ترسی لەیەكێتی هەیە.. پارتی كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت

عیراق

15/10/2018‌ 5819 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك دەبێت، كە پێیوایە ئەو پۆستە ئیستیحقاقی كوردەو محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی پارتی-ش لەشارەكە ترسی خۆی لەهەوڵەكانی یەكێتی نیشتمانی نەشاردەوەو رایگەیاند "یەكێتی لە كەركوك تاكلایەنە بڕیار دەدات و خەریكە هەڵەیەكی دیكەی وەك 16ی ئۆكتۆبەر دووبارەدەكاتەوە".

لەبارەی كاری ئەو لیژنە هاوبەشەی پارتی و یەكێتی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دایاننابوو، بەرپرسی لقی پارتی لەكەركوك بۆ ژمارەی ئەمڕۆ دوو شەممەی هەفتەنامەی رووداو ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، بە بڕیاری كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی پارتی و یەكێتی لیژنەیەكی چوار كەسی، (دوو پارتی و دوو یەكێتی) پێكهێنراوە، بۆ ئامادەكردنی چەند پێشنیازێك بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك، كە لە شەش خاڵی سەرەكی پێكهاتووە.

محەمەد خورشید لەو بارەوە رایگەیاند، هەردوولایان تەنیا لەسەر سێ خاڵ كۆك بوونە كە بریتین لە بەردەوامبوونی كۆبوونەوەكان، هەوڵدان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی فراكسیۆنی برایەتی و رێكخستنی دانیشتنی فراكسیۆنەكە، سێیەمیشیان هاوكاری یەكتر بكەن بۆ ئەوەی بارودۆخی كەركووك ئاسایی بكەنەوە. بەڵام سێ خاڵەكەی دیكە كە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتربوو، بریتی بوون لە: چۆن بتوانن پۆستی پارێزگاری كەركووك بۆ كورد وەربگرنەوە؟ دەستنیشانكردنی شوێنی كۆبوونەوەكانی تایبەت بە كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و خاڵی سێیەمیش، كێ بكرێتە پارێزگاری كەركووك.

لەبارەی ململانێكان لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك، محەمەد خورشید راشیگەیاند "یەكێتی بەبێ گەڕانەوە بۆ حیزبە كوردستانییەكان، یەكلایەنە لەگەڵ عەرەب و توركمانەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و دەرەوەی ئەنجوومەنیش كار بۆ ئەوە دەكات پۆستی پارێزگاری كەركووك وەربگرێتەوە، لە كۆبوونەوەی 9/8/2018ـی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووكیش جارێكی دیكە یەكێتی ویستی نیساب تەواو بكات، بێئەوەی بزانێت تووشی تەڵەیەك دەبێت، چونكە ئێستا لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك عەرەب 6 ئەندام و توركمان 9 ئەندامیان هەن، یەكێتیش ئێستا تەنیا 5 ئەندامی هەیە، بە دوو ئەندامەكەی یەكگرتووەوە دەكاتە 22 و دەتوانن نیساب تەواو بكەن، بەڵام ئەوكات كورد یەك لەسەر سێ و عەرەب و توركمانیش دوو لەسەر سێ دەبن، لەوانەیە ئەمەش تەڵەیەك بێت و دوای ئەوەی یەكێتی نیساب تەواو دەكات و شەرعیەت بە كۆبوونەوەكە دەدات، عەرەب و توركمان دەنگ بۆ كەسێكی دیكە بدەن، چونكە ئێستا عەرەبەكانیش خۆیان دوو بەشن، بەشێكیان لەگەڵ مانەوەی راكان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی سەر كەركووكن، لەكاتێكدا راكان سەعید هێشتا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوێندی نەخواردووە و لە كەركووك ماوەتەوە، هەروەها لەوانەیە توركمانەكانیش هەوڵبدەن، چونكە ئێستا ئەوان نۆ ئەندامن و زۆرینەن، بۆیە ئێمە پێشنیازمان بۆ یەكێتی كردووە كە بگەڕێنەوە بۆ لای حیزبە كوردستانییەكان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم پۆستە، نەك تاكلایەنە بە پێنج كورسییەوە بچنە ناوەوە و كورد تووشی كارەساتێكی دیكە بكەن، وەكو ئەوەی لە 16ـی ئۆكتۆبەر تووشی بوو".

 دەربارەی سووربوونی یەكێتیش لەسەر وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووك، محەمەد خورشید رایگەیاند: "ئێمە هەست دەكەین یەكێتی زۆر جدی بێت لەسەرئەوەی كە لەپێناوی وەرگرتنی پۆستێك، هەموو شتەكانی دیكە بكاتە قوربانی". 

هەروەها رایگەیاند "پارتیش دەیەوێت لە پۆستی پارێزگاری كەركوكدا خۆی تاقی بكاتەوە، ئەوەمان لە گفتوگۆكانی رابردووشدا نەشاردووەتەوە و لە كۆبوونەوەی رابردوودا دوو پێشنیازمان داوەتە یەكێتی و داوامان لێكردوون دوو ستوون ئامادە بكەن، ئەگەر پارێزگار لە یەكێتی بێت و ئەگەر پارێزگار لە پارتی بێت ئەوان چ داواكارییەكیان هەیە، بۆیە ئاساییە ئێستا پۆستی پارێزگاری كەركووك لای پارتی بێت، لەگەڵ ئەوەشدا گوتوومانە ئەم پۆستە ئیستیحقاقی كوردە و لەناو كوردیش دەبێت لایەنە سیاسییەكان رێككەوتنی لەسەر بكەن. هەر كەسێكیان دەستنیشان كرد، پارتی لەگەڵیەتی".

لەبارەی بەربژێری پارتی بۆ ئەو پۆستە، محەمەد خورشید ئاشكرایكرد، دیاریكردنی بەربژێری پارتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك كاری مەكتەبی سیاسی پارتی و مەسعود بارزانییە و ئەوان بڕیاری لەسەر دەدەن.

سەبارەت بەبۆچوونی پارتیش لەسەر بەربژێرەكانی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە یەكێتی زیاتر لە كەسێكی بۆ پارتی پێشنیازكردووە، پێشتریش سێ پاڵێوراویان هەبوون، پارتی هەستیار نییە بە هیچ كەسێك‌و راشیگەیاند "لەگفتوگۆكان داوامان كردووە ئەو كەسەی دەبێتە پارێزگاری كەركووك، نابێت بەشێك بووبێت لە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر".

هـ ـ ح