جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە: چالاكیی چەكدارانی داعش لەناوچە جێناكۆكەكان روو لە هەڵكشانە

عیراق

13/10/2018‌ 586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا قارەمان شێخ كەمال، جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، چەكدارانی داعش سوودی لەو بۆشاییە ئەمنییەی نێوان ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان وەرگرتووە "چالاكییەكانیان لەناوچە جێناكۆكەكان روو لە هەڵكشانە".

لیوا قارەمان شێخ كەمال رایگەیاندووە، "ئێمە ئاگاداری جووڵەی تیرۆریستانی داعشین و بە وردی چاودێریی چالاكییەكانیان دەكەین، بەڵام نایشارینەوە چەكدارانی داعش سوودیان لەو سنوورانە بینیوە كە دەكەونە نێوان سەنگەرەكانی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان، بە ئاسانی داعش لەو نێوەندەدا ھاتوچۆ دەكات و چالاكییشیان ھەیە، بە داخەوە تا دێت چالاكیی گرووپی تیرۆریستیی داعش روو لە ھەڵكشانە".

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەشڵێت، "چالاكیی تیرۆریستانی داعش لە ئێستادا بریتییە لە نانەوەی بۆمب و دانانی خاڵی وەھمی و ھەڵكوتانە سەر گوندنشینان، بە تایبەتی ئەوەی ئێمە مەبەستمانە و زیاتر چاودێری دەكەین، ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانن".

رونیشیكردەوە، "تا ئەو ناوچانەی نێوانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەكان بەو بۆشاییە بمێنێتەوە، رۆژ بە رۆژ رەوشی ئەمنیی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاڵۆزتر دەچێت، چونكە ھێزە عێراقییەكان توانای كۆنتڕۆڵكردنی سنوورەكەیان نییە و رێگریشن لە چوونی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورانە، پێمان  وایە لە ئێستادا مەترسییەكی جیددیی داعش بۆ سەر ھەندێ ناوچەی كوردستانی ھەیە".
ه.م