كەركوك.. دژە تیرۆری عێراق باندێکى پشت تەقینەوەکانیانی شەوی ڕابردوی دەستگیرکرد

عیراق

14/10/2018‌ 762 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە شارى كەركوك، ڕایگەیاندوە "هێزەكانیان حەوت كەسیان دەستگیركردووە، كە ئەنجامدەری تەقینەوەكانی كەركوك بوون".

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، یەکشەممە دەزگای دژە تیرۆری عێراق لە شاری كەركوك، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسى ئەنجامدا دەربارەی دەستگیركردنی باندێك، كە ئەنجامدەری تەقینەوەكانی كەركوك بوون.

لیوا ڕوكن موعەن ساعدى، فەرماندەی دژە تیرۆری عێراق و بەرپرسی سەپاندنی یاسا لە كەركوك، لە كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، ڕایگەیاند "هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق، بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری عێراق، توانیویانە حەوت كەس دەستگیر بكەن، كە بەشێوەی باند كاریان كردووە، لە نێویاندا خەڵكی كەركوك و شارەكانی باشوری عێراق هەیە".

موعەن ساعدى ئاماژەی بەوەشداوە "ئەو كەسانە تاوانبارن بە ئەنجامدانی تەقینەوەكانی چەند ڕۆژی ڕابردووى شاری كەركوك، هەروەها شەوی ڕابردوو دوابەدوای تەقینەوەكەی گەڕەكی مەندودە هێزەكان پێنج كەسیان دەستگیركردووە، كە بكەر و هاوكاری تەقینەوەكە بوون".

ئەو بەرپرسەى دژەتیرۆرى عێراق، ئەوەشی وتوە "ئەو باندە حەوت کەسییە، بێجگە لە ئەنجامدانى تەقینەوە، کارى تێکدەرانەشییان لە شارى کەرکوک ئەنجامداوە".
هـ ـ ر