لەئەمریكا نا ئومێد بوون
پیرۆزباییەكەی برێت مەكگوڕك بۆ مەسعود بارزانی بەهۆی سەركەوتنی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕانی شۆككردووە

کوردستان

11/10/2018‌ 18241 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: بەپیرۆزباییەكەی برێت مەكگۆرك بۆ مەسعود بارزانی بەبۆنەی سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان "توشی نا ئومێدی و شۆك بوین".

شۆڕش حاجی ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بەدەنگی ئەمریكای ڕاگەیاند، بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی، كە نووسینگەی "مەسعود بارزانی" سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكردووەتەوە كاتێك لەبەیاننامەكە خوێندمانەوە، كە "بریت مەكگۆرگ" پیرۆزبایی لەبارزانی كردووە بەهۆی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لەهەڵبژاردن "توشی شۆك و نا ئومێدی بووین، چونكە لەكاتێكدا زانیاری لای باڵوێزخانەی ئەمریكا هەیە، سەدان بەڵگەی حاشا هەڵنەگر هەیە، كە پارتی دەنگی دەیان هەزاریان ساختەكردووە كەچی دێت پیرۆزبایی لەپارتی دەكات".

ئەندامەكەی خانەی راپەڕاندن راشیگەیاند "ئەمە میسداقیەتی حكومەتی ئەمریكا و گەلی ئەمریكای خستە ژێر پرسیارەوەو پێچەوانەی یاسا و دەستووری ئەمریكایە".

دەربارەی ئەوەی بەپێی ئەنجامە بەراییەكان بێت پارتی لیستی گەورەیەو یەكێتیش دووەم واتە ئەو دوو لایەنە بەدەنگی خەڵكی كوردستان بوونەتە خاوەنی ئەو كورسیانە ئایا بە بۆچوونی تۆ پێت وانییە پیرۆزباییەكەی مەكگۆرگ بۆ خەڵكی ئەو دوو حیزبە جێی دڵخۆشییە؟ شۆڕش حاجی رایگەیاند "من خۆم وەك شۆرش حاجی وەك بزووتنەوەی گۆڕان و دەنگدەری گۆڕان توشی شۆك و نیگەرانی بووین، كە نەدەبوو نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ پیرۆزبایی بكات تا یەكلایی كردنەوەی سكاڵاكان‌و ئەنجامە كۆتاییەكان."

سەبارەت بەوەی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانیش هەمان ڕەخنە و گللەیتان هەبوو، بەڵام دواجار پەرلەمانتارەكانتان ناردە پەرلەمانی عێراق؟ شۆڕش حاجی ڕایگەیاند "ڕاستە لەهەڵبژاردنی بەغدا هەمان گللەیمان هەبوو، بەڵام لەبەغدا هەموو ڕێگایەكی یاسایمان گرتە بەر دواجار، بۆیە پەرلەمانتارەكانمان ناردە بەغدا، چونكە ئێمە پەرلەمان بە مینبەر و شوێنێك دەزانین بۆ ئەوەی ئێمە قسەی خۆمان بكەین و داكۆكی لە مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان بكەین و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ باڵوێزخانە و نوێنەری وڵاتانی دنیا ببەستین.بەڵام ئێستاش ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق ڕەتدەكەینەوە."

دەربارەی دەنگۆی ڕێكەوتنی نێوان گۆڕان‌و پارتی بۆ دەنگدان بەكاندیدەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، گەڕانەوەی پەرلەمانتارەكانی بەغداو سوێندخواردنیان لە پێش مەراسیمی سوێند خواردنەكە؟ شۆرش حاجی رایگەیاند "ئەوە ڕاست نییە، بەڵام ئێمە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بەپشكی كورد دەزانین،ئێمە خۆمان كاندیدمان نەبوو بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، وەك سەردەمی مام جەلال پەرلەمانتارەكانمان سەرپشك كرد دەنگ بەكێ دەدەن ئەوەش لەسەر ئەو پرنسیبەی ، كە پۆستی سەرۆك كۆمار بە مافی كورد دەزانین، هەتا كاتی خۆی كاك نەوشیروان خۆی ئێمەی وەك پەرلەمانتارەكان سەرپشك كرد، كە دەنگ بە مام جەلال بدەن یاخود نا".

دەربارەی سكاڵای لایەنەكان لەپەرلەمانی عێراق لەكاتێكدا پێشتر لەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عَیراقیش هەمان سكاڵایان هەبوو بەڵام بێ ئەنجام بوو؟ شۆڕش حاجی رایگەیاند "ئێمە نەچووین بە بەغدا بڵێین وەرن سكاڵاكان یەكلاییبكەنەوە، چونكە لەكوردستان كۆمسیۆن هەیە، پەرلەمانتارەكانمان داوای لیژنەی لێكۆڵینەوەیان لەبەغدا كردووە لەسەر ئەو دەیان هەزار ناسنامە و ڕەگەزنامە ساختەیەی لەفەرمانگەكانی سلێمانی-هەولێر-دهۆك دەرچوون كە ئیوە مەترسی دیكەی هەیە."

بەپێَ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكرات بریت مەكگۆڕك پاش سەردانێكی لەگەڵ شاندێكی یاوەری بۆ لای مەسعود بارزانی، نێردەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەو سەركەوتنەی بە گرنگ وەسف كردو جەختی لە ڕۆڵ و پێگەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كردەوە.

هـ ـ ح