عیزەت شابەندەر: سەرخستنی بڕیارەكانی مەرجەعیەت بە مانای بوونی عێراقە بە ویلایەتی فەقێ

عیراق

13/10/2018‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عیزەت شابەندەر، یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دێرینەكانی شیعەكانی عێراق و رایگەیاند، عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق بە شێوازێكی نائاسایی هات و شێوازێكە لەگەڵ پرەنسیپەكانی دیموكراسیدا ناگونجێت و بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش نییە و لەلایەن مەرجەعییەتی شیعەوە سەپێندراوە.


لە ئێستادا دكتۆر عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراوە كابینەی حكومەتی چوار ساڵی داهاتوو پێكبهێنێت، بە گشتی عێراقییەكان وەها لە عەبدولمەهدی دەڕوانن كە "شییانێكی زۆری هەیە بتوانێت لە ڕێی كابینەی نوێوە هەنگاوی گەورە بنێت و ڕەوشی ژیانی عێراقییەكان بەرەو باشتر بەرێت".


لەبارەی ئەوەی ئایا لە ناو لایەنە شیعەكاندا وەك دۆسێیەكی سیاسی ئەو هاوڕاییە هەیە؟، عیزەت شابەندەر یەكێكە لە سیاسەتمەدارە دێرینەكانی شیعەكانی عێراق و دەڵێت، "بەڕێز عادل عەبدولمەهدی بە شێوازێكی نائاسایی هات و شێوازێكە لەگەڵ پرەنسیپەكانی دیموكراسیدا ناگونجێت و بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش نییە و لەلایەن مەرجەعییەتی شیعەوە سەپێندراوە بەسەر هەموو هێزە سیاسییەكانی وڵاتەكەدا".


شابەندەر بە دەنگی ئەمەریكا رایگەیاندووە، "دەشێت باڵا دەستیی مەرجەعیەتی شیعەكان دەرنەكەوتبن، بەڵام دواتر لە كاتی پێكهێنان یان دوای پێكهێنانی حكومەت بە ئاشكرایی دەردەكەون، وە دەشڵێت دكتۆر عەبدولمەهدی لەلایەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانەوە هەڵنەبژێردراوە و هاوبەندی سائیرون كە موقتەدا ئەلسەدر ڕێبەرایەتی دەكات سواری ئەو شەپۆلی سەپاندنەی مەرجەعیەت بوون بەبێ ئەوەی گوێ بداتە لایەنەكانی تر و خواستی ئەو لایەنانەش بۆ بەشداربوونیان لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا".


ڕاسپاردنی دكتۆر عادل عەبدولمەهدی كە پێشتر ژمارەیەك پۆستی هەبووە لە حكومەتی عێراقدا لەسەر ئەو بنچینەیەیە كە كەسایەتییەكی میانڕەوی شیعەیە و پەیوەندییەكی باشیشی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی وڵاتەكەدا و وەك باسیش دەكرێت توانایەكی تۆكمەی هەیە بۆ بەڕێوەبردن و بڕواشی بەوەیە حكومەت پێویستە حكومەتێكی تەكنۆكرات بێت.
ه.م