لەبارەی ساختەكارییەوە
ژمارەیەك رێكخراو داوایەك ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن

عیراق

14/10/2018‌ 825 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپێس:
ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی و بواری هەڵبژاردن لەبارەی ساختەكارییەكانی هەڵبژاردنەوە داوایەك ئاڕاستەی سەرۆك كۆماری عێراق دەكەن و رایدەگەیەنن، پێویستە " پارێزەری دەستوربن و ئەركی سەرشانی لە هەموو ئەو پێشێلكارییە دەستوریانەی دێنە كایەوە جێبەجێ بكات".

ئەو رێكخراوانە لە نامەیەكی كراوەدا كە وێنەیەكی بۆ شارپرێس نێردراوە دەڵێن، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەتانە پێویستە پارێزەری دەستور بن و ئەركی سەرشانتانە لە هەموو ئەو پێشێلكارییە دەستوریانەی دێنە كایەوە دەنگتان هەبێت و هەڵوێستی راشكاوانەتان بخەنەروو.

ئاماژەیان بەوەشكردووە، "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30/9/2018 ئەنجامدرا، بەمەبەستی ئەنجامدانی ساختەكاری و وەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكەدا، بە هەزاران رەگەزنامەی ساختە دروستكراوە، ئەمەش هەم ساختەكارییەكی گەورەیەو ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوبانگی عێراق لە دنیادا لەكەدار دەكات و هەمیش بەها بۆ رەگەزنامەی عێراقی ناهێڵێتەوە".

دەقی نامەكە
بۆ بەڕێز سەرۆك كۆماری عێراق

بابەت/داواكاری بەپەلە بۆ رێگری لە ساختەكاری و پەشێوی كۆمەڵایەتی

بەپێی ئەو دەسەڵاتەی هەتانە پێویستە پارێزەری دەستور بن و ئەركی سەرشانتانە لەهەموو ئەو پێشێلكارییە دەستوریانەی دێنە كایەوە دەنگتان هەبێت و هەڵوێستی راشكاوانەتان بخەنە روو.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا كە 30/9/2018 ئەنجامدرا، بەمەبەستی ئەنجامدانی ساختەكاری و وەدەستهێنانی دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكەدا، بە هەزاران رەگەزنامەی ساختە دروستكراوە، ئەمەش هەم ساختەكارییەكی گەورەیەو ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوبانگی عێراق لە دنیادا لەكەدار دەكات و هەمیش بەها بۆ رەگەزنامەی عێراقی ناهێڵێتەوە، دروستكردنی ئەم رێژە زۆرەی رەگەزنامە بەساختە گرفت بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە، لەو وڵاتانەی كە یاسا تیایاندا سەروەرە هێزە سیاسیەكان و لایەنە فەرمییەكان رێگری لەو ساختەكاریانە دەكەن كە هاوڵاتیان ئەنجامی دەدەن، لێرە بە پێچەوانەیە و هێزە سیاسیەكان هاوڵاتیان فێری ساختەكاری دەكەن، بێگومان ئەمەش كارەسات بەدوای خۆیدا دەهێنێت!

سەرجەم لایەنە سیاسیە بەشدار بووەكانیش بەبێ جیاوازی ئەو راستیەیان نەشاردۆتەوە، كە ساختەكارییەكی بیشومار كراوە لەوانە: 

-وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە فەرمی رایگەیاند كە :" پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 30ی سێپتەمبەر لە هەولێر و دهۆكدا ساختەكاریدا بێ وێنە كراوە". 
-بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش باسی لەهەمان ساختەكاری كرد كە لە سلێمانی ئەنجامدراوە. 

-هەریەك لە لایەنەكانی (بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵا ئیسلامی ، یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ) باسیان لە ساختەكارییەكی بێ شومار كرد كە لە سەرجەم هەرێمی كوردستاندا بەبێ جیاوازی ئەنجامدراوە. هەر لەم پێناوەشدا سەدان سكاڵا لەلایەن هێز و قەوارە جیاجیاكانەوە تۆمار كراوە. ئەمە جگە لە راپۆرتی چاودێرانی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە ئەم راستیانەیان بە راشكاوی و بە بەڵگەوە خستۆتە روو ، ئەمە جگە لەوەی (هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری) وەك حزبێك بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كرد بەهۆی بێمتمانەی بە پرۆسەكە .

بۆیە ئێمە وەك ئەو ڕێكخراوانەی كە ناومان لە خوارەوە هاتووە داواكارین بەپێی ئەو پێگەیەی یاسا و دەستور بۆی دیاری كردوون، پێویستە لەسەر ئەو دۆخەی لە هەرێمی كوردستان هاتۆتە پێش هەڵوێستان هەبێت، چونكە لەبەرئەنجامی نەبوونی هەڵوێست بەهۆی ئەم ساختەكاریەو دەرەنجامەكانیەوە مەترسیی شێواندنی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەگۆڕێدایە.

لەكاتی رەچاونەكردن و بەدەمەوە نەهاتنی ئەم داوایەو هەڵنەسانتان بەو ئەركەی كە سوێندتان پێی خواردووە بەمەبەستی پاراستنی دەستور و رێگری كردن لەپێشێلكارییە دەستورییەكان، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و چەند یاسایەكی تری بەركار،، وەكو هاوبەش لەو تاوانەی كراوە سەیر دەكرێن كە تیایاندا بكەر و هاوبەش و چاوپۆشیكەر لەتاوان، بەتۆمەتبار دەژمێردرێن.

لەگەڵ رێزدا

وێنەیەك بۆ:
-ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ
-ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقی فیدراڵ.
-دادگای فیدراڵی عیراق.
-ئەنجومەنی دادوەری عیراق.
-وەزارەتی ناوخۆ.
-نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عیراق.
-سەرجەم باڵوێزخانەكانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە عیراق.

ناوی رێكخراوەكان :
1.ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY).
2.پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی (ILDK).
3.ڕێكخراوی فیوچەر
4.رێكخراوی هەڵوێست 
5.پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی NIIR
6.ئینستتیوتی برادۆست بۆ گەشەپێدان BID
7.رێكخراوی سكاڵا بۆ پرسەكانی ژنان
8.رێكخراوی دیمەن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان
9.رێكخراوی گەیاندن بۆ چالاكییە دیموكراسیەكان و مافی مرۆڤ
10. ڕێكخراوی یەكگرتوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان
11. ڕێكخراوی پایتەختی ئاشتی
12.تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە
13.پەیمانگەی بیروڕا بۆ توێژینەوەی زانستی.
14.پەیمانگەی ستراتیجی بۆ پرسی دبلۆماسی.
15.رێكخراوی مافی تۆ بۆ گەشەپێدانی كۆمەلایەتی.

بەپەلە