موچەی هەندێك دەبڕێت.. چەندین مووچەخۆر دەخرێنە نێو لیستی سووری بایۆمەتری

کوردستان

16/10/2018‌ 5703 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی بڕیارێك چەندین مووچەخۆر دەخرێنە نێو لیستی سووری بایۆمەتری، بەرپرسێكیش روونكردنەوە لەسەر لیستەكە دەدات‌و ئاشكرایكرد، هەندێك كەس موچەكانیان دەبڕێت.

بەپێی بڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، كە كۆپیەكی هەفتەنامەی باس ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بە گەڕاندنەوەی موچەی ئەو كەسانە كراو، كە لە لیستی سووری بایۆمەتریدان، بەشێوەیەك لەبڕیارەكە هاتووە "ئەو موچەخۆرانەی لە مانگەكانی پێشوودا لە لیستی سووری بایۆمەتری دابوون‌و پارەشیان وەرگرتووە، پێویستە موچەكانیان بگەرێنرێتەوە، لەماوەیەك كە لە 30 رۆژ تێپەڕ نەكات لە رۆژی ئاگاداركردنەوەیان، بەپێچەوانەوە رێكاری یاساییان لە بەرانبەر وەردەگیرێت".

لەو بارەوە  هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیا و زانیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند، هەندێك لە فەرمانبەران و موچەخۆران خراونەتە نێو لیستی سووری بایۆمەتری.

سەبارەت بەوردەكاری ئەو لیستە، هیوا ئەفەندی راشیگەیاند گهەندێك فەرمانبەر ناوی خۆیان لە وەزارەتێك تۆمار كردووە، بەڵام ناویان لەیەكەیەكی تری ژمێریاری لە شوێنێكی تر هاتووەتەوە واتا فۆڕمەكانیان هەڵەیە، یان كەسانی تر هەیە خۆیان تۆمار نەكردووە ، بەڵام ناویان لە یەكەی ژمێریاریەك هەیەو لای ئێمەش بایۆمەتری و باركۆدی نییە، بۆیە ئەوانە  خراونەتە نێو لیستی سوور".

هەروەها روونیكردەوە ئەوانەی لەنێو لیستی سووری ئەواندان رێكاری پێویست‌و لێكۆڵینەوە و وردبینیان بەرانبەر دەگیرێتەبەرو ئەوەشی راگەیاند "ئەگەر لیژنەی باڵای بایۆمەتری دڵنیابێتەوە، كەسێك بە ناحەق موچەی ورگرتووە، یان هەوڵیداوە بە نایاسایی موچە وەربگرێت موچەكانیان دەبڕێت و ئەو موچەیەی وەریان گرتووە دەبێت لە ماوەیەكی دیاریكراودا لێیان وەربگیرێتەوە".

تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و 202 هەزار مووچەخۆر لەسیستەمی تۆماری بایۆمەتری مووچەدا تۆماركراون‌و بەرپرسەكەی ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە ئەگەر كەسێك لەبایۆمەتری تۆماركرابێت و ناوی بە هەڵە لە شوێنێكی تر هاتبێتەوە كێشەكەی چارەسەر دەكرێت و موچەكانیان بۆ خەرج دەكرێت.

ئەفەندی پێیوایە مەرج نییە هەموو ئەوانەی ناویان لەلیستی موچەدا هەیە پەسندكرابن‌و رایگەیاند "هەیە ناوی پەسندیش نەكراوە، بەڵام ناوی لە لیستی ئەلیكترۆنی موچەدا هەیە بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو كەسانە نەدراوە ئەوە لە قۆناخی دووەمی بایۆمەتری بڕیاری لێدەدرێت".

پێشووتر ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشكرایكردبوو زیاتر لە 100 هەزار موچەخۆری دووبارە و سێ بارە لەلای ئەوان دەركەوتوون، بەڵام بەشی زۆرینەیان یاسایین.

هـ ـ ح