هەرێم بەپشكەكەی رازی نییە
بودجەی گشتی عێراق گەڕێكی نوێی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا گەرم دەكات

عیراق

12/10/2018‌ 2478 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019 گەڕێكی نوێی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا گەرم دەكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان بەپشكەكەی لەو بودجە رازی نییە.

وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ۲٠۱۹ ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كردووە و پشكی هەرێمی كوردستان لەپرۆژەكەدا بەنزیكەی ٩ ترلیۆن دینارە، كە بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگاداری كورد لەبەغدا، هەرێمی كوردستان ئەو پشكە بەكەم دەزانێت‌و پێی رازی نییە.

هەر بەپێی سەرچاوەكە بۆ شارپرێس بەهۆی ناڕازی بوونی هەرێمی كوردستان لەبودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2019، بەم نزیكانە گەڕێكی تری نوێی كێشەكانی هەولێرو بەغدا گەرم دەبێت، كە ئەستەمە بەم دۆخەی ئێستاوە بگەنە رێككەوتن.

لەبودجەی گشتی عێراق پشكی هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم (هەولێر  دهۆك و سلێمانی)، كە بە 12.67% بەهەشت ترلیۆن و ٧٤١ ملیار و ٤٠٦ ملیۆن و ٢٦ هەزار دینار خەمڵێنراوە.

هەر بەپێی پرۆژەكە، بودجەی پەرەپێدانی سێ پارێزگاكەی هەرێم  ١٢٦ ملیار و ٧٠٠ ملیۆنە و بودجەی وەبەرهێنان لەڕێگەی قەرزەوە بۆ پشكی هەرێم  ١٠٢ ملیار و ٣٦١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە.

بەمەش بەتێكڕا بڕی بودجەی هەرێم  بۆ ساڵی ٢٠١٩ بە ڕەشنووسەكەدا دەكاتە هەشت ترلیۆن و  ٩٧٠ ملیار و ٤٦٧ ملیۆن و ٢٢٦ هەزار دینار، كە ئەوە بەرێژەیەكی كەم بۆ هەرێم دادەنرێت، لەكاتێكدا پێشتر پشكی هەرێم لەبودجەی گشتی عێراق 17% بوو، بەهاكەشی دەگەیشتە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینار.

لەپرۆژەی  داهاتەكانی عێراقیش بە گشتی خەمڵێنراون  بە ١٠٥ ترلیۆن و ٥٦٩ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن و ٨٧٠ هەزار و خەرجیەكان خەمڵێنراون بە (۱۲۸٤٤۳٠٥۲٤۲۷) ١٢٨ ترلیۆن و ٤٤٣ ملیار و ٥٢ ملیۆن و ٤٢٧ هەزار دینار.

لەو بارەشەوە ئەحمەدی حاجی رەشید پەرلەمانتاری كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لەپارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی كردووە، لەبری ئەو هەموو شاندە باڵایە بۆ پۆستەكان دەینێرنە بەغدا، شاندێكیش بۆ پێشمەرگەو قوتی خەڵك بنێرن.

ئەحمەدی حاجی رەشید لەمیانی پەیامێك ئەو داواكارییەی خستووەتە بەردەم پارتی‌و یەكێتی، كە لەپەیامەكەدا دەڵێت: لەپرۆژە یاسای بوجەی ۲٠۱۹ پشكی پێشمەگە لەبوجەی وەزارەتی بەرگری عێراق دادەنریت بەبڕی (۳۷) ملیار دینار مانگانە بەكۆی گشتی دەكاتە (٤٤٤) ملیار دینار، بەڵام تەنیا دەزگای دژە تیرۆری عێراق، كە (۱۲٠٠٠) چەكدارە بڕی (۷۳۸٠۹۱۱۸۷) حەوت سەدو سی‌و هەشت ملیار دینار و نەوەدو یەك ملیۆن و سەدو هەشتاو حەوت هەزاری بۆ تەرخان دەكرێت، هەروەها ژمارەی چەكدارەكانی، كە لەبوجەدا پەسەند كراوە بە (۱۲۲٠٠٠) چەكدار دانراوە بڕی (۲٠۹۸۲۹٠٤۷٠) دوو ترلیۆن و نەوەدو هەشت ملیارو دووسەدو نەوەد ملیۆن و چوارسەدو حەفتا هەزار دینار تەرخان كراوە.

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها دەڵێت: لە لایەكی دیكەوە وەزارەتی بەرگری فیدرال بڕی (۷۸٦٥۲۸٤۷٠٠) حەوت ترلیۆن و هەش سەد شەست و پێنج ملیارو دوو سەدو هەشتاو چوار ملیۆن و حەوسەد هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە، كە سەر ژمێریان تەنیا (۱۸٤٠٠٠) كەسە. 

ئەحمەد حاجی رەشید ئەوەش دەڵێت: بودجەی تەرخان كراو بۆ حەشدی شەعبی و وەزارەتی بەرگری (۹۹٦۳٥۷٥۱۷٠) نۆ ترلیۆن و نۆسەدو شەست و سێملیارو پێنج سەدو حەفتاو پینج ملیۆن و سەدو حەفتا هەزار دینار تەرخان كراوە

هەروەها تەرخانكراو بۆ هەرێم بڕی (۸۹۷٠٤٦۷۲۲٦) هەشت ترلیۆن و نۆسەدوو حەفتا ملیارو چوار سەدو شەست‌و حەوتملیۆن دوو سەدوو بیست‌و شەش هەزار دینار تەرخان كراوە.

هـ ـ ح