ئەردۆغان داوای گۆڕانكاری‌و چاكسازی لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات

جیهان

29/09/2018‌ 1360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: حلمی رەسول رەزا
لەم هەفتەیەدا، سەركردەكانی جیهان لە بارەگای نەتەوەیەكگرتوەكان كۆدەبنەوە بۆ گۆرینەوەی سەرەنجەكانیان سەبارەت بەو كێشە مرۆییەكان. 

بابەتی سەرەكی كۆبونەوەكانی ئەم ساڵ دەربارەی "نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتوەكانە بۆ سەرجەم لایەنە جیاوازەكان"، ئەمەش ئەو ئاڵینگارە راستەقینانەیە كە روبەروی ئەو ریكخراوە دەبێتەوە. لەگەڵ ئەو كارە نارەحەت و سەختانەی كە فەرمانبەرەكانی لە رێگەی ژمارەیەكی زۆر لە دەزگا جیاوازەكانیەوە ئەنجامی دەدەن، بەڵام رێكخراوەكە لە كێشەیەكی بێ متمانەیی وا دایە كە تاكو ئێستا وێنەی نەبوە.

لە راستیدا، هۆكاری سەرەكی بۆ ئەم بێ متمانەییە سەركەوتونەبونی ئەنجومەنی ئاسایشە لە پەیوەست بوون بەو بەڵێنانەی داوێتێ بۆ هێنانەدی ئاشتی و ئاسایش لە جیهان. هەر لە بۆسنەوە بگرە تا دەگاتە سوریاو یەمەن و فەلەستین، هیچ دامەزراوەیەك و ناوەندی بڕیارێك لە نەتەوە یەكرگرتوەكان نەیتوانیوە رێگا لەو ئابڕوچون و كەسانە بگرێت كە تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

لەبەرچاوی نەتەوە یەكرگرتوەكاندا رژیمە داپلۆسێنەرەكان لە سەرتا سەری جیهاندا چەكی تەقلیدی و وێرانكەریان دژی مەدەنیەكان بەكارهێناوە، تا رادەی كۆمەڵكوژی بەبێ ئەوەی روبەروی هیچ سزایەك ببنەوە. ئەمەو سەرەرای برسی بون و هەژاری كە بەرۆكی ملیۆنەها مناڵی بێ تاوانی گرتوە، هەروەك توركیاش ئاگادارە رێكخراوەكە هیچ هەنگاوێكی نەناوە بە ئاراستەی باش كردنی ژیانی ئاوارەكان، لەگەل ئەوەی پێویست بوو ئەم رێكخراوە دڵی زیندوی مرۆڤایەتی بوایە، كەچی لە رووداوەكانی جیهان زۆر بێ هەڵویستەو گوێی پێ نادات.

ئەوانەی رەخنە لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەگرن بەوەی كە پێویستە چی بكات ؟ دابەش دەبن بۆ دوو بەرە: یەكەمیان ئەو وڵاتانەیە لە نمونەی توركیا و ئەڵمانیا، ئەمان دەیانەوێ كێماسیەكانی بەرەو چاك بوون بەرن. 

هەرچی بەرەی دووەمە تەنها ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمەریكا دەگرێتەوە، ئەم وڵاتە دەیەوێ خاڵە لاوازەكانی بقۆزێتەوە بۆ لاواز كردنی سیستەمی نێودەوڵەتی. باشترین نمونەش، ئەو بڕیارە بوو كە سەرۆكی ئەمەریكا بە كشانەوە لە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤی سەر بەنەتەوە یەكگرتوەكاندا دای و پاشان كشانەوە لە یونسكۆ، و بریاری كەمكردنەوەی هاوكاری تەرخانكراو بۆ "ئۆنروا". رۆژهی سێ شەممەش هەڵوێستەكەی خۆی لە كۆمەڵەی گشتیدا وەسف كرد بەوەی " سیاسەتێكی واقعی و مەبدەئیە".

لە كاتێكدا جیهان پێویستی بە سەركردەی جیهانی هەیە، گرنگ ئەوەیە نەتەوە یەكگرتوەكان پەرەی پێ بدرێ نەوەك وێران بكرێت، لە كاتێكدا زلهێزەكان نایانەوێ لێپرسراوێتی هەڵبگرن، و هەندێكی تریان پەیوەست نین بە سودەكانی سیستەمی نێو دەوڵەتی و چاكسازی، هەندیكی تریشان لە نمونەی ئەمەریكا زیان بە فرەجۆری دەگەیەنن لە رێگەی هەنگاوی تاكڕەوانەوە، بۆیە پێویستە سەرلەنوێ پێناسەی سەركردایەتی جیهان بكرێتەوە.

لە ژێر رۆشنایی زانیاریەكانی سەرەوە، پێویستە رێگە لە مۆنۆپۆل كردنی ژمارەیەكی كەم لە ولاتان بگیرێت و سەركردایەتی كۆمەڵی بەهێز بكرێت لەو وڵاتانەی كە دەیانەوێ روبەروی ئاڵینگارە سەرەكیەكانی جیهان ببنەوە. ئەگەر زانرا زلهێزەكان نایانەوێ یان ناتوانن هەڵس و كەوت بكەن، پێویستە لەسەر ژمارەیەك لە وڵاتان لە ژێر چەتری نەتەوەیەكگرتوەكان یاخود رێكخراوی تر، ئەوەی پێویستە ئەنجامی بدەنو توركیاش یەكێك دەبێت لەو ولاتانە.

لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا، ئەنقەرە رۆشنایی خستۆتە سەر ئەو كێشانەی كە چاوی لەسەر داخرابوو، لە ساڵی 2013، توركیا جەختی لەوە كردەوە كە جیهان گەورەترە لە پێنج دەوڵەت، وەكو ئاماژەیەك بۆ پێنج ئەندامە هەمیشەییەكەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێو دەوڵەتی. بە گشتی توركیا هۆشداری ئەوەی داوە كە نەتەوە یەكگرتوەكان بە كێشەی بێ متمانەییدا تێدەپەڕێ، و هەمو لاشی ئاگاداكردۆتەوە بەوەی پێویستە هەنگاو بنرێ بۆ زیاتر بە دیموكراتی كردن و دادگەری لە رێكخراوەكەدا و زیاتر كرانەوەی بە رووی هەمواندا. ئێستاش داوا لە وڵاتان دەكەم ئەندامەتی هەمیشەیی لە ئەنجومەنەكەدا هەڵبوەشێنرێتەوە و ژمارەكەی بگاتە 20 ئەندام و لەسەر یاسای نوێ سەرجەم ئەو ئەندامانە مافیان هەبێت سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە بكەن.

لەگەڵ ئەوەی توركیا هێزێكی سەربازی و ئابوری گەورە نیە، بەڵام وەك هێزێكی جیهانی دەركەوتوە، بە شێوەیەك بۆتە بەشێك لە چارەسەر لە عیراق و سوریا و هەندێ ناوچەی تر لە جیهان. لە ئێستاشدا بۆتە جێگای كۆبونەوەی 4 ملیۆن ئاوارە، لەوانە 3.5 ی خەڵكی سوریان و لەهەمان كاتدا یەكێكە لەو ولاتانەی زۆرترین هاوكاری مرۆیی پێشكەش دەكات لە جیهاندا.لەلایەكی تریشەوە لەسەر رێكخراوەكانی كۆمەلگەی مەدەنی پێویستە رۆڵی خۆیان ببیننو بەوەی كێشەی ئاوارەیی و مرۆیی زۆر لەوە گەورەترە تەنها لە رێگەی نەتەوە یەكگرتوەكانەوەی چارەسەر بكرێت.

لە دۆخێكدا هێزە جیهانیەكان دەستی هاوكاری درێژ نەكەن، لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستە رێگە بە خۆی بدات چاكسازیەكی گشتگیر لە ناو رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكاندا ئەنجام بدات، بروامان وا نییە ئێمە پێویستمان بە هەڵوەشانەوەی سیستەمی ئێستا هەبێت لە پێناو بنیاد نانی سیستەمێكی نێودەوڵەتی گونجاو. پێیوستە لەسەر سەرجەم لایەنەكان لە هەموو جیهان ئاوڕ لە یەكتری بدەنەوە و هەنگاوی پێویست بنێن بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری بۆ هەموو مرۆڤەكان. لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە لەسەر كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان زۆر زیاتر بێت لەوەی تەنها خوێندنەوەی وتاری سەرۆكەكانی جیهان و جێگای سكاڵا كردن بێت. لە ماوەی ئەمساڵدا پێویستە بنەما بۆ سیستەمی نوێی نەتەوە یەكگرتوەكان دابنرێت.

سەرچاوە: گۆڤاری " فۆرین بۆلیسی"