شارپرێس:
وەرگێرانی: لوقمان حاجی قادر
پرسی شوێنبزربوونی (جەمال خاشقچی) ی ڕۆژنامەنووسە ناودارەكەی سعودیە و ڕەهەندەكانی، جێگەی گرنگیپێدانی ئەم هەفتەیەی ڕۆژنامە سویسرییەكان بوو، ئەمەش دوای ئەوەی كە ناوبراو چووە ناو كونسوڵخانەی ووڵاتەكەی لە ئەستەمبوڵ لێشی نەهاتەدەرەوه.
دوای پێنج ڕۆژ لە ونبوونی (ووتارەكه لە 8 ی ئۆكتۆبەر نووسراوە) خاشقچی كە لە 2 ی ئۆكتۆبەری ئەم مانگە سەردانی كونسوڵخانەی ووڵاتەكەی كرد لە ئەستەمبوڵ ، میدیاكانی سویسرا لە ڕێگەی بڵاوكردنەوە بروسكەی ئاژانسەكانی هەواڵی نێودەوڵەتی و پەیامنێرەكانی لە ئەستەمبوڵ و واشنتۆن و پایتەختەكانی دیكەوە ، دەستیان كرد بە بەدواداچوون بۆ پرسی ئەو ڕۆژنامەنووسە. هەندێك لەو ڕۆژنامانە مانشێت و سەردێڕەكانیان كردە بڵندگۆی پرسیار و ووردبوونەوە لەو پرسە ، هەندێكی دیكەیان بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندەكانی ئەو پرسە و شیمانەی پەرەسەندنەكانی لە ئایندەدا ، گفتوگۆی جۆراوجۆریان لەگەڵ شارەزار و شڕۆڤەكاركاندا سازكرد.
ئابڕووچونێكی نێودەوڵەتی
بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری ڕۆژنامەی لوتۆن لە ئەستەمبوڵ كە لە ژێر نانیشانی ((گومانكردن لەوەی پڕۆسەی تیرۆركردنەكە رژێمی سعودی ئەنجامی داوە)) بڵاوكراوەتەوە ، ئان ئەندرۆ دەڵێت: (( پۆلیسی توركیا ڕایگەیاندووە كە سعودیە جەمال خاشقچی لە ئەستەمبوڵ تیرۆر كردووە ، دەشڵێت لە ئەگەری دڵنیابوون لە گریمانەی تیرۆركردنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ، سعودیە تووشی ئابڕووچوونێكی نێودەوڵەتی دەكات و پەیوەندییە بارگرژاویەكانی نێوان ئەنقەڕە و ریازیش خەستتر دەكاتەوە كە دوو هێزن و بەدوای بەدەستهێنانی هەژموونی هەرێمین لە ناوچەكە)).
هەر لەم بارەشەوە پەیامنێرەكە لە زاری (كان كوتلو ئاتاش) ی مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی مەرسین ڕایگەیاندووە : ((ئەگەر بەجۆرێك لە جۆرەكان ئەم دەنگۆیانە ڕاست بن ، ئەوا كاردانەوەیەكی دبلۆماسی توندی لە لایەن ئەنقەرەوە لێ دەكەوێتەوە)) ، توێژەرەكە وای دەبینی كە وونبوونی خاشقچی و شیمانەی تیرۆركردنی ، ئەوە دەردەخات كە دەسەڵاتدارنی سعودی و میر محەمەدی كوڕی سەلمانی جێنشین لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان زۆر لەوەش زیاتر دەكەن)) ، دەشڵێت (( دوور نییە ڕیاز ئەو تەنگژەیە تێەپەرینێت)).
دڕندییەكی بێ وێنە
لە ژێر ناونیشانی گەڕانەوە بۆ دڕندەیی رۆژئاوا ، لویس لیما بە دەزوویەكی سوور هەریەك لە كونسوڵگەری سعودیە لە ئەستەمبوڵ و بارەگای پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئەنتەرپوڵ) لە لیۆنی فەڕەنسا و شاری سالیسبۆری بەریتانیایی بەیەكەوە بەستووە ، هەرچەندە شەو سێ شوێنە لێكدابڕاون و بە ڕواڵەت هیچ پەیوەندییەكیان لە نێواندا نییە و دەڵێت : (( بە گوێرەی ئەو ڕوودانەوەی كە لەو سێ شوێنەدا ڕوویانداوه ( شوێنبزربوونی خاشقچی لە كونسوڵخانەی سعودیە لە ئەستەمبوڵ ، ڕفاندنی سەرۆكی پۆلیسی ئەنتەرپوڵی بەرەگەز چینی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ووڵاتەكەیەوە، تیرۆركردنی سیخوڕە ڕوسییەكە و كچەكەی لە لایەن مۆسكۆوە ) و زیاتریش لەوە دەچێت ڕاست و دروستبن ، سرووشتی ڕووداوەكان ئەوە دەسەلمێنن كە نەك تەنها سیناریۆییەكی خراپن ، بەڵكو ئاماژەن بۆ گەڕانەوەی دڕندایەتییەكی بێ وێنە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا)).
لویس لیما لە ڕۆژنامەی ( تربیۆن دو جنێڤ) دا سەرنجمان بۆ ئەوە ڕادەكێشێت كە خاشقچی ڕووی ڕاستەقینەی لاڕێبوونی دەسەڵاتی میر محەمەدی جێنشینی سعودی بە تەواوی دەرخست و دەڵێت : (( ئەگەر لێدوانەكانی توركیا ڕاست بن ، ئەوا خاشقچی لە كونسوڵخانەی ووڵاتەكەی لە ئەستەمبوڵ تیرۆر كراوە و دواتریش لاشەكەی پارچەپارچەكراوە)). دوای ئەوەش نووسەر بەرئەنجامی كارو كردەوەكانی سعودیە (شەڕی یەمەن و دەستگیركردنی لایەنرگانی ئۆپۆزسیۆن لە ڕیاز ) و چین ( سەركوتكردنی پلانبۆداڕێژراوی دانیشتوانی ئیگۆر لە ناوچەی سینگیانگ لە لایەن چیینەوە) و ڕوسیا ( بەرتەسكبوونەوەی ئازادییەكان لە روسیا و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لە سووریا ) خستوونەڕوو ، باس لەوهش دەكات كە : ( ئەو ڕووداوانە بە بەرچاوی هەمووانەوە ئەنجام دراون بێ ئەوەی بكەرەكانیان هەست بە شەرمەزاری و ڕووگیری بكەن)) ، دەشڵێت كە ئەو ڕووداوانە: (( جەختكردنەوەیە لەسەر پێلێڕاكێشانی بێ سنووری دەسەڵات ، ئیدی ڕاستی لێدوانەكان و بەدرۆخستنەوە و ڕەتكردنەوەیان ، ئەو ئەنجامانەی كە لەو ڕووداوانەشەوە دەكەنەوە ، هیچ نرخ و بەهایەكیان نەماوە ، ئێستا جیهان دەبێت دەست و پەنجە لەگەڵ ڕووداوی لەو جۆرە نەرم بكات كە كەمێك لەمەوپێش وا تەماشادەكران كە هی سەردەمانی پێشوون و تێپەڕیوون. ئەم شێوازانە جێگەی مەترسین و بەردەوامی ڕووداوەكانیش هاندەرن بۆ ڕووداوی دیكەی لەم جۆرە ، بەمەش بارەگا دبلۆماسییەكان و ڕیكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەبنە جێگەی تیرۆر و كوشتن و دەمانگێرنەوە بۆ سەردەمی دڕندەیی ڕۆژئاوا)).
كارێكی چاوەڕواننەكراوە ڕیاز ئەمەی كردبێت
كاتی ماشیرێڵ لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ حەسەن عوبەیدی بەرێوەبەری سەنتەری لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی تایبەت بە نیشتمانی عەرەبی لە زانكۆی جنێڤ ، لە میوانەكەی دەپرسێت كە ئاخۆ خاشقچی ئەوەندە دەسەڵاتی سعودیەی هەراسان كردووە تا تیرۆری بكەن؟ ئەویش لە ووڵامدا گووتی : (( دەبێت بە ووریاییەوه لەوە بڕوانین كه لە 2 ی ئۆكتۆبەر لە ئەستەمبوڵ ڕوویدا. بەڵام جەمال خاشقچی كە لە دوای كردەكانی پاكتاوكردنی نەیاران لە لایەن سعودییەوە لە پایزی2017 سعودیەی جێهێشت و تاراوگەی هەڵبژارد ، بوو بە دەنگێكی دلێر لە ڕەخنەگرتن لە ڕژێمی سعودیە ، لە دەرەوەش گوێی لێ دەگیرا بە تایبەتیش لە واشنتۆن كە بە هاوپەیمانە نزیكەكەی شانشینی سعودیە لە قەڵەم دەدرێت. ئەو بە بەردەوامی ووتارەكانی لە واشنتۆن پۆست بڵاودەكردنەوە ، لە لایەن دەزگا میدیاییە ئەمەریكاییەكانیشەوە بانگهێشتی كوڕ و دانیشتنەكان دەكرا. ئەمەش ئەوكارە بوو كه شانشینی سعودیە بەرگەی نەدەگرت)).
ڕۆژنامەكە دیسان دەپرسێت : (( خاشقچی نەیارێكی میانەڕەوو بوو ، بە نەرمیش ڕەخنەی لە دەسەڵاتی ڕیاز دەگرت.. حەسەن عوبەیدی لە ووڵامدا ووتی: (( دیارە هەر ئەم سیفەتەی خاشقچی وای لێكرد كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا جێگەی سەرنج ڕاكیشان بێت و نەیارەكانیشی هەراسان بكات ، چونكە ئەو پێشتر لە ناوجەرگەی دەسەڵاتی سعودی بوو لە ڕیاز و ڕاوێژكاری توركی فەیسەڵی سەرۆكی پێشووی هەواڵگری شانشینی سعودیە بوو ، لە لەندەنیش هەر ڕاوێژكاری بوو كاتێك توركی فەیسەڵ لەوێ باڵوێز بوو. بەڵام خاشقچی كە پیاوێكی ئازاد بوو ، لەو چەند مانگانەی پێشوو ڕەخنەكانی زۆر بە توندی ئاراستەی ستەمكاری محمدی كوری سەلمان و بارگرژییەكانی لەگەڵ قەتەر و شەڕی یەمەن دەكرد)).
ئەگەر گریمانەی ئەوە ڕاست بێت كە دەستوپێوەندەكانی شانشینی سعودی دەستیان لە ڕووداوەكەی ئەستەمبوڵ دا هەبووە ، ئایا دەكرێت ئەوە وەك پەیامی سعودیە لێك بدرێتەوە بۆ دەسەڵاتدارانی توركیا؟ حەسەن عوبەیدی لە ووڵامدا گووتی: (( ئەگەر ئەوە كرابێت ، ئەوا پوختەی پەیامەكەی سعودیە ئەوەیە كە هیچ كەسیك لە نەیارانی شانشینی سعودیە لە توركیا نابێت لە خۆی ئەمین بێت ، نابێت ئەوەشمان بیر بچێت كە دەسەڵاتدارانی ڕیاز پێشتر ئەو كارەیان كردووە و لە ساڵی 2003 لە جنێڤەوە میرێكی سعودیان ڕفاند و كە رەخنەی لە شانشینی سعودیە دەگرت.
لە كۆتایدا ڕۆژنامەنووسەكە دەپرسێت : (( بەو چاكسازییانەی كردنی ، میر محمد سەلمان وێنەیەكی جوانی خۆی نمایشكرد ، كەچی سەركوتكردنی نەیارەكانی شانشینەكە هەر گەرموگوڕتر دەبێت. میر محمد لە چی دەترسێت؟ لە ووڵامدا حسن عوبەیدی ووتی ئەمە ئەو دژ یەكییەیە كە شانشینی سعودیە هەیەتی ، دەوڵەتانی دەرەوە پێشوازیان لەو چاكسازییانەی سعودیە كرد ، لە هەمان كاتیشدا میر محمد سەلمان زۆر بە توندی دژی هەموو ئەوانە وەستایەوە كە دەكرا بەربەستبن لەسەر ڕێگەی.
ئەو نەیارانە داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ و چالاكوانانی ژن و تەنانەت زاناكانیش بوون كە مەترسییەكی زۆریان هەبوو لە گرتنبەری ڕێگە پێچاوپێچەكەی چاكسازی. ئەم سەركوتكردنە نیشانەی زوو شپرەزەبوونی میری جێنشینە ، چونكە لەناو خودی خێزانی شاهانەدا خەڵكانێك هەن دژایەتی هاتنەسەركاری دەكەن.