چەكدارە بیانییەكانی ئیدلب سەرپشك دەكات
توركیا خۆی لەبەردەم گرێكوێرەی بەیەكدادانی سەربازی دەبینێتەوە

جیهان

06/10/2018‌ 3594 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
دوای واژووەكردنی ڕێككەوتننامەی سوچی لە نێوان توركیا و ڕوسیادا بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ململانێی باكوری سوریا و بە تایبەتیش پارێزگای ئیدلب ، ئەنقەرە خۆی لە بەردەم گرێكوێرەی بەیەكدادانێكی سەربازی دەبینێتەوە لە هەمبەر ئەو گروپە چەكدارانەی حەوت ساڵ لەمەوبەر لە هەر‌ چوار لای دونیاوە هێناونی‌ و لە سەربازگەكانی تایبەت بە پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی لە غازی عەنتاب ڕایهێناون ، دواتر بردوونیە نێو سوریا بۆ شەڕكردن لەگەڵ سوپای سوریا و كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كە گلاندن و لە ناوبردنی ئامانجە ستراتیژییەكەی توركیا و ڕۆژئاوا بوو.

لەو بارەوە (نیزاڵ حەمادە) لە ( ئەلعەهدی ئیخباریدا ) نووسیویەتی : زۆر دەمێكە ئەرۆگانی سەرۆكی توركیا و هەر لە لە سەرەتای جەنگی سوریاوە ڕایگەیاندووە كە ئامانجەكەی كۆتاییهێنانە بە فەرمانڕەوایی سەرۆكی سوریا و ڕژێمەكەی ، لێرەشەوە وا دێتەبەرچاو كە توركیا كەوتۆتە تەڵەزگەیەكی ڕاستەقینەوە لە چۆنیەتی چارەسەر كردنی دۆسیەی چەكدارە بیانییەكان ، چونكە ئەنقەرە نە ئامادەیە جەنگێكی سەربازیان لە دژ هەڵگیرسێنێت كە كوژرانی سەربازانی سوپای توركیای لێ دەكەوێتەوه و توڕەیی شەقامی توركیاش دژ بە پارتی داد و گەشەپێدان دەورژێنێت و ئەنقەڕەش بەرژەوەندی لەوەدا نییە دەستبەرداری ئەو كارتەی دە‌ستی ( چەكدارە بیانییەكان ) بێت و بیانكاتە نیچیرێكی سوك و ئاسانی فڕۆكەوانی ڕوسیا و سوپای سوریا ، نە نیازی ئەوەشی هەیە بیانهێنیتە ناو توركیا ، لێرەشەوە ئەنقەرە چەند بژاردەیەكی خستۆتە بەردەم ئەو چەكدارە بیانییانە :

 هەر چەكدارێكی بیانی بیەوێت بگەرێتەوە وڵاتی خۆی توركیا كارئاسانی بۆ دەكات ، بەڵام ئەوە لە ئەستۆ ناگرێت كە لە ئایندەدا چی بەسەری دێت.

هەر چەكدارێكی بیانی بیەوێت بچێتە ناو خاكی توركیا و تیایدا نیشتەجێ بێت ، توركیا ڕازییە و لاری نییە ، بەڵام بەو مەرجەی لە چەند شوێنیكی دیاریكراودا نیشتەجێ بن كە توركیا دیارییان دەكات و لە ژێر ڕاسپاردە و چاودێری خۆیدا دەبن ، ئەم پرسەش هەتا لە نێو ڕیزەكانی پارتی داد و گەشەپێدانیشدا خەڵكانێك دژنی و ئۆپۆزسیۆنی سوریاش ڕەتی دەكەنەوە. 

هەر چەكدارێك بیەوێت بچێتە ئەفغانستان كە شوێنێكی لەبەر دڵانە بۆ جیهادییەكان ، توركیا ئەو كارەی بۆ مەیسەر دەكات ، لە ڕاستیشدا ئەمساڵ و پاریش هەندێك لەو گروپە چەكدارانە لە ڕێگەی توركیاوە گەیشتوونە ئەفغانستان.

هەر چەكدارێكی بیانی بیەویت بچێتە دەوڵەتێكی جگە لەو دەوڵەتانەی باس كران ، ڕێگەی پێ نادرێت ، مەگەر بچێتە سودان بەو پێیەی خەرتوم گرفتیكی ئەوتۆی لەوبارەوە نییە.

هەر چەكدارێكیش ئەو بژاردانە ڕەتكاتەوە تەنها دوو بژاردەی دیكەی‌ لەبەر دەستە‌ :
چوون بۆ ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ شەڕكردن لەگەڵ چەكدارە كوردەكان و سەربازانی ئەمەریكا تا ئەو كاتەی ئەنقەرە رێكەوتننامەیەك لەگەل ئەو هێزانەی ئەوێدا مرۆ دەكات.

یان لە ناوچەیەكی دیاریكراودا قەتیسیان دەكات و دواتریش لە رێگەی كردەیەكی سەربازی بەسەریاندا دەدات.
  
یاخود ریگەیان پێ دەدرێت بچنە ڕۆژهەلاتی حەما تاوەكو توركیا لە كردەیەكی سەربازیدا ڕووی بە ڕوویاندا نەتەقیتەوە و بەمەش ئەنقەرە دەیانخاتە بەردەم ڕەحمەتی سوپای سوریا و هاوپەیمانەكانی ، ئەوەش‌ دەگوترێت كە توركیا بە دوای ووڵاتێكی دیكەدا دەگەڕێت چ لە خەلیج یان ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست تاكو هەموو چەكدارە بیانییەكانی بۆ بگوازیتەوە.