كۆسرەت ڕەسوڵ: یەكێتی ئامانجی بووە كورد بەیەك پاكێج بچێتە بەغدا

عیراق

15/10/2018‌ 2038 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت ڕەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، كە هەر لە سەرەتاوە یەكێتی ئامانجی بووە لایەنە كوردستانییەكان بەیەك پاكێج بەشداری لەگفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی عێراق بكەن و هەوڵی بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد بدەن.

جێگری سكرتێری گشتی راشیگەیاند، لەئێستاشدا بە هەمان شێوە یەكدەنگی و یەكگوتاری لایەنە كوردستانییەكان بەبنەمایەكی بەهێز دەزانین بۆ دەستكەوتی گەورەتر بۆ گەلەكەمان و چەسپاندنی مافە چەسپێنراوەكانی دەستوور و هەوڵی جدیش دەدەین بۆ ئەم پرسە.

قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ لەمیانی كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ جۆن لۆندێز باڵیۆزی ئوسترالیا لەعێراق و مایك شرایف سكرتێری باڵیۆزخانە، كە لەو كۆبوونەوەیە جێگری سكرتێری گشتی سوپاسی ئوسترالیای كردووە، كە لەجەنگی دژ بەتیرۆرستان هاوكاری هێزی پێشمەرگەو هێزە عێراقییەكان بوون‌و داوای كرد بەردەوام بن لە هاوكاری كردنی هێزەكانی پێشمەرگە.

تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئوسترالیا جەختی لەوە كردەوە كە بەلای ئەوانەوە گرنگە هەرێمی كوردستان و عێراق دۆخێكی ئارامیان هەبێ و ئەمن و ئاسایش تێیدا بەرقەرار بێ.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان‌و پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان دوو پرسی گرنگی دیدارەكە بوون و گفتوگۆی چڕوپڕیان لەبارەوە كرا، بەبێ‌ ئەوەی وردەكارییەكەی خرابێتەڕوو.

هـ ـ ح