نیو ملیۆن خوێندكاری چینی لەزانكۆكانی جیهان دەخوێنن

هەمەڕەنگ

10/10/2018‌ 289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: ئەردەڵان عەبدوڵڵا
یەكێك لەسیاسەتە هەرە باشەكانی سەرۆك دێنگ خیاوپینگ ، ناردنی خوێندكاری چینی بوو بۆ زانكۆكانی جیهان بەتایبەتی ئەمریكا و ئەوروپا، چونكە لە رێگەی ئەم خوێندكارانەوە توانرا چین دەستی بە زانستی مۆدێرنی جیهان بگات و دووبارە خۆی رێكبخاتەوەو مۆدێرنیزە بكات. 

لە ئێستادا ئەمە بووەتە سیاسەتێكی گرنگی حكومەت لە بواری خوێندندا و ساڵانە هەزاران خوێندكاری چینی ڕوو له ‌زانكۆكانی جیهان دەكەن، بەتایبەت زانكۆكانی ئەمەریكا و ئەوروپا.

سەرەتای ناردنی خوێندكاران بۆ دەرەوەی وڵات
لە پاش ریفۆرمەوە واتە پاش ساڵی 1978 وە ، دەستكرا بە ناردنی خوێندكارانی چین بۆ زانكۆكانی جیهان و زیاتر لە 500 هەزار خوێندكاری چینی لە دەرەوە خوێندنیان تەواوكردووە، بەشی زۆریشیان ماستەرو دكتۆرایان هێناوەتەوە بۆچین . دەبێت ئەوەش بڵێم كە نیوەی ئەم رێژەیەش لە زانكۆكانی ئەمەریكا خوێندیان تەواوكردووە. تەنها ساڵی 2002 زیاتر لە 70 هەزار خوێندكاری چینی لە زانكۆكانی ئەمەریكا دەیانخوێند. به ‌پێی هەندێك سەرچاوەش خوێندكارە چینیەكان زۆر زیرەك و چالاكن ، هەربۆیە زۆرجاریش دژایەتیان دەكرێت.

نیو ملیۆن خوێندكار لە زانكۆكانی جیهان دەخوێنن
ساڵی 2017 ژمارەی خوێندكارانی چین لە دەرەوەی وڵات گەیشتە 545 هەزار خوێندكار، واتە بە رێژەی 36% لەچاو ساڵی 2012 دا زیادیكردووە، بەشی زۆریشیان لەئەمریكا خوێندویانە. 
زانكۆكانی ئەمریكایان پڕ كردووە .لە ئێستادا خوێندكارە چینییەكان لە ئەمریكا زۆرترین رێژەی خوێندكاری بیانی پێكدەهێنن و ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەیان زۆرتر دەبێت، ساڵی پار ژمارەی خویندكارە چینییەكان لە زانكۆ و پەیمانگەكانی ئەمریكا گەیشتە 350 هەزار خوێندكار، كە ئەمەش زۆرترین رێژەی خوێندكاری بیانییە لە ئەمریكا و هیچ كاتێكیش لە مێژووی چینیدا، هێندە خوێندكار هەلی ئەوە بۆ نەرەخساوە كە بچێتە زانكۆكانی ئەمریكا بخوێنێت.
زۆربەیان دوای خوێندن دەگەڕێنەوە چین

ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشی زۆری ئەو خوێندكارانەش پاش تەواوبوونی خوێندنەكەیان دەگەڕێنەوە بۆ چین، بۆنموونە ساڵی 2016 نزیكەی 430 هەزار خوێندكاری چینی پاش تەواوبونی خوێندنەكەیان، گەڕانەونەتەوە بۆ چین. 

هەمیشە خوێندكارانیش بوونەتە وزەیەكی باش بۆ پێشخستنی ئابووری گەشەسەندووی چین و ئەمەش بە سامانێكی گرنگی چین دێتە ژماردن.