بارزانی دوای پۆستی سەرۆك كۆمار چاوی لەپۆستی وەزارەتی نەوتی عێراق-ە

عیراق

12/10/2018‌ 7390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، چاوی لەپۆستی وەزیری نەوتە لەكابینەی نوێی حكومەت.

سەرچاوەیەكی ئاگادار، وردەكاری گفتوگۆكانی نێوان مەسعود بارزانی ‌و هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتحی ئاشكراكرد، كە لەچەند رۆژی رابردوو سەردانی هەرێمی كردو لەهەولێر لەگەڵ سەرۆكی پارتی كۆبووەوە.

بەپێی سەرچاوەكە لەو كۆبوونەوەیە هادی عامری داوای لەمەسعود بارزانی كردووە بگەڕێتەوە بۆ بەغداو بەشداری لەپرۆسەی سیاسی‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بكات.

هەر بەپێی سەرچاوەكە لەبەرانبەردا سەرۆكی پارتی مەرجی هەبووەو مەرجەكەش ئەوەش بووە، كە پۆستی وەزیری نەوت بۆ كاندیدێكی حیزبەكەی بێت.

ئەمە لەكاتێكدایە سەرەتای ئەم مانگە پارتی چاوی لەوەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار بوو، بۆ ئەو مەبەستەش مەسعود بارزانی فوئاد حوسێنی كاندید كردبوو، بەڵام ئەو كاندیدە لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی دۆڕاو نەیتوانی متمانەی پەرلەمانتاران وەربگرێت.

هەڵبژاردنی كاندیدەكەی یەكێتی بەسەر فوئاد حوسێن لەلایەن پەرلەمانتارانەوە، پارتی نیگەران كردو دەنگۆ هەبوو، كە مەسعود بارزانی نیگەران بووەو رەنگە بەو هۆیەشەوە بەشداری لەحكومەتی عێراق نەكەن.

هـ ـ ح