بەرهەم ساڵح و جۆن سولیڤان كۆبوونەوە
جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریكایی دەربڕی

عیراق

14/10/2018‌ 977 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
جۆن سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گەیشتە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق كۆبووەوە و سولیڤان ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمەریكایی دەربڕیووە، ئەوەش بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق.

نوسینگەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە بەرهەم ساڵح و جۆن سولیڤان، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆشكی سەلام كۆبوونەتەوە سولیڤان پشتیوانیكردنی وڵاتەكەی  بۆ عێراق لە هەمو بوارەكان نوێكردووەتەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا "هەوڵەكانی واشنتۆنی دووپاتكردووەتەوە بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و بەهێزكردنی هاریكاریی هاوبەش  بە تایبەتیی لە كایەكانی ئابوریی و هاندانی وەبەرهێنان".

رونیشكراوەتەوە، جۆن سولیڤان "ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ هاندانی وەبەرهێنەرانی ئەمریكایی بۆ خستەگەڕی سەرمایەكانیان وەك پشتیوانییەك بۆ ئۆقرەیی ئابوریی عێراق دەربڕیووە".

هاوكات بەرهەم ساڵح لە كۆبوونەوەكەدا "گرنگیی بەهێزكردنی هاریكاریی نێوان هەردو وڵات و گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیانی بە گرنگ زانیووە بە تایبەتیی رێككەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیی".
ه.م