موسەننا ئەمین: حکومەتی عێراق لەیاسای بودجەی ٢٠١٩ هەڵبجەی وەک پارێزگار ئەژمار نەکردوە

عیراق

13/10/2018‌ 749 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی یەکگرتو ڕایدەگەێنێت "مایەی سەرسوڕمانە حکومەتی عێراق ئامادەنەبووە وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا بکات".

ڕۆژی شەممە موسەننا ئەمین پەرلەمانتاری عێراق و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتو ڕایگەیاندوە "لەکاتێکدا کە حکومەتی عێراق ڕەشنووسی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی ئامادە کردووە، ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە بۆجارێکی دیکە حکومەتی عێراقی ئامادەنەبووە وەکو پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ پارێزگای هەڵەبجەدا بکات".

موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەشداوە "ئەم مامەڵەیەی حکومەتی عێراق و پشتگوێخستنی پارێزگای هەڵەبجە ڕەتدەکەینەوە, ساڵی ڕابردوو لەکاتێکدا حاڵەتێکی لەمشێوەیە ڕوویدایەوە، ڕووبەڕوو لەناو کۆبوونەوەیەکدا بە بەڕێز حەیدەر عبادی سەرۆکوەزیرانی عێراقم وت "تۆ بە چ حەقێک وەکو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەڵەبجەدا ناکەیت؟ لەکاتێکدا بە حەقی دەستوور هەڵەبجە پارێزگایە".

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتو ئەوەشی وتوە "هەربۆیەشە ئێمە ئەم ڕەشنووسەی بودجەی ٢٠١٩ ڕەتدەکەینەوە، و کاردەکەین لەپێناو جێگیرکردنی ئیستیحقاق و مافە داراییەکانی هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی".
هـ ـ ر