حكومەتی زۆرینە پێكدەهێنرێت
كابینەی داهاتووی هەرێم لەنێوان پارتی‌و یەكێتی‌و گۆڕان یەكلادەبێتەوە

کوردستان

13/10/2018‌ 13663 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كابینەی داهاتووی هەرێمی كوردستان لەنێوان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی‌و بزووتنەوەی گۆڕان یەكلادەبێتەوە، كە حكومەتەكە حكومەتێكی زۆرینە دەبێت.

رۆژی 30ی ئەیلوولی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەچوو، كە ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنەكە بەفەرمی رانەگەیەنراوە، بەڵام ئەنجامە بەراییەكان ئەو سەرەداوەی دەرخستووە، حكومەتی داهاتووی هەرێم زۆرینە دەبێت‌و لایەنێك، یان دوو لایەن پێكیدەهێنن.

بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردنەكە پارتی زیاتر لە 40%ی دەنگەكانی هەرێمی هێناوەو كۆی كورسییەكانی لەخولی داهاتووی پەرلەمان لەكۆی 111 كورسی دەگاتە 45 كورسی پەرلەمانی، كە بۆ دروستكردنی حكومەت پێویستی بە تەنیا 11 كورسی تر هەیە.

پارتی هەرچەندە هێزێكە لەكورسییە كۆتاكانی پەرلەمانی كوردستان نزیكەو ژمارەی ئەو كورسییانەش 11 كورسییە، بەوەشی دەنگی نیوە كۆ یەك دروستدەكات لەناو پەرلەمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش پێویستی بەهێزێكی ترە، بۆ ئەوەی لەگەڵی حكومەتی زۆرینە دروست بكات.

لەئێستادا سەرەداوی ئەو ئاماژەیە روونبووەتەوە، كە حكومەتی داهاتوو زۆرینە دەبێت، دوای ئەوەی هێمن هەورامی سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان و ئەندامی سەركردایەتی ئەو حیزبە رایگەیاند، حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان حكومەتی زۆرینە دەبێت.

ھێمن ھەورامی راشیگەیاند "پارتی دەرگای گفتوگۆ بۆ ھەموو لایەنەكان دەكاتەوەو ھێڵی سووری لەسەر ھیچییان نییەو بەغرورەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنەكاندا ناكەین"، بەبێ‌ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت.

لەگەڵ ئەوەی روونبووەتەوە، كە حكومەتی داهاتوو زۆرینە دەبێت، بەڵام پرسیاری ئەوە دێتە پێشەوە، كە پارتی لەگەڵ چ لایەنێكی تری سەرەكی هەرێم حكومەتە زۆرینەكە دروست دەكات؟ كە ئەو لایەنەی پارتی پەنای بۆ دەبات، لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی نیشتمانی تێپەڕناكات.

هەر بەپێی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن یەكێتی نیشتمانی 21 كورسی پەرلەمانی بەدەستدەهێنێت‌و بزووتنەوەی گۆڕانیش 12 كورسی، كە بەهۆی ئەو دوو لایەنە هێزی سەرەكی پارێزگای سلێمانین پارتی دەبێت لەگەڵ یەكێكیان رێككەوتن بكات، بۆ ئەوەی حكومەتی داهاتووی لەگەڵ دروست بكات.

لەئێستادا نێوانی پارتی‌و یەكێتی باش نییە، ئەوەش بەهۆی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆماری عێراق لەسەرەتای ئەم مانگە، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناخاتە لاوە، پارتی دەتوانێت ئەو هێزە بەلاوە بنێت، بەو پێیەی یەكێتی جگە لەوەی ناوچە نفوسی لەهەرێم هەیە، خاوەنی هێزێكی سەربازی گەورەشە.

لەئەگەری بەردەوامی كێشەكانی پارتی‌و یەكێتی‌و نەگەیشتنە رێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، پارتی ئەگەرێكی تری لەبەردەوامدایە، ئەویش رێككەوتنە لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی زۆرینە.

هەرچەندە رێككەوتنی پارتی‌و گۆڕان ئەگەرێكی لاوازە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام دەكرێت بكرێتە فشارێك بۆ سەر یەكێتی، بۆ ئەوەی بچێتە ژێر مەرج‌و داواكارییەكانی پارتی بۆ راگەیاندنی كابینەی نوێ‌.

هـ ـ ح