حەداد: لایەنەكانی عێراق‌و هەرێم دەیانەوێت كابینەی حكوومەت بەزووترین كات پێكبهێنرێت

عیراق

14/10/2018‌ 1364 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشیر خەلیل حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەیانەوێت كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق بەزووترین كات پێكبهێنرێت.

بەشیر خەلیل حەداد لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ لەبارەی پێكهێنانی كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠١٩ی عێراق، مەرجی كورد لەحكومەتی نوێی عێراقدا، سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق، چارەنووسی كارمەندە سڕكراوەكانی كۆمیسیۆن‌و دانیشتنی سبەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەداتەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەكە..
سیناریۆكانی پێكهێنانی كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق و سیناریۆكانی بەشداری كورد لەم كابینەیەدا چین؟
بەشیر خەلیل حەداد: لە ئێستادا هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان فشار دەخەنە سەر سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی چوارەمی عێراق، عادل عەبدولمەهدی بۆ ئەوەی بە زووترین كات كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق پێكبهێنێت، چونكە سەرجەم لایەنە سیاسییەكان پێیانوایە، پێكهێنانی حكوومەت چەند دوا بكەوێت، رووبەڕووی كێشە و گیروگرفتی زیاتر دەبێتەوە، حكوومەتی عێراق بە سازانی گشت لایەنەكان پێكدەهێندرێت، بۆ بەشداری كورد لە حكوومەتی نوێی عێراقدا سێ سیناریۆ هەیە، یەكەمیان كە لەم دۆخەدا ئاسان نییە، بریتییە لە بەشداریكردنی كورد بە یەك پاكێج، هەموو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان پێكەوە داوای پشكی خۆیان بكەن لە حكوومەتی نوێی عێراقدا و، دواتر پشكی هەرێمی كوردستان بە رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دابەشبكرێن.

سیناریۆی دووەم بەشداریكردنە بە جیا، هەر لایەنێك رێككەوتن بكات و، داوای پشكی خۆی بكات لە حكوومەتی عێراقدا و سێیەم سیناریۆ بۆ بەشداریكردنی كورد لە كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق بە پێوەری ژمارەی كورسییەكان و ژمارەی دەنگەكانی بێت كە لە هەڵبژاردن بە دەستیهێناوە، كامە لیست خاوەن زۆرترین كورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران، پشكی زیاتری بەردەكەوێت.

باشترین سیناریۆ بۆ كورد كامەیە؟
بەشیر خەلیل حەداد :باشترین سیناریۆ بۆ بەشداریكردنی كورد لە پێكهێنانی كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق ئەوەیە بە یەك پاكێج لەبەردەم سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق داوای ماف و پشكەكانی هەرێمی كوردستان بكرێت، نەك بە پەرتەوازەیی و بە رێككەوتنی جیا جیا، ئەگەر ئەمە جێبەجێ نەكرا، دەبێت بەپێی ژمارەی كورسییەكان و ژمارەی دەنگدەران، لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان مافی خۆیان وەربگرن.

كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق چەند وەزارەت دەبێت و چەند وەزارەت بۆ كورد دەبێت؟
حەداد: لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا ژمارەی وەزارەتەكانی حكوومەتی عێراق گۆڕانكارییان بەسەدا دێت و رەنگە كەم بكرێنەوە، هەموو پێكهاتەكان و، بە تایبەت كورد هەوڵدەدات بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی مافەكانی خۆیدا ژمارەیەك وەزارەتی گرنگ لە حكوومەتی نوێی عێراق وەربگرێت.

پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق چەند دەبێت؟
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد: لە ئێستادا رەشنووسی بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیرانە، دوای وردبینییەكانی وەزارەت رەنگە گۆڕانكاری تیایدا رووبدات و ئینجا رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، هەر كەموكوڕییەك لە بوودجەی عێراق و پشكی كورد لەو بوودجەیەدا هەبێت رەتیدەكەینەوە و دەینێرینەوە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر كەموكوڕییەكان چارەسەر نەكرێت، ئەوكاتە پێكهاتەی كورد لە عێراق دەنگ نادات بۆ پەسەندكردنی بوودجەی ساڵی ٢٠١٩ی عێراق، ئەمەیش كێشەی سیاسی دەهێنێتە ئاراوە.

چی دەكەن بۆ ئەوەی پشكی هەرێم لە بوودجەی ٢٠١٩ ی عێراق كەم نەكرێتەوە؟
بەشیر حەداد: داواكاری نەگۆڕی ئێمە لەبارەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی ساڵانەی عێراقدا، لە سەدا ١٧یە، چونكە رێككەوتنێكی سیاسیی لەسەر ئەم رێژەیە كراوە، ئێمە پێمانوایە ئەگەر سەرژمێرییەك بۆ دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستان بكرێت، بە گوێرەی ژمارەی دانیشتووان بوودجە تەرخان بكرێت، پشكی هەرێمی كوردستان لە بوودجەی عێراقدا لە سەدا ١٧ زیاتر دەبێت. بەڵام لەبەر ئەوەی سەرژمێری نەكراوە، بە رێژەی سەدا ١٧ رازین، لە ئێستادا نەفەقاتی سیادی زیاتر كراوە، بەمەیش ئەگەر رێژەی سەدا ١٧ پشكی هەرێمی كوردستان بێت، كەم دەبێتەوە بۆ سەدا ١٤، جا ئەگەر پشكی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی ٢٠١٩ كەم بكرێتەوە بۆ لەسەدا ١٢ وەكو ساڵی رابردوو، بە لێدەكردنی نەفەقاتی سیادی بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان لەسەدا ٨ دەمێنێتەوە، كە ئەمەیش جێگەی قبووڵكردن نییە و رەتی دەكەینەوە".

دەوترێت حكوومەتی عێراق كار بۆ ئەوە دەكات بەشە بوودجەی پێشمەرگە بە حەشدی شەعبی بدات، ئەمە راستە؟ چۆن رێگری لەمە دەكەن؟
بەشیر خەلیل حەداد: یەكێك لەو خاڵانەی جەختی لەسەر دەكەینەوە و پێداگیری لەسەر دەكەین، دابینكردنی بەشە بوودجەی هێزەكانی پێشمەرگەیە و بەدەستهێنانەوەی سەرجەم ئەو مافانەی پێشمەرگەیە كە لە ساڵانی رابردوو نەدراون، دەگوترێت نادادپەروەرییەكی زۆر بەرامبەر هێزەكانی پێشمەرگە كراوە لەلایەن حكوومەتی عێراق لە بەشە بوودجەی پێشمەرگە بە حەشدی شەعبی و سوپای عێراق دەدات، ئەمانە زانیاری نافەرمین و هیودارین بەم شێوەیە نەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام ئەگەر بزانین بابەتێكی وا لە ئارادایە، بێگومان هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ رێگاگرتن لە هەنگاوێكی لەم چەشنە، ناهێڵین بە زۆرینە تێپەڕێندرێت. جێگرەوەی زۆرمان هەیە لەبەرامبەر هەنگاوەكانی لەم شێوەیە.

مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردن لە كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق؟
بەشیر خەلیل حەداد: مەرجی كورد و بە تایبەت فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بەشداربوون لە كابینەی چوارەمی حكوومەتی عێراق مسۆگەركردنی مافەكانی پێكهاتەی كوردە لە عێراق، بۆ ئەم مەبەستەیش دەبێت هاوبەشی(شەراكەت)یەكی راستەقینە و سازانێكی گشتی هەبێت كە رێگربێت لە تێپەڕاندنی بابەتە چارەنووسسازەكان بە زۆرینە و هەروەها هاوسەنگییەكی گونجاو بێت لە دابەشكردنی بوودجە و پۆست و پلەكاندا لە حكوومەتی نوێدا، ئەگەر ئەمە نەكرێت پێداچوونەوە بە پەیوەندییەكانمان دەكەین لەگەڵ بەغدا.

ئەنجامی سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چی بوو؟
بەشیر خەلیل حەداد: سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق و ئەنجامدانی زنجیرەیەك كۆبوونەوە و سەردانی بەڕێزیان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر گرنگ بوو، لەمیانی سەردانەكەیدا بە تایبەت پرسی ئاو لە نێوان توركیا و عێراقدا تاوتوێكرا، تێڕوانینی توركیا بۆ ئاو ئەوە بوو كە ئاو نیعمەتێكی گەورەی خودایە و پێویستە هەموو كەس و وڵاتێك لێی سوودمەند بێت و بۆ ئەوەی زیاترسوود لە ئاو وەربگیرێت، دەبێت پشت بە بەكارهێنانی ئامرازی نوێ ببەستین، هەرچەند تا ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەبارەی ئاوەوە نەكراوە لە نێوان توركیا و عێراق، بەڵام نەرمی نواندنێكی دڵخۆشكەر هەیە.

نەرمی نواندن بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاو بەسە؟
بەشیر خەلیل حەداد: پێشبینی دەكەم لە ئایندەیەكی نزیكدا ژمارەیەك لیژنەی هونەری پێكدەهێندرێن لە نێوان عێراق و توركیا بۆ ئەوەی نەرمی نواندنەكانی نێوان توركیا و عێراق بكرێتە ماددەیەكی یاسایی و دەستوورییەوە و رێككەوتنێكی نێودەوڵەتی لە نێوان توركیا، عێراق و ئێران بكرێت لەسەر پرسی ئاو، بەپێی رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان پێویستە هەر وڵاتێك پابەند بێت بە بڕە ئاوی خۆی.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ژمارەیەكی زۆر لە كارمەندانی كۆمیسیۆن لە كارەكانیان سڕكران، ئەم كارمەندانە دووردەخرێنەوە یان دەست بە كارەكانیان دەكەنەوە؟
بەشیر خەلیل حەداد: ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەنووسی ئەو كارمەندانەی كۆمیسیۆن یەكلایی دەكاتەوە كە دوای هەڵبژاردن لە كارەكانیان سڕكراون، ئەمەیش هەموو داكۆكییەك دەكەین بۆ ئەوەی ئەو كارمەند و ئەو بەڵێندەرانەی لە چوارچێوەی كارەكانی كۆمسیۆن كاریان كردووە مافەكانیان وەربگرنەوە.

دانیشتنی ئەمجارەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی چییەوە دەبێت؟
جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر خەلیل حەداد: بڕیارە سبەی دووشەممە. دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی پێكهێنانی لێژنە هەمیشەییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بێت، لە دانیشتنەكەدا دەنگ دەدرێت لەسەر ژمارەی لیژنەكان و ژمارەی ئەندامانی لیژنە، رەنگە لیژنەكان زیاد بكرێن و ژمارەی ئەندامانی لیژنەكان گۆڕانكاری بەسەردا دێت.