وێنەی ئەو كەسەی تارە فارس-ی كوشت بڵاودەكرێتەوە

عیراق

09/10/2018‌ 17041 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو كەسەی تارە فارس شاجوان‌و نمایشكاری جلوبەرگی عێراقی كوشت دەستگیراوە، كە ئەندامی "گروپێكی توندڕەو" بووە.

پێشتر قاسم ئەعرەجی وەزیری ناوخۆی عێراق لەهەژماری خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بابەتێكی لەبارەی كوشتنی تارە فارس شاجوانی عێراق‌و نمایشكاری جلوبەرگ بڵاوكردەوە‌و رایگەیاند، "تارە فارس لەسەر دەستی گروپێكی توندڕەو كوژراوە، لەئێستاشدا تیمێكی تایبەتمان بۆ دۆزینەوەی ئەندامانی ئەو گروپە دروستكردووە".

بەوتەی وەزیری ناوخۆی عێراق "گروپەكە تایبەتمەندن، ئێمەش چەند ڕۆژێكی دیكەمان بۆ ئاشكراكردنیان پێویستە، لەدواتریشدا ئەندامانی گروپەكە پیشانی گەلی عێراق دەدەین".

لەئێستادا میدیاكانی عێراق ڤیدیۆیەكیان بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا وێنەی ئەو كەسەی تێدایە تارە فارسی كوشتووە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكان دەستگیركراوە.

قاسم ئەعرەجی باسی لەوەشكردووە، ئەو گروپە كاردەكەن بۆ شێواندنی وێنەی كۆمەڵگە‌و گەلی عێراق لەبەرچاوی جیهان.

ڕۆژی 27ی مانگی ئەیلولی ڕابردوو تارا فارس لەشاری بەغدا لەلایەن چەكدارێكەوە كوژرا، كە دواتری لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا ساتەوەختی كوشتنی تارا فارس لەلایەن ئەو چەكدارەوە بڵاوبوەوە، كە لەیەكێك لەكامێراكانی چاودێری شوێنی ڕووداوەكەوە گرتەكە تۆماركرابوو.

هـ ـ ح