مەرجی بارزانی-یە بۆ بەشداری لەحكومەتی عێراق
مالیكی پێدانی پۆستی وەزیری نەوتی بەپارتی رەتكردووەتەوە

عیراق

13/10/2018‌ 7332 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوری مالیكی سەرۆكی لیستی دەوڵەتی یاسا پێدانی پۆستی وەزیری نەوتی عێراقی بەپارتی دیموكرات رەتكردووەتەوە، كە مەرجی مەسعود بارزانییە بۆ بەشداریكردن لەحكومەتی داهاتووی عێراق.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار، دوای ئەوەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لەرێگەی هادی عامری سەرۆكی لیستی فەتح داوای پۆستی وەزارەتی نەوتی عێراقی كردووە، نوری مالیكی رەتیكردووەتەوە، كە رێگە بدات پۆستی وەزیری نەوت بۆ ئەو لایەنە بێت.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، نوری مالیكی چاوی لەوەیە پۆستی وەزیری نەوت بۆ كاندیدێكی دەوڵەتی یاسا بێت، بۆیە رەتیكردووەتەوە، رازی بێت بەوەی ئەو پۆستە بدرێت بەپارتی دیموكرات.

مەسعود بارزانی لەكۆبوونەوەی رۆژی پێنج شەممەی رابردوو لەگەڵ هادی عامری داوای پۆستی وەزیری نەوتی كردووەو ئەوەشی وەك پێشمەرجێك داناوە بۆ بەشداریكردنی پارتی لەحكومەتی داهاتوو.

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر مەسعود بارزانی چاوی لەوە بوو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق بۆ كاندیدی حیزبەكەی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش فوئاد حوسێنی كاندید كرد، بەڵام ناوبراو لەناو پەرلەمان‌و لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی دۆڕاو لەلایەن پەرلەمانتارانەوە هەڵنەبژێرا.

ئەم هەنگاوە مەسعود بارزانی‌و پارتی دیموكراتی نیگەران كردو دوای ئەوە باسیان لەوە كرد، بەشداری حكومەتی داهاتووی عێراق ناكەن‌و هادی عامریش بۆ ئەوە سەردانی هەولێری كردووە، تا بارزانی‌و پارتی لەبڕیاری بەشدارینەكردن پاشگەزببنەوە.

هـ ـ ح