ڕیکخراوی بەرەنگاربونەوەی لەسێداردان: ٢٥٣ کەس لە زیندانەکانی هەرێمدا سزای سێدارەیان لەسەرە

کوردستان

10/10/2018‌ 1422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی ڕاپۆرتی ئۆرتە لە ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦ چوار کەس لە هەرێمی کوردستان سزای سێدارەیان بەسەردا جێبەجێکراوە و ٢٥٣ کەس-یش لە زیندانەکاندان، کە سزای سێدارەیان هەیە و سزاکەیان جێبەجێ نەکراوە.


ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانیی بەرنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانە و ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە)-ی فیدراسیۆنی زیندانیانی سیاسی کوردستان-یش بەو بۆنەیەوە ڕاپۆرتی خۆیان بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاپۆرتەکە..
ڕیکخراوهاوپەیمانی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان ساڵی(٢٠٠٢) بەفەرمی دامەزرا، ساڵی(٢٠٠٣) ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبەری وەک ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدانی دەستنیشانکرد، ئەو دەستپێشخەرییە وایکرد یەکێتی ئەوروپا لەساڵی(٢٠٠٧) دا بڕیاربدا ڕۆژی(١٠) ی ئۆکتۆبەر ببێتە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان لە یەکێتی ئەوروپا.

لە ساڵانی(١٩٧٦- ١٩٧٧) بەگشتی(١٦) وڵاتی ئەوروپا سزای لەسێدارەدانیان بە یەکجاری لە ووڵاتەکانیاندا هەڵگرت، واتە لە ڕووی یاسایی شتێک نەما بەناوی سزای لەسێدارەدان بۆ سەرجەم تاوانەکان لەو وڵاتانەدا.

 لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەیان ووڵاتی جیهان سزای لەسێدارەدانیان نەهێشت، لە ناویاندا(١٠٤) وڵات بە شێوەیەکی یەکجاری بۆ هەموو تاوانەکان سزاکەیان هەڵگرت، (٣٠) وڵاتیش جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانیان هەڵوەشاندەوە، (٧) وڵاتیش سزاکەیان بۆ چەند تاوانێک هەڵوەشاندەوە، لە(٥٧) وڵاتیش سزاکە تا ئێستا بەکاردێت، (٢٩) وڵاتیش سزاکە جێبەجێدەکەن.

زۆربەی سزاکانی لەسێدارەدان ئێستا لە ئاستی جیهان لە پێنچ ووڵات جێبەجێدەکرێت ئەو وڵاتانە بریتین لە:

چین، ئێران، سعودیە، عێراق، پاکستان

لە ماوەی(١٠) ساڵی ڕابردوودا لەسێدارەدان لەو پێنچ وڵاتە بەمشێوەیە بووە:

(چین-١٠١٩٠) (ئێران-٤١٨٠)  (سعودیە- ٩٨٥) (عیڕاق-٧٩٢ ) (پاکستان-٥٩١)

 لە دوو ساڵی ڕابردوودا زۆربەی لەسێدارەدان هەر لەو پێنچ ووڵاتە جیبەجێکراون.

لەهەرێمی کوردستان لەنێوان ساڵانی(٢٠٠٨ تا ٢٠١٥) سزای لەسێدارەدان بەسەر کەس-دا جێبەجێنەکراوە، بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ساڵی(٢٠١٥) سێ کەس لە یەک خێزان پیاوێک و دوو هاوسەری لەسێدارەدران، هەروەها شەوی ١٠ لەسەر ١١ ی مانگی دیسێمبەری ساڵی(٢٠١٦) بکوژی مینای تەمەن هەژدە مانگ کە ناوی(عەبدوڵا حسێن) بوو لەسێدارەدرا.
 بەپێی زانیارییەکان لەهەرێمی کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٧) دا(٣٤) کەس سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، بەگشتی(٢٥٣) کەس لە ناویاندا(٢٠) ژن، بەپێی یاسا سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەبەندیخانەکانی هەرێمی کوردستانن، بەڵام لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، بەپێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) تەنیا ئەو چوار کەسەی ئاماژەمان پێکرد لەسێدارەدراون.

لە عیڕاق لەماوەی(١٠) ساڵدا بەگشتی(١٨٠٨) کەس سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە لەو ژمارەیە(٧٢٩) کەس لەسێدارەدراون.

سزای لەسێدارەدان واتە لێسەندنەوەی ژیان، بەڵام لێسەندنەوەی ژیان زۆر جۆری هەیە لە دەرەوەی بەندیخانەکان بەبێ تێپەڕبوون بە قۆناغ و ڕێچکە یاساییەکان جار هەیە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی، جاریش هەیە لەلایەن گرووپ و میلیشیای چەکدار بە هۆکاری سیاسی، نەتەوەیی، ئایینی و مەزهەبی، ڕەگەزی، یان لەڕێگای بۆمبارانکردنی بەئەنقەست جێبەجێدەکرێت بۆ نموونە:

 ساڵی(٢٠١١) لە(١٧) ی شوبات و ڕۆژانی دوایی لە سلێمانی و شارۆچکەکانی تر ژمارەیەک خۆپیشاندەر درانە بەردەستڕێژی گولـلە بەلایەنی کەم(١٠) کەس بوونە قوربانی.

 لە ڕۆژئاوای کوردستان و سوریا ساڵی(٢٠١٣) ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی بەرەی نوسرە و هاوشێوەکانی لە سوریا لە ناوچەی تەلعەران و تەلحاسڵ(٢٧) کوردیان کۆمەڵکوژکرد، دواتر زۆر شوێنیان داگیرکرد زۆر کەسی بێتاوانیان ڕفاند و سەربڕی و تیرۆرکرد، بەتایبەتی بەرامبەر بە کوردەکان تاوانی زۆریان ئەنجامدا.

سەرەتای مانگی ئابی(٢٠١٤) دوای ئەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شەنگال و کۆجۆی داگیرکرد ئیعدامی بە کۆمەڵی ئەنجامدا بەتایبەتی لە کۆجۆ، بەهەمانشێوە لە موسڵ و هەموو ئەو ناوچانەی کە داگیریکرد، هەروەها چارەنووسی ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کەوتنە دەست داعش، کە لە شارۆچکەی حەویجە لە ناوبازاڕدا سواڕاندیانن تائێستا چارەنووسیان دیارنیە و نەگەڕانەوە ناو خێزانەکانیان.

لە بەرواری(١٣/٤/٢٠١٦) لە شارۆچکەی پێنجوێن ئیتڵاعاتی ئێران کەسایەتی ناسراوی پێنجوێن نیشتمانپەرەوەر(کەمال شێخ سادە) و وەستا(سدیق ساڵیئاوایی) تیرۆرکرد.
شەوی ١٧ لەسەر ١٨ ی مانگی(تەموز) ی ٢٠١٨( ئیقباڵ مورادی) لە شارۆچکەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی تیرۆرکرا، ناوبراو باوکی (زانیار مورادی) بوو، کە لە ٨/ئەیلول-ی ئەمساڵ ئێران لەسێدارەی دا .

ڕۆژی(٨/٩/٢٠١٨) لە ئەنجامی موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە(١٦) کەس شەهید و (٥٠) کەسی تریش برینداربوون. موشەکبارانکردنی شارۆچکەی کۆیە لەلایەن ئێرانەوە هاوکاتبوو لەگەڵ لەسێدارەدانی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی کورد(ڕامین حسێن پەناهی، زانیار مورادی، لوقمان مورادی) کە(٨)ی سێپتێمبەر لە گرتووخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە ئێران لەسێدارەداران، ڕۆژانی دواتر زیندانی سیاسی کورد(کەمال ئەحمەد) و دوو پێشمەرگەی(حدکا)، کە بەدیل گیرابوون لە ئێران لەسێدارەدران.

 
لەگرتووخانەکانی باکوری کوردستان و تورکیا شێوازێکی تری ئیعدام پەیڕەو دەکرێ دەتوانین ناوی بنێین مردنی هێواش کە بریتیە لە بێبەشکردنی زیندانیانی سیاسی لە بینینی ڕۆژ واتە بێبەشبوونیان لە تیشکی خۆر، بەردەوامبوونی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی وەک ئەوەی ماوەی بیست ساڵە بەرامبەر بە سەرکردە و ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان(عەبدوڵا ئۆجەلان) پەیڕەو دەکرێ، هەروەها چارەسەر نەکردنی زیندانیانی سیاسی نەخۆش کە کێشەی تەندروستیان هەیە، بێبەش دەکرێن لەچارەسەری پزیشکی هەتا مردن، لە قۆناغی لێکۆڵینەوەکان لە ئەنجامی ئەشکەنجەی دژوار جارهەبووە زیندانی سیاسی گیانی لەدەستداوە.

  بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی لێبورنی نێودەوڵەتی لە ساڵی(٢٠١٦) دا بەگشتی(١٠٣٢) کەس و لە ساڵی(٢٠١٧) دا بەگشتی(٩٣٣) کەس لە(٢٣) ووڵاتی جیاواز لەسێدارەدراون.

وەک ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) پێمانوایە ژمارەی لەسێدارەدان لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاترە لەوەی کە ڕاگەیەندراوە، چونکە ئەو وڵاتانەی خەڵک ئیعدام دەکەن مەرج نیە هەموو لەسێدارەدانێک ڕابگەیەنن.

ڕێکخراوی نەهێشتنی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان(ئۆڕتە) داوادەکات سزای لەسێدارەدان لەهەرێمی کوردستان و عیڕاق و جیهان نەمێنێت و ڕۆژی (١٠) ی ئۆکتۆبەر بەکردار ببێتە ڕۆژی نەهێشتنی سزای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان و عیڕاق و سەرتاسەری جیهان...
هـ ـ ر

بەپەلە