چاویان لەپۆستی سەرۆك وەزیرانی هەرێمە
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاگری مللانێكانی نێوان نێچیرڤان‌و مەسرور خۆش دەكات

کوردستان

29/09/2018‌ 7766 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: هونەر حەمەڕەشید
ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئاگری مللانێكانی نێوان نێچیرڤان‌و مەسرور خۆش دەكات، كە هەردووكیان چاویان لەپۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە.

لەناو حیزبەكانی‌ كوردستاندا هیچ حیزبێك هێندەی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەناوخۆیدا تۆكمە نییە، بەڵام هیچ گەرەنتییەك نییە پاش پاشەكشەی‌ مەسعود بارزانی‌ سەرۆكی پارتەكەو ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەیلوول ئەو حیزبە ئاوها یەكدەست بمێنێت.

لەنەریتی‌ سیاسەتكردندا لەكوردستان واباوە، كە هەموو هێزە سیاسییەكان تووشی‌ پەتای‌ باڵباڵێن دەبن‌و دەبن بەچەند كەرتێكەوە، بەڵام پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەدەگمەن ئەم نەخۆشییەی‌ گرتووە، رەنگە نهێنییەكەش ئەوە بێت لەسەرەتاوە وەك حیزبێكی‌ بنەماڵەیی‌ هاتووەتە ئاراوەو دەسەڵات لەباوكەوە بۆ كوڕ گواستراوەتەوە.

بۆ نزیكەی‌ چل ساڵ دەچێت، بەدیاریكراوی‌ لەساڵی‌ 1979وە مەسعود بارزانی‌ لەهەرەمی‌ دەسەڵاتی‌ پارتیدایەو توانیوییەتی‌ مەركەزییەتی‌ ئەو حیزبە بپارێزێت، بەڵام لەمساڵانەی‌ دواییدا ململانێیەكی‌ ژێر بەژێر لەنێوان مەسرور بارزانی‌ كوڕی‌‌و نێچیرڤان بارزانی‌ برازایدا هاتووەتە ئاراوەو لەسەروبەندی‌ ریفراندۆمەكەی‌ ئەیلولی‌ پاریشەوە هێڵەكانی‌ ئەو ململانێیە روونتر دەكەون.

پێش ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم، هەر شاندێكی‌ عێراقی‌‌و بیانی‌ سەردانی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ بكردایە لەگەڵ مەسعود بارزانی‌ كۆدەبوونەوە، هەروەها هەر شاندێكی‌ فەرمی‌ هەرێم بچوایەتە بەغدا، یان وڵاتانی‌ جیهان، مەسعود بارزانی‌ سەرۆكایەتی‌ دەكرد، بەڵام لەمانگی‌ تشرینی‌ دووەمی‌ ساڵی‌ پارەوە لەوەتەی‌ مەسعود بارزانی‌ دەستی‌ لەپۆستی‌ سەرۆكی‌ هەرێم كێشاوەتەوە، هەردوو ئامۆزاكە جۆرێك لەململانێیان هەیە بۆ شوێنگرتنەوەی‌ "بارزانی‌ گەورە".

بەپێی‌ ئەو یاسایەی‌ لەپەرلەمانی‌ كوردستانەوە دەرچووە، بەشی‌ هەرە زۆری‌ دەسەڵاتەكانی‌ مەسعود بارزانی‌ گواسترانەوە بۆ سەرۆكی‌ حكومەت، كە ئێستا نێچیرڤان بارزانی‌ لەو پۆستەدایە، كە چاوی لەوەیە جارێكی ترو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.

بەڵام رەنگبێت نێچیرڤان بارزانی نەتوانێت‌ ئەو ویستەی بەئاسانی بەدەستبهێنێتەوە، چونكە جگە لەوەی‌ لەحیزبەكانی‌ دیكە نەیاری‌ زۆرن، لەناوخۆشدا بەر دیواری‌ مەسرور بارزانی‌ ئامۆزای‌ دەكەوێت، كە سەرۆكی‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو هەموو سەرەداوەكانی‌ ئەمنییەتی‌ كوردستانی‌ بەدەستەو ئێستا چاوی لەسەر لەكابینەی نوێ‌ ببێت بەسەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان.

ململانێی‌ نیمچە دیاری‌ ئەم دوو كاراكتەرەی‌ پارتی‌ شتێكی‌ تازە نییە، بەڵام لەدوای‌ پاشەكشەی‌ بارزانییەوە،، كە دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بوو ئەگەری سەرهەڵدانەوەی‌ بەهێزترە، بەتایبەتی زانیارییەكان باس لەوە دەكەن، كە "بارزانی گەورە" پشتگیری كوڕەكەی دەكات‌و دەیەوێت لەكابینەی داهاتوو ببێتە سەرۆك وەزیران.

نێچیرڤان بارزانی‌ ئێستا سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستانەو لەناو حیزبەكەشدا جێگری‌ سەرۆكی‌ پارتییە، هەرچی‌ مەسرور بارزانییە، راوێژكاری‌ ئەنجوومەنی‌ ئاسایشەو ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ ئەو حیزبەیە، ئەم دوو كەسایەتییە لەناو حیزبەكەیان‌و دەرەوەی‌ ئەو حیزبەش هێزو دەسەڵاتێكی‌ زۆریان هەیەو زەحمەتە لەئێستادا بتوانرێت باڵادەستی‌ یەكێكیان بەسەر ئەوی‌ دیكەیاندا دەربخرێت، تا ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یەكلانەبێتەوە.

دەسەڵاتەكانی دوو ململانێكارەكەی ناو پارتی
لەسەر ئاستی‌ میدیا نێچیرڤان بارزانی‌ خاوەندارێتی‌ كەناڵی‌ تەلەفزیۆنی‌ (رووداو) دەكات، كە گەورەترین كەناڵی‌ كوردییە، ئەمە جگە لەهەفتەنامەو دەزگای‌ رۆشنبیری‌ دیكەش، لەبەرامبەردا مەسرور بارزانی‌ خاوەنی‌ كەناڵێكی‌ دیاری‌ وەك (كوردستان 24) دەكات دیسانەوە لەگەڵ هەفتەنامەو چەند ناوەندێكی‌ میدیایی‌‌و رۆشنبیری‌ دیكە.

زانكۆی‌ كوردستان هی‌ نێچیرڤان بارزانییەو زانكۆی‌ ئەمەریكی‌ لەدهۆك هی‌ مەسرور بارزانییە، نێچیرڤان بارزانی‌ "دەزگای‌ روانگەی‌" خێرخوازی‌ هەیەو مەسرور بارزانیش خاوەنی‌ "دەزگای خێرخوازی بارزانی"یە.

بۆ هەموو سێكتەرو بوارەكانی‌ دیكەش بەم شێوەیەیە، بەڵام رەنگە دیارترینیان ئاستی‌ ئەمنی‌‌و سەربازی‌ بێت، كە لەمەیاندا مەسرور بارزانی‌ باڵادەستتر دەنوێنێت، چونكە مەسرور بارزانی‌ دەسەڵاتی‌ بەسەر دەزگاكانی‌ ئاسایش‌و دژەتیرۆری‌ كوردستان‌و هێزەكانی‌ زێرەڤانی‌‌و بەشێكی‌ زۆر لەلیواكانی‌ یەكەی‌ هەشتای‌ سەر بەپارتی‌ هەیەو نێچیرڤان بارزانیش لەرێگەی‌ رەوان ئیدریس بارزانی‌ برایەوە دەسەڵاتی‌ بەسەر چەند لیوایەكی‌ پێشمەرگە هەیە.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هەر لەسەرەتاوەو لەدیاریكردنی كاندیدەكانی پارتی دیموكرات ئەو ململانێیە بەروونی بینرا، كە بەشێك لەكاندیدەكان لەلایەن مەسرور بارزانییەوە پشتگیری دەكراو پێچەوانەی ئەوەش بەشێكی تر لەكاندیدەكان نێچیرڤان بارزانی پشتگیری دەكردن، ئێستاش كار بۆ ئەوە دەكەن، هەریەكێكیان زۆرترین كاندیدیان بەرنە پەرلەمانی كوردستان.

ماوەتەوە بوترێت، هەرچەندە مەسعود بارزانی لەئاستی هەرێم هیچ پێگەیەكی فەرمی نییە، بەڵام لەبڕیاری سیاسی دوورنەكەوتووەتەوەو لەناوخۆی حیزبەكەشی بڕیاری یەكلاكەرەوەی دەبێت، بۆ ئەوەی بڕیاربدات، كە لەو دوو بارزانییە بكاتە سەرۆك وەزیرانی داهاتووی هەرێم.