شارپرێس:
توركمان‌و عه‌ره‌بی سوننه‌ی كه‌ركوك پێشنیازه‌كانی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی كه‌ركوك خسته به‌رده‌ست سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، هاوكات كورد پێشنیازه‌كان ڕه‌تده‌كاته‌وه.
پاش كۆبونه‌وه‌ی شاندی توركمان‌و عه‌ره‌بی سوننه له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراوی عێراق، هه‌ردوو لایه‌نه‌كه پێشنیازی خۆیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی كه‌ركوك خسته به‌رده‌ست عه‌بدولمه‌هدی، كه له‌پێشنیازه‌كاندا ئه‌وه هاتووه، ئیداره‌دانی كه‌ركوك به‌هاوبه‌شیی له‌نێو سه‌رجه‌م پێكهاته‌كاندا، یاخود ئاڵوگۆڕۆی پۆسته‌كان كه هه‌ر ماوه‌یه‌ك له‌لای لایه‌نێك بێت.
توركمان‌و عه‌ره‌بی سوننه ئاماژه‌یان به‌وه‌شداوه، گه‌ر ئه‌و دوو پێشنیازه جێبه‌جێنه‌كرا، ئه‌وا ڕاكان جبوری پارێزگاری ئێستای كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت، له‌پۆسته‌كه‌یدا به‌رده‌وام بێت.
له‌به‌رامبه‌ردا كورد پێشنیازی ئه‌و دوو لایه‌نه ڕه‌تده‌كاته‌وه‌و پێی وایه، ئه‌و براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه له‌پارێزگاكه، زۆرێك له‌پۆسته‌كانی كه‌ركوكیش ئیستیحقاقی كورده.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه له‌پاش رووداوه‌كه‌ی 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكی له‌ده‌ستدا نه‌ماوه، هاوكات نه‌یتوانیوه تا ئێستا پارێزگارێك بۆ كه‌ركوك دابنێت، كه زۆركات ناوی ڕزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه، بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار ده‌هێندرێت.
ڕ . ج