یەكێتی داوای شاندو پرۆژەی هاوبەشی لایەنەكانی هەرێم بۆ بەغدا دەكات

عیراق

14/10/2018‌ 1555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم قادر حەمەجان كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، حیزبەكەی، لەسەرەتاوە لەگەڵ شاند و پرۆژەی كوردستانی هاوبەش بووە بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەدیهێنانی مافە دەستورییەكانی گەلی كوردستان، لەم پێناوەیشدا هەنگاوی كردەییمان ناوە.

كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی راشیگەیاند، نەحشەی ڕێگای یەكێتی یەكریزی گەلی كوردستان‌و حیزب‌و لایەنە سیاسییەكانییەتی، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەر گرژی‌و نیگەرانییەك لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا روویدابێت، بەگفتوگۆی بەرپرسیارانە چارەسەر دەكرێت‌‌و یەكێتی ئامادەیە بۆ دانیشتن‌و گفتوگۆ.

حاكم قادر سەبارەت بە عێراقیش رایگەیاند "ئومێدمان بە سێ‌ سەرۆكایەتییە نوێیەكەی عێراق هەیە‌و هیوادارین بە تەبایی پێكهاتەكان ‌و جێبەجێكردنی دەستور قۆناغێكی نوێی سیاسی‌و حوكمڕانی لە عێراق دەست پێبكات."
  
سەبارەت بەدۆخی نائاسایی كەركوكیش، حاكم قادر حەمەجان جەختی لەسیاسەتی نەگۆڕی یەكێتی كردەوەو رایگەیاند "رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی بەعس هەرچی لە توانایاندا بوو خستیانە گەڕ بۆ گۆڕینی ناسنامەی كوردستانیەتی كەركوك‌و راشیگەیاند لە ئێستایشدا زوڵم دژبە كەركوك‌و كەركوكیەكان و ناوچە جێناكۆكەكانی تریش دەكرێ‌‌و دۆخی سەپێنراوی كەركوك پێویستە ئاسایی بكرێتەوەو پارێزگارێكی نوێ‌ بۆ شارەكە دابنرێ‌‌و پێكهاتە ڕەسەنەكانیشی بە ئاشتی پێكەوە بژین".

هـ ـ ح