پاش یەك ساڵ.. هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەرووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر نەكراوە

عیراق

15/10/2018‌ 643 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شیخ جەعفەر شێخ مستەفا فەرماندەی هێزەكانی (70)ی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان دەڵێت: تائێستا (پاش تێپەڕبوونی ساڵێك) بەسەر ڕووداوەكانی (16ی ئۆكتۆبەر) هیچ لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەو ڕووداوە نەكراوە، كە "بەداخەوە دەبوو سەرۆكایەتی هەرێم، حكومەت، پەرلەمان، سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاری بدایە بەپێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوە"، بەڵام، جگە لە "موهاتەرات" و هێرشكردنە سەر سەری یەكتر و یەكتر شكاندن نەهاتن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیە پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لەگۆڕەپانەكەدا هەیە بەتایبەت لەنێوان پارتی‌و یەكێتیدا هەن هیچ لێكۆڵینەوەیەك نەكراوە.

شێخ جەعفەر دەشڵێت: "بەدڵنیایی ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرایە لەو بابەتە (16)ی ئۆكتۆبەر ڕەنگە خەڵكانێك، كە كوردن تێوە بگلانایە، كە لەگەڵ عێراقییەكاندا دەستیان تێكەڵ كردبێت و هاوكاری و هەماهەنگی عێراقیان كردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو كەركوك، بەڵام ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو فەرماندەكانی بەخیانەت تۆماتباردەكات ئەوە غەدرێكی گەورەیە دەیكات."

قسەكانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە لەكەركوك لە(16)ی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردوو، وتی: "ئەوەشەڕە شكست و سەركەوتنیشی تێدایە، كاك مەسعود و هەموو لایەكیش دەزانن (16)ی ئۆكتۆبەر چۆن بووە، پاشەكشەی هێزەكانی (70)و (80) چۆن بووە، چونكە ئەگەر پاشەكشە نەكرایە گەورەترین زەربە لەمێژووی پێشمەرگەدا بەر پێشمەرگە دەكەوت لەڕووی بریندار و شەهید و بەدیلگرتن."

فەرماندەی هێزەكانی (70) ی پێشمەرگە، كە هێزەكانی و خۆی لەكەركوك بوو لەو كاتەدا ئەوەشی وت: "هیچ لێكۆڵینەوەیەك نەكراوە تا ئێستا، هەتا ئێـمە پێمان خۆش بوو لێكۆڵینەوە بكرێت، چونكە خیانەت لەلایەن هێزی پێشمەرگەو فەرماندەكانی هێزەكانی پێشمەرگەوە شتێكی ناڕاستە، تەنیا مەگەر بۆ لەكەرداكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بێت، هیچ جۆرە خیانەتێك لەلایەن پێشمەرگە و فەرماندەكانی پێشمەرگە و فەرماندەی میحوەرەكانەوە نەكراوە، ڕەنگە واقیعێك هەبوبێت لەو ناوچەیە خەڵك شارەزایی نەبوبێت، بەڵام هیچ ئامادەكارییەك نەكرابوو و پێشبینی ئەوە نەدەكرا، كە سوپای عیراق بەوشێوەیە هێرش بكات، بۆیە بۆ پاراستنی هێزەكانی پێشمەرگە پاشەكشە كرا."

شێخ جەحفەر شێخ مستەفا وتیشی: "من نازانم خەڵكانێك هەبوبێت خیانەتیان كردبێت، بەڵام ئەوەی بوترێت فەرماندەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پێشمەرگە وایان كردووە و دەرگایان بۆ هێزەكانی عێراق كردووەتەوە پێشڕەوی بكات ئەوە غەڵەتێكی زۆر گەورە و غەدرێكی زۆر گەورە لەفەرماندەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی پێشمەرگە دەكات."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئاشكراشیكرد، هیچ لێكۆڵینەوەیەك نەكراوە، "بێگومان ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرایە لەوبابەتە ڕەنگە خەڵكانێك تێوە بگلانایە، كە لەگەڵ عێراقییەكاندا دەستیان تێكەڵ كردبێت و هاوكاری و هەماهەنگی عیراقیان كردبێت بۆ هاتنەوە بۆ ناو كەركوك".

هەروەها  ڕوونیشیكردەوە، ئەو كەسانەی تێوەدەگلان بێگومان ئەگەر لێكۆڵینەوە بكرایە كورد دەردەچوون، چونكە بابەتەكە "هەر كوردە ڕاستە عەرەب و توركمانیش هاوكاربوون، كە زۆربەیان لەپشتی سەنگەرەكانی پێشمەرگە حەشدی شەعبی بوون."

دەربارەی ‌ئەوەی بۆچی لێكۆڵینەوە نەكرا لەسەر(16)ی ئۆكتۆبەر؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: "نازانم بۆچی نەكرا، پەیوەندی بەئێـمەوە نەبوو، بەڕاستی دەبوو حكومەت، پەرلەمان، سەركردایەتی سیاسی كورد بڕیاری بدایەپێكهێنانی لیژنەی لێكۆڵینەوەی بدایە، جگە لە موهاتەرات و هێرشكردنە سەر سەری یەكتر و یەكتر شكاندن نەهاتن لیژنەیەكی لێكۆڵینەوەیە پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێ ناشەریفانەی لەگۆڕەپانەكەدا هەیە بەتایبەت لەنێوان پارتی و یەكێتیدا هەیە لێكۆڵینەوە نەكرا."

دەربارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەت بۆ شاری كەركوك؟ فەرماندەی هێزەكانی(70)ی پێشمەرگە وتی: "هەوڵێكی زۆر هەیە لەلایەن هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریكا، وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنیەی هەیە ناوچەكە بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق بەڕێوەببرێت، چونكە داعش لەناوچەكە زیاتر لەپێشووتر بەهێزترە چالاكیان لەناو شار و دەرەوەی شار و سەرشەقامەكان بە ئاشكرا هەیە."

سەبارەت بەوەی ئایا حكومەتی عێراق بەفەرمی داوای لە پێشمەرگە كردووە بگەڕێنەوە شاری كەركوك؟ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا وتی: "نەخێر هیچ داوایەكیان نەكردووە، تەنانەت ئەگەر پێشیان بكرێت ڕێگە نادەن پێشمەرگە بگەڕێتەوە".

ئەوەشی وت: "هیچ هەنگاوێك بۆ چۆڵكردنی شاری كەركوك لەلایەن حەشدی شەعبیەوە نەنراوە، بەپێچەوانەوە چەكدارانی ‌حەشدی شەعبی لەناو كوچە و كۆڵانەكانی كەركوك بڵاوبونەتەوە مامەڵەیان زۆر ناشرینە خەڵكیان بێزاركردووە، تەنانەت خەڵك زیاتر لەوان دەترسێت وەك لەداعش."

هـ ـ ح