مەرجی واشنتۆن بۆ ‌جێهێشتنی سوریا "كوردەكان بەرامبەر هەژموونی ئێرانی"

مەلەفی تایبەت

05/10/2018‌ 7403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێرانی: لوقمان حاجی قادر

ئەمە ناونیشانی ئەو ووتارەیە كە (ئیگۆر سپۆتین) لە ڕۆژنامەی (نیزافیسیمایا گازیتا) سەبارەت بە نیازی واشنتۆن بۆ مانەوەی هێزەكانی لە باكوری سووریا نووسیویەتی.

لە ووتارەكەدا هاتووە : كە ئەمەریكا جارێكی دیكە ، پێداچوونەوە بە ستراتیژی خویدا دەكات لە سوریادا. ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستیش لە دەرئەنجامی لێدوانەكانی نوێنەرانی ئیدارەی سەرۆكایەتییەوە  سەبارەت بە پرسی مانەوەیان لە سوریا ئەوەی هەڵكراندووە كە ئەمەریكا پێگەی خۆی لەو ووڵاتە فراوانتر دەكات تا ئەو كاتەی شەڕی ناوخۆ بە تەواوی لەو ووڵاتە كۆتایی دێت.

ڕۆژنامەكە ووتەكانی (جیمس جیفری) نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكای گواستۆتەوە كە ووتوویەتی : سەرۆك دەیەوێت لە سوریا بمانبینێت تا ئەو كاتەی تەو‌اوی ئەو مەرجانە جیبەجێ دەبن كە ئەمەریكا دەیەون... بێگومان لە نێو ئەو مەرجانەشدا سنورداركردنی چالاكییەكانی ئێران لە سوریادا یەكێكە لە مەرجە لە پێشینەكان.

نووسەری ووتارەكە دەشڵێت كە گەڕانەوە بۆ سەر پرنسیپە كۆنینەكانی سیاسەتی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ، ئاستی گرەوكردن لەسەر چۆنیەتی یەكلاییكردنەوەی ململانێكان لە سووریا گەرم و گوڕتر دەكات ، هەر وەك واشنتۆن پۆستیش ئاماژەی پێداوە ، واشنتۆن لەم كارەدا پشت بە هێزەكانی سووریای دیموكرات دەبەستێت ، چونكە هێشتنەوەی هاوپەیمانیەتی هێزە (كوردی - عەرەبی) گرفتی سەربارە بۆ ئەمەریكا دروست دەكات.

هەر لەو بارەشەوە (تیمور ئەخمیتۆڤ) ی پسپۆڕی ئەنجومەنی ڕوسیا بۆ كاروباری نێودەوڵەتی لە ڕۆژنامەی (نیزافیسیمایا گازیتا) نووسیویەتی"ڕوون و ئاشكرایە كە هاوكاری نێوان ئەمەریكا و كوردەكانی سوریا دڵەڕاوكێیەكی زۆری بۆ توركیا دروست كردووه. لە دیدی ئەنقەڕەشەوە كوردەكان لە هەوڵی ئەوەدان‌ لێواری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات بكەنە دەوڵەتێكی پارێزراو. توركەكانیش دەیانەوێت ئەم پرسە بە شێوەیەكی دۆستانە چارەسەر بكەن و ئەمەش لەو گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوانەدا بەدی دەكرێت كە لە بارەی منبجەوە ئەنجام دەدرێن. بەڵام ڕوون و ئاشكرایە كە هێشتاش توركیا متمانەی بە بەڵێنەكانی هاوپەیمانە ئەمەریكاییەكەی نییه. سەخت و دژواریشە بڵێین كە توركیا ئامادەیی ئەوەی تێدایە - ئەگەر لە رێگەی بریكارەكانی سەربەخۆشی بن لە ئۆپۆزسیۆنی میانەڕەو - ئاستی ململانێی سەربازی لە باكوری سوریادا گەرمتر بكات. نابێت ئەوەشمان بیربچێت كە توركیا سەرباری ناڕەزەیەتی و هەڕەشەكانی ئەمەریكا ، كەچی لە ساڵی 1974 هێزەكانی بۆ پاراستنی توركەكانی قوبڕس لەو دورگەیە دابەزاند. خۆ ئەگەر ئاراستەی ڕووداوەكان لە سوریا بە هەمان ڕێڕەودا بڕوات ، ئەوا دۆخەكە بۆ هەمووان زۆ رخراپ دەبێت.

 پێم وایە ئەمەریكا تا دوا پشووی كۆتایی و لە رێگەی پەیوەندییە چڕوپڕە دبلوماتی و سەربازییەكانی و بەكارهێنانی كوردەكانی سووریاوە ، هەوڵی پاراستنی پەیوەندییەكانی دەدات لەگەڵ توركیادا.. لە ڕاستیشدا ئەمەریكا بژاردەیەكی تری نییە.