پارتی سوورە لەسەر بنەمای دەنگەكان حكومەت پێكبهێنرێت
بارزانی بەلایەوە گرنگ نییە ململانێكانی پارتی‌و یەكێتی هەرێم بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیداریی

کوردستان

15/10/2018‌ 10234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەنگی ئەمریكا گفتوگۆیەكی لەسەر ئەگەرو پێشهات‌و ئاستەنگەكانی بەردەم كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەنێوان دوو رۆژنامەوانی دیاری هەرێمی كوردستان، ڕێبوار كەریم وەلی‌و محەمەد ڕەئوف، ئەنجامداوە.

لەو وتووێژە لەسەر ئەو ئەگەرانەی، كە هەرێمەكە مل بدات بۆ دوو ئیدارەیی دەكرێت، بەتایبەتی لایەنی براوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستانە دەیەوێت بەپێی ڕێژەی دەنگەكان بەشداری بەیەكێتی نیشتمانی بكات لەحوكمڕانی هەرێمی كوتردستان.

پێشتریش بەرپرسانی یەكێتی مەرجی بەشداریبوونیان وا ڕاگەیاندووە، كە دەبنە شەریك، نەوك ڕازی بن بەوەی، كە پارتی بەشیان بدات.


لەوتووێژەكەدا باس لەوە كراوە، كە بەر لە ڕۆژی ململانێی پۆستی سەرۆك كۆمار لەبەغداو پرۆسەی دەنگدان، یەك لەم ڕۆژنامەوانانە و ڕۆژنامەوانێكی دیكە، پەیامی كۆسرەت ڕەسول جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتییان گەیاندووەتە لای مەسعود بەرزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان. هەندێك لەو وتووێژانە بۆ یەكەمجار لە مێزگردەكە باس كراوە.

موحەمەد ڕەئوف لەو بارەوە دەڵێت: پارتی بەوە سەغڵەت بوو، كە قسەی مەسعود بارزانی شكێندراوە لەدۆسێی پۆستی سەرۆكی كۆماری عێراقدا.

لەبەرانبەردا ڕێبوار كەریم وەلی دەڵێت: "وتمان كاك مەسعود ئەم لێك ترازانەی پارتی‌و یەكێتی دوو ئیدارەیی لێدەكەوێتەوە، ئەو وتی با ببێت".

قسەیەكی بارزانی لەسەر ئەگەری بوونی كاندیدەكەی یەكێتی بە سەرۆك كۆماری عێراق، وتوییەتی "ئەگەر بەرهەم ساڵح ببێتە سەرۆكی عێراق، ڕێگەی پێنادات پێبنێتە هەولێرەوە". 

هەروەها ئەو دوو ڕۆژنامەوانە ڕێبوار وەلی و عارف قوربانی، كە چوونەتە لای مەسعود بارزانی، هۆشداری و مەترسی ئەو لێكترازاندنەی نێوان پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، كە بگاتە ئاستی كەرت بوون و دوو ئیدارەیی، بارزانی وتوییەتی "با ڕووبدات".

لەبەشێكی تری گفتوگۆكەدا هەردوولایان كۆكن لەسەر ئەوەی، كە بەو ڕێژەیەی دەنگەكان لە كۆمسیۆن ڕانەگەیەندراوە، هیچ لە ژمارەی كورسییەكان ناگۆڕێت، لاشیان وایە لەئەگەری هەر گۆڕانكارییەكیشدا، پەیوەندی بەبڕیاری كۆمسیۆنەوە نابێت، بەڵكو ڕێككەوتنی لایەنەكان كورسیەكانی پەرلەمان كەم و زۆر بكەن، كە ڕەنگە هیچیش روو نەدات."

یەكێك لەو ئەگەرانەی دێنە پێش، گەڕانەوەی دوو ئیدارەییە، یان مانەوەی ئەو دۆخەی هەرێمە وەك خۆی، ڕێبوار لای وایە هەندێك بەرپرسی پارتی بەلایانەوە گرنگ نییە، كە دوو ئیدارەیی روو بدات. 

ئەو دەشڵێت "نازانم وەكو پەرچەكردارە، یان خواستی ئەوەیان هەیە، بەڵام هیچ متمانەیەكیان لە نیواندا نەماوە."

هـ ـ ح