ململانێكان لەسەر پارێزگاری كەركوك چڕدەبێتەوە
عەرەب و توركمانەكان پێشنیازێك لەبارەی پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ عادل عەبدولمەدی دەكەن

عیراق

14/10/2018‌ 2254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت ململانێكان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك لە نێوان یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستات چڕتردەبێتەوە، ئەوەش دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و پێشڕەوی هێزە عێراقییەكان بۆ پارێزگاكە.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پارێزگاری لابوو چەندین هەوڵیداوە بۆ ئەوەی بەرێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمان پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، بەڵام شكستی هێناوە، پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەو پارێزگایە بە داگیركراون ناو دەبات و هیچ چالاكییەكی سیاسی تێدا ئەنجامنادات.

عەرەب و توركمانەكانی كەركوك نایانەوێت دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری كەركوك بن و بیدەنەوە بە كورد، كە ئێستا راكان جبور، لە پشكی عەرەبی سوونە ئەو پۆستە بەڕێوەدەبات.

بەپێی میدیاكانی عێراق، عەرەب و توركمانەكانی كەركوك پێشنیاریان بۆ عادل عەبدولمەهدی، راسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە، پۆستی پارێزگاری كەركوك بەشێوەی دەوری و هەرجارەو لای پێكهاتەیەك بێت، یان پۆستەكە لای راكان جبوری پارێزگاری ئێستا بەوەكالەت بمێنێتەوە.

ئازاد جەباری، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی یەكێتی بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، كورد بەو پێشنیارە رازی نابێت و پۆستی پارێزگاری كەركوك ئیستیحقاقی گەورەترین كوتلەیە كە كوردە، دەشڵێت، "ناكرێت نەتەوەیەك داوای بكات كە ژمارەیان بەقەد گەڕەكێكی كەركوكە."

ئاماژەی بەوەشكرد، "ئەگەر وابێت، دەبێت پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش بەشێوەی دەوری لای نەتەوە و پێكهاتەكان بێت، ئەمە خیلافی قانونە".

دوای 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، یەكێتی هەوڵیدا بەرێككەوتن لەگەڵ عەرەب و توركمان پۆستی پارێزگار وەربگرێتەوە، بەڵام شكستی هێنا.دواتر، هەوڵیدا پارتی بگەرێنێتەوە كەركوك و پۆستەكە وەربگرنەوە، ئەم هەوڵەشی شكستی هێنا و ئێستا جارێكی تر دەیەوێ لەگەڵ عەرەب و توركماندا رێكبكەوێتەوە.

نەجات حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە ‌كوتلەی توركمانی، لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك ئاماژەی بەناكۆكیەكان كرد.ئەوگوتی، "كورد و عەرەب و توركمان بەجیا داوای ئەو پۆستە دەكەن."

بریارە كوتایی مانگی 12 ی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بەڵام پێناچێت ئەو هەڵبژاردنە لە كەركوك بكرێت، ئەمەش وادەكات كێشەكان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك هەروا بەچارەسەر نەكراوی بمێنێتەوە.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی دەڵێت، "پۆستی پارێزگار ئیستیحقاقی گەورەترین كوتلەیە، بەڵام هێشتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا نەكراوە."

ناكۆكی نێوان پێكهاتەكانی كەركوك لەسەر پۆستەكانی ئەو شارە، لەكاتێكدایە هەوڵی نانەوەی پشێوی لەو شارە دەدرێت و ناو بەناو تەقینەوە ڕوودەدات، بەتایبەت شەوی یەكشەمە تەقینەوەیەك لەگەڕەكی مەمدودە ڕوویداو چەند هاوڵاتیەك كوژران و برینداربوون.
ه.م