هەوڵی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی حەیدەر عەبادی

عیراق

15/10/2018‌ 1355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبارەی سێ بڕگەوە كۆدەبێتەوە و یەكێك لەبڕگەكانیش ھەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیارانەیە، كە حەیدەر سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق دەریكردبوون.

ئەمڕۆ دوو شەممە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی چەند بڕیارێكەوە كۆدەبێتەوە، كە سەرۆكوەزیرانی كاربەرێكەری عێراق، حەیدەر عەبادی، لە دوای ھەڵبژاردنەكانی ١٢ی ٥ی ٢٠١٨ دەریكردبوون.

پێوەست بەم پرسە، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی بەوەكالەت، محەممەد ئەمین بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی رایگەیاند "كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە سێ بڕگە پێك دێت و بە ھیچ شێوەیەكیش كار بەو بڕیارانە ناكرێت، كە ساتی كۆتاییھاتنی تەمەنی پەرلەمان و ئەنجوومەن دەركراون."

ئەمین راشیگەیاند "بڕگەیەكی دیكەی دانیشتنەكە، دەنگدانە لەسەر پڕۆژەبڕیارێكی لیژنەی یاسایی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پلە تایبەتەكان و ئەو بڕیارانەی لەدوای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی ئایاری ٢٠١٨وە لەلایەن حكومەتی كاربەڕێكەرەوە دراون."

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها رایگەیاند "بڕگەی سێیەم بریتییە لەیەكلاكردنەوەی پرسی لیژنەكانی پەرلەمان، كە بڕیارە پێنج لیژنە بە كورد بدرێن، بەڵام كێشەی بەردەم لیژنەكان ئەوەیە پەیوەندییان بە وەزارەتەكانی حكوومەتەوە ھەیە و تا وەزارەتەكان یەكلانەكرێنەوە و وەزیر دیاری نەكرێن، بابەتی لیژنەكانی پەرلەمانی كۆتایی نایەت."

هـ ـ ح

بەپەلە