ئه‌وه‌ی لێیده‌ترسا هاته‌دی... پارتی لەبەغدا سێ گەمەی بە ڕكابەرەكانی دۆڕاند

کوردستان

07/10/2018‌ 35384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: راپۆرتی شیكاریی

پرسی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق لەمانگەدا گەرمترین باس و خواسی ناوەندە سیاسی و میدیاكانی عێراق و هەرێمی و جیهان بوو كە تائێستاش باسی لێوە دەكرێت، گەرم و گوڕیەكەشی لە سێ خاڵی گرنگدا خۆی دەبینێتەوە ئەوانیش میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار و پێگەو كەسایەتی د. بەرهەم ساڵح و شكستی پارتی بوون ، ئەم سێ خاڵە توانی مەیدانی سیاسی عێراق و ناوچەكەش گەرم بكات.
لە رۆژی 2ی ئۆكتۆبەردا و لەبەغدای پایتەختی عێراق شانۆیەكی سیاسی گەورە بەڕێوەچوو كە  ئەكتەرە سەرەكییەكانی پارتی و یەكێتی لەلایەك و د. بەرهەم ساڵح لەلایەكی ترەوە بوون، پارتی هیچ نەما نەیكات بۆ ئەوەی كاندیدەكەی خۆی بگەیەنێتە لوتەكەی دەسەڵاتی عێراق، بۆ ئەوەش شاندەكەی پارتی كەس نەما گفتوگۆی لەگەڵ نەكات و هەوڵی رازیكردنی نەدا تا ئەوەی دەنگ نەدەن بە د. بەرهەم ساڵح و دەنگ بدەن بە كاندیدەكەی ئەوان كە فوئاد حسێنە.

لەماوەی چەندین ساڵی رابردوودا ئەم پۆستە بەدەست یەكێتییەوە بووە، بەڵام ئەمجارە وەك بڵێیت پارتی ئەم پۆستەی لابووە هەنگوین و لەسەری نیشتبۆوە، لەكاتێكدا بەدرێژایی ساڵانی رابردوو ئەو حزبە پۆستی سەرۆك كۆماری پۆستێكی تەشریفاتی و بێكەڵك و نەزۆكی لە قەڵەم دەدا.

پارتی بۆ  رازیكردنی لایەنەكان و بەدەستهێنانی ئەو پۆستە هەوڵی زۆریدا، بەڵام شكستی هێنا، چونكە لای پارتی پۆستی سەرۆكی هەرێم گرنگ و پڕ دەستكەوترە، بەڵام لەئێستادا ئەو پۆستە نەماوە، بۆیە پێویستی بە پۆستێكی هاوشێوە هەبوو تاكو زیاتر قاچەكانی خۆی تێدا بچەقێنێت، بۆئەوەش پارتی دەستیدایە جەنگێكی سیاسی لەبەغدا بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەم جەنگە سیاسە بەرامبەر یەكێتی تەنیا بۆ بەدەستهێنانی پۆستێكیش نەبوو، بەڵكو گرەوێكی گەورەش بوو بۆ تێشكاندنی پێگەی سیاسی د. بە رهەم ساڵح، بەڵام لەوەشدا شكستی هێنا.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەی دواییدا  پارتی لەزۆر دوڕیاندا شكستی گەورەی خواردوە، بۆئەوەی قەرەبووی ئەو شكستانەی بكاتەوە بەتایبەت ئەنجامدانی ریفراندۆم و كشانەوە لە ناوچە كێشە لەسەرەكان و داخستنی پەرلەمان پێویستی بە پۆستی سەرۆك كۆمار بوو تاكو قەرەبووی ئەو شكست و عەیبداریانەی خۆی بكاتەوە، پەیوەندیە دیبلۆماسییەكانی د. بەرهەم و پێگەی سیاسی ناوبراو لەناوەندی سیاسی عێراق و نێودەوڵەتی بوو بەهۆكاری ئەوەی هەم پارتی بێ دەستكەوت لە شانۆكە بچێتە دەرەوەو هەمیش بەرهەم ساڵح سەركەوتوو بوو لە هەڵبژاردنی ناو پەرلەماندا.

كاتێك پارتی بێ گوێدانە داواكاری و ئامۆژگاری ناوخۆی هەرێم و عێراق و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ریفراندۆمی ئەنجامداو هەرێمی كوردستانی بەم ئاستە گەیاند خراپ هاوكێشەكەی خوێندەوە و كەوتە هەڵەیەكی گەورەوە ئێستاش كە كەمێك پەیوەندیەكان ئاسایی بوونەتەوەو هەندێ چالاكی سیاسی لەگەڵ هەرێم دەكرێت پارتی پێیوابوو شانسی هەستاوەتەوە بەتایبەت لەبەغدا، بۆیە كاندیدێكی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار خستە یارییەكی دۆڕاوەوەو بەناچاری گەڕایەوە بەغدا.

لەئەنجامی ئەو شكستەی لە بەغدا روویدا پارتی دەستیكردوە بە یاریەكی تر ئەویش جوڵاندنی سۆزی نەتەوەیی خەڵك بە پاساوی یەكڕیزی كوردی لە بەغدا بۆ گەیشتن بە‌ مەرامە ڕاستەقینەكانی لە سەپاندنی هەژموون و دەسەڵاتی خۆی لە هەرێمدا،  لە كاتێكدا ئەوەی بەلایەوە گرنگ نەبوو بەدەستهێنانی پۆستەكە بوو نەك پرسی یەكریزی كورد لەبەغدا.

ساڵی 2014 كاتێك هەڵبژاردن بۆ سەرۆك كۆماری عێراق كرا بوو ئەوكاتیش د. بەرهەم ساڵح خۆی كاندید كردبوو، پارتی هەموو هەوڵێكیدا ناوبراو لە هەڵبژاردنی ناوخۆی فراكسیۆنە كوردییەكان دەرنەچێت لەو هەوڵەیدا سەركەوتوو بوو، بەڵام دواجار ئەوەی پارتی لێی دەترسا چوار ساڵ دواتر هاتە دی.
پارتی بۆ ئەوەی شكستەكەی بەغدای بشارێتەوە بە چەند ئارستەیەكی جیاواز كاری لەسەر ئەم پرسە كردوە بەجۆرێك:

یەكەم: پارتی مەبەستی بوو كەسێك لە ناو یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دیاری بكرێت كە دەست لەمست و گوێڕایەڵی پلە یەكی خۆی بێت،  هەرگیزا و هەرگیزیش لە خەمی لێوەشاوەیی لێهاتووی ئەو كەسەدا‌ نەبوو كە ئەو پۆستە وەردەگرێت، بەپێچەوانەوە هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو لاوازترین كادیری یەكێتی ئەو پۆستە وەربگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو میكانیزمێكی گرتەبەر كە د.بەرهەم  ساڵح كەنارگیر و پەراوێز بخات تا پۆستی سەرۆك كۆمار وەرنەگرێت.

چەند رۆژێك بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، د. بەرهەم ساڵح سەردانی پیرمامی كردو لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبوونەوەیەكی دوو قۆڵی ئەنجامدا، ئەوەش بەمەبەستی دەربڕینی نیەت پاكی ناوبراو بەرامبەر پارتی كە پڕۆسەكە دژایەتی و كێبڕكێ نییە، بەڵكو پڕۆسەیەكی دیموكراسی و نەتەوەییە، مەستێكی دیكەی بەرهەم ساڵح ئەوە بوو كە بەدیاریكردنی ئەو بۆ ئەو پۆستە نایەوێت هیچ ناكۆكی و گرژییەك لەنێوان شەقامی سیاسی هەرێم و بەتایبەت پارتی و یەكێتی دروست ببێت، بەڵام پارتی ئەو نییەت پاكییەی ئەوی بە هەند وەر نەگرت.

دووەم: پارتی كاتێك نەیتوانی سەركەوێت لە هەڵبژاردنی كادیرێكی لاوازی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار شاندێكی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی رەوانەی بەغدا كرد كە بەدرێژایی رۆژانی پێش هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار بەسەدان كۆبوونەوەی ژێر بەژێرو سەودای جۆراو جۆری لەگەڵ لایەنەكان و پەرلەمانتارو كەسایەتیەكان كردوە بەجۆرێك ئەوەی هەیان بوو خستیانە سەرمێزی گفتوگۆ و ئامادەی بەخشینی زۆر شت بوون، دەیانەویست پرسی ریفراندۆم و ئەو هەمو دژایەتیەی بەغدا بیر لایەنە عێراقییەكا بەرنەوە كاتێك گرەنتی یەكپارچەیی خاكی عێراقیان پێدەدان، بەڵام بێ سود بوو.

هەرچەندە پارتی باش ئەو راستییەی دەزانی كە ناتوانێت بەو كاندیدەی هەیەتی رووبەرووی كاندیدێكی وەكو د. بەرهەم ساڵح ببێتەوە، مانۆڕێكی سیاسی بێ ئەنجامی بەڕێوەبرد كە هەم بەزیان بۆخۆی و كوردیش شكایەوە كە ناكۆكی كوردی لەبەرچاوی دونیا گەورە تر پیشانداو كەلێنی نێوان خۆی و یەكێتی گەورە تر كرد.

سێیەم : ئەو ئێوارەیەی بڕیار بوو دەنگدان لەسەر پاڵێوراوانی سەرۆكی كۆمار لە ناو هۆڵی پەرلەماندا بەرێوە بچێت پارتی چەند ئۆفەرێكی جۆراو جۆری خستە بەردەم یەكێتی لەبەرامبەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمارو كشانەوەی د. بەرهەم ساڵح، لەو چوارچێوەیەدا پارتی بڕی (100) ملیۆن دۆلاری خستە بەردەم شاندی یەكێتی لە بەرامبەر كیشانەوەی د.بەرهەم ساڵح.

پارتی بۆ ئەوەی د.بەرهەم ساڵح نەبێتە سەرۆك كۆمار ئامادەن ‌دەستبەرداری هەموو پۆستەكانی تربن لەبەغدا ، تەنها بەو مەرجەی دكتۆر بەرهەم ببێتە وەزیری دەرەوەی عێراق و هەموو پۆستەكانی تری بەغداش بە وویستی ئەو دابندرێن، بەوەش دەیانەویست د.بەرهەم لە پڕۆسەی فەرمانڕەوایی ناوخۆی دەوڵەتی عێراق دوورخەنەوە و سەرقاڵی كاروباری دەروەی بكەن.

هەر بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار نەدرێت بە د. بەرهەم پارتی بەڵێنیاندا دوو ساڵی سەرەتای سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان بدەنە یەكێتی، بەوەش پارتی دەیویست ماڵباتی تاڵەبانی بكاتەوە بەگژ د. بەرهەمدا.

سەرجەمی ئەو ئۆفەرانەی پارتی خستییە بەردەم یەكێتی لەلایەن ئەو حزبەوە رەتكرانەوەو سوربوون لەسەر پشتیوانیكردنی بەرهەم ساڵح، دوای بێ ئومێدبوونیشی لەرێگەیەكی دیكەوە هەوڵی دوورخستنەوەی بەرهەم ساڵحی دەدا لە كاندیدی سەرۆك كۆماری، ئەویش كاتێك لای ئەمریكیەكان و ئێرانییەكان هەڕەشەی تێكدانی پڕۆسەی سیاسیان كرد لە هەرێم و بەغدا، ئەوانیش داوایان لە یەكێتی كرد دانوستانەكانیان لەگەڵ پارتی درێژە پێ بدەن و لەگەڵیان ڕێكبكەون، بەڵام ئەوەش نەچووە سەر.

رۆژی دانگدان بەسەرۆك كۆمار نێچیرڤان بارزانی هەشت جار پەیوەندی بە لاهور شێخ جەنگی چەندین جار پەیوەندی بە باڤێڵ تاڵەبانی كردوە، دەكات رازیان بكات دەستبەرداری د. بەرهەم بن و لە خۆپاڵاوتنەكەشی بیكشێننەوە، ئەو هەموو پەیوەندیانەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئەو چەند كەسە تەنیا بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری بوو كە پارتی ئەو كەسانە بە گروپی خیانتكاری 16ی ئۆكتۆبەر دەناسێنێت و كەچی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئامادەبوون رێككەوتنیان لەگەڵ بكەن.

دوای ئەو شكستەی لەپەرلەمانی عێراقدا توشی پارتی بوو، ئێستا كەوتوەتە یارییەكی دیكەو هەڕەشەی بایكۆتكردنی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، تۆڵەكردنەوە لە یەكێتی لە پێكهێنانی حكومەتی هەرێم. بەڵام چونكە ئەو هەڵوێستانە پەرچەكردار بوون، پاش چەند رۆژێك دواتر لەزاری بەرپرسە باڵاكانییەوە راگەیاندوە كە بەهێز و توانایانەوە بەشداری پڕۆسەی سیاسی عێراق دەكەن وهاوكات چاودێری پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەتیش دەكەن.
 
ساڵێك بەرلەئێستا پارتی مەشخەڵی سەربەخۆیی هەڵكردبوو پرسی جیابوونەوەی لە عێراقی هێنایە پێشەوە كە بەهۆیەوە چەندین سزای جۆراو جۆر بەسەر هەرێمدا سەپێنران و بەشێكی زۆر لەخاكی كوردستان رادەستی بەغداد كرانەوە وحكومەتی عێراقیش تا ئەم ساتە لەمیدیاكانی خۆیەوە بە داگیركەر ناو دەبات، كەچی ئێستا لەپێناو پۆستی سەرۆك كۆمارو ئامادەیە جارێكی تر دەستبخاتەوە ناو دەستی نەیارو دوژمەنەكانی دۆێنی تا بەتەواوی هێزەوە شەری هاوپەیمان و دۆستەكانی دوێنی خۆی بكات.