڵام‌ بە هۆی  گرفتە تەندروستییەكانییەوە لە 25 ی تەمووزی 2018 بڕیاری ئازادكردنی مەرجداری بەسەردادرا بێ ئەوەی بێتاوان بكرێت لەبەرانبەر ئەو تۆمەتانەی دراونە پاڵی و خرایە ژێر نیشتەجێبوونێكی زۆرەملێشەوە.

ئەم گیران و نیشتەجێكردنە زۆرەملێیە تەنگژەیەكی دبلۆماسی لەنێوان توركیا و ئەمەریكادا هەڵگیرساند ، ئەمە سەرباری ناكۆكی دیكەی نێوانیان لەسەر دۆسییەی جۆراوجۆرو و بە تایبەتیش دۆسیەی سوریا.

واشنتۆن لەوەرزەی هاویندا چەندەها سزای بەسەر توركیادا سەپاندو توركیاش بەهەمان شێوە وەڵامی دایەوە ،  دواتریش ئەو سزایانەی ئەمەر‌یكا بوونە هۆی ‌داڕمانی لیرەی توركی لە مانگی ئۆگۆستوسدا.

پارتی گەلی كۆماری ئۆپۆزسیۆنیش لە توركیا ڕایگەیاند، قەشە ئەمەریكاییەكە ئازاد دەكرێت و دەگەڕێندرێتەوە وڵاتی خۆی، هەرچی شارەزا و پسپۆڕە توركییەكانیشن پێێان وایە، كە ئازادكردنی برنسۆن واتای پوچەڵبوونەوەی هەموو ئەو تۆمەتانەیە، كە پەیوەستن بەداوا دادوەرییەكانی تایبەت بەهەڵگەڕانەوە سەربازییەكەی پێشوو‌، چونكە حكومەتی توركیا ئەو قەشەی بەوە تۆمەتبار كردبوو، كە خاڵی پەیوەندیی نێوان هەڵگەڕاوەكان بووە.

لای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا (مایك بۆمبیۆ) ئومێدەواری خۆی دەربڕی، كە توركیا بەم نزیكانە قەشە ئەمەریكاییەكە ئازاد بكات، كە  لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و لە وەڵامدانەوەی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە دەنگۆی ئازادكردنی قەشەكە بۆمبیۆ وتی "لەوانەیە ئەم مانگە برنسۆن ئازاد بكرێت و واش پێویست بوو مانگی پێشوو ئازاد كرابایە‌". و

هەروەها وتیشی: لەگەَل توركەكان قسەمان كردووە و ئەوانیش دەزانن چیمان دەوێت. جەختیشیكردەوە كە دەبێت توركیا یەكسەر قەشە برنسۆن و گیراوە ئەمەریكاییەكانی دیكە لە توركیا ئازاد بكات.