كۆتا هەوڵ لەگەڵ پارتی دەدات
شارپرێس ناوەڕۆكی هەوڵێكی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی پارێزگاری كەركوك ئاشكرادەكات

عیراق

15/10/2018‌ 12098 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی هەوڵەكانی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك چڕكردووەتەوەو كۆتا دەستپێشخەریش بۆ پارتی دیموكرات، لەبارەی ئەو پۆستەوە دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە شارپرێس لەزاری چەند سەرچاوەیەك دەستیكەوتووە، لەچەند رۆژی رابردوودا شاندێكی یەكێتی بەسەرۆكایەتی بافێڵ تاڵەبانی‌و ئەندامییەتی ئاسۆ مامەندو خالید شوانی زنجیرەكەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان، بەتایبەت حەیدەر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی ئەنجامداوە، كە چەند لایەنێكی عەرەبی و توركمانیش بەشداریان لەو كۆبوونەوانە كردووەو بەشێوەیەكی سەرەتایی رێكەوتوون پۆستەكانی كەركوك یەكلاییبكەنەوە

هەر بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، رێككەوتنەكە بەجۆرێكە پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ یەكێتی بێت، كە ناوی خالید شوانی‌و ئاسۆ مامەند هاتووە، هەروەها سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوكیش بۆ توركمان بێت‌و ناوی هەریەكە لەمەهدی عەلی‌و عیرفان كەركوكلی هاتووەو قایمقام بۆ عەرەب بێت‌و ناوی راكان جبوری هاتووە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، هێشتا ئەو رێككەوتنە بڕیاری كۆتایی نەدراوەو بڕیارە یەكێتی ئەو پرسە لەگەڵ پارتی تاوتوێبكات، لەئەگەری رازی نەبوونی پارتی، یەكێتی رێكەوتنەكە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە

پۆستی پارێزگاری كەركوك ماوەی ساڵێكە بەوەكالەت بەرێوەدەبرێت، دوای ئەوەی حكومەتی عێراق نەجمەدین كەریمی لەپۆستەكەی دورخستەوە، كە ئەو پۆستە پشكی كوردەو یەكێتی-یش بەمافی خۆی دەزانێت پۆستەكە وەربگرێت.

لەلایەكی ترەوە بڕیارە پارتی كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی پارێزگارو كاندیدەكەشی دیاریكردووە، بۆ ئەو مەبەستەش لەگفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنی عەرەب‌و توركمانەكان تا كاندیدەكەی لەئەنجومەنی پارێزگا دەربچێت.

هـ ـ ح