داوا لە سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەکرێت لە ساختەکارییەکانى هەڵبژاردن بکۆڵێتەوە

عیراق

14/10/2018‌ 2184 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی، داوا لەسەرۆک کۆماری عێراق دەکەن، کە بەپێی ئەو دەسەڵاتەى هەیەتى لە ساختەکارییەکانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان بکۆڵێتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە کۆمەڵێک ڕێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى، لە نامەیەکی فەرمیدا داوایان د.بەرهەم سالح، سەرۆک کۆمارى عێراق کرد، کە لێکۆڵینەوە لە ساختەکارییەکانى هەڵبژاردنى ٣٠ ئەیلولى هەرێمى کوردستان بکات و ئەگەر لێی نەکۆڵێتەوە و لەپێشیلکارییە دەستورییە بێدەنگ نەبێت ئەوا وەكو هاوبەش لەو تاوانەی كراوە سەیر دەکرێن.

ئەو ڕیکخراوانە داوایان لە د.بەرهەم ساڵح کردوە "لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمى كوردستان-دا، بەمەبەستی ئەنجامدانی ساختەكاریی هەزاران ڕەگەزنامەی ساختە دروستكراوە، ئەمەش هەم ساختەكارییەكی گەورەیە و ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە عێراق و ناوبانگی عێراق لە دنیادا لەكەدار دەكات، هەمیش بەها بۆ ڕەگەزنامەی عێراقی ناهێڵێتەوە، دروستكردنی ئەم ڕێژە زۆرەی ڕەگەزنامە بەساختە، گرفت بەدوای خۆیدا دەهێنێت و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە".

لە بەشێکى دیکەى ناماکەدا، ئاماژە بەوەکراوە "سەرجەم لایەنەکان دانیان بە بوونى ساختەکارییدا ناوە لە هەڵبژاردندا و دەڵێن: وتەبێژی ى-ن-ک، بە فەرمی ڕایگەیاند كە لە هەولێر و دهۆك ساختەكاریی بێ وێنە كراوە، هەروەها بەرپرسی مەكتەبی هەڵبژاردنی پ-د-ک، باسی لەهەمان ساختەكاری كرد كە لە سلێمانی ئەنجامدراو، بێجگە لەوە هەریەك لە لایەنەكانی، بزوتنەوەی گۆڕان، كۆمەڵى ئیسلامی ، یەكگرتووی ئیسلامی و نەوەی نوێ، باسیان لە ساختەكارییەكی بێ شومار كرد هەرێمی كوردستاندا بەبێ جیاوازی، هەر لەم پێناوەشدا سەدان سكاڵا لەلایەن هێز و قەوارە جیاجیاكانەوە تۆمار كراوە".

لە کۆتایى ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەو کۆمەڵە ڕێکخراوە مەدەنییە، داوا لە سەرۆک کۆمارى عێراق دەکەن، هەڵوێستى خۆى لەسەر ساختەکارییەکان دەربڕێت و لێکۆڵینەوە لەو ساختەکارییانە بکات" و وتوشیانە "لەكاتی ڕەچاونەكردن و بەدەمەوە نەهاتنی ئەم داوایەو هەڵنەسانتان بەو ئەركەی كە سوێندتان پێی خواردووە بەمەبەستی پاراستنی دەستور و ڕێگری كردن لەپێشێلكارییە دەستورییەكان، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی و چەند یاسایەكی تری بەركار، وەكو هاوبەش لەو تاوانەی كراوە سەیر دەکرێن".

ناوی ڕێكخراوەكان :
١- ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY).
٢- پەیمانگای پەرەپێدانی یاسایی (ILDK).
٣- ڕێكخراوی فیوچەر
٤- ڕێكخراوی هەڵوێست
٥- پەیمانگای ناوین بۆ پەیوەندی نێودەوڵەتی NIIR
٦- ئینستتیوتی برادۆست بۆ گەشەپێدان BID
٧- ڕێكخراوی سكاڵا بۆ پرسەكانی ژنان
٨- ڕێكخراوی دیمەن بۆ پرسە كۆمەڵایەتیەكان
٩- ڕێكخراوی گەیاندن بۆ چالاكییە دیموكراسیەكان و مافی مرۆڤ
١٠- ڕێكخراوی یەكگرتوی خوشكانی ئیسلامی كوردستان
١١- ڕێكخراوی پایتەختی ئاشتی
١٢- تۆڕی لیدەر بۆ پێگەیاندنی سەركردە
١٣- پەیمانگەی بیروڕا بۆ توێژینەوەی زانستی.
١٤ پەیمانگەی ستراتیجی بۆ پرسی دبلۆماسی.
١٥- ڕێكخراوی مافی تۆ بۆ گەشەپێدانی كۆمەلایەتی.
هـ ـ ر