سەعاتێكی زیرەكی ئەپڵ نهێنییەكانی پشت دیارنەمانی خاشقچی ئاشكرادەكات

جیهان

11/10/2018‌ 13506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرەداوێكی نوێ دەكەوێتە دەست بەرپرسانی ئەمنی توركیا بۆ دۆزینەوەی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی، ئەویش لەڕێگەی سەعاتێكی زیرەكی كۆمپانیای ئەپڵی ئەمریكی.

ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزای دوو بەرپرسی باڵای توركیاوە، كە لێكۆڵینەوە لەكەیسی دیارنەمانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی نەیاری حكومەتی ئەو وڵاتە دەكەن ئەوەی ئاشكراكرد، "هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لەڕێگەی سەعاتی زیرەكی ئەپڵ، كە لەدەستی خاشقچیدا بووە‌و بەمۆبایلەكەیەوە بەستراوە، سەرەداوی دیارنەمانی خاشقچی بدۆزرێتەوە".

بەپێی زانیارییەكان بەر لەوەی خاشقچی ڕِووبكاتە باڵیۆزخانەی وڵاتەكەی لەتوركیا، مۆبایلەكەی، كە لەجۆری ئایفۆنە، لەلای هاوسەرەكەی جێیهێشتووە‌و سەعاتە زیرەكەكەیشی، كە لەجۆری ئەپڵە لەدەستكردووە‌، بەو سەعاتەوە چووەتە نێو باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیەوە.

ئەوەی لەم سەرەداوە نوێیە جێگەی سەرنجڕاكێشانە ئەوەیە، بەرپرسانی ئەمنی جەختدەكەنەوە لەوەی، كە سەعاتە هۆشمەندەكەی ئەپڵ لەتوانایدا شوێنی ئەو كەسەی سەعاتەكەی لەدەستدایە ئاشكرابكات، لەگەڵ ئاشكراكردنی خێرایی لێدانەكانی دڵی ئەو كەسە، بەڵام ئەوەی بۆ تیمی ئەمنی‌و تەكنیكی دەبێتە كێشە، نەبەستنەوەی سەعاتەكەیە بەهێڵی ئینتەرنێتەوە.

لەپاش دیارنەمانی خاشقچی، كە ناوبراو یەكێك بوو لەو ڕۆژنامەنووسانەی سعودییە، كە نەیاری سیاسییەتەكانی خێزانی بن سەلمان‌و حكومەتی ئەو وڵاتەبوو، زۆر چیرۆك لەبارەی چارەنووسییەوە دەگێڕدرێتەوە، یەكێك لەوانەش دەنگۆی كوشتن‌و پاشان پارچەپارچەكردنییەتی لەنێو كونسوڵخانەی سعودییە، دواتریش هێنانە دەرەوەی جەمال خاشقچی بەپارچە پارچەكراوی لەنێو جانتای دیبلۆماتیدا.

ڕ . ج