یەكێتی نەچووە ژێر باری فشارو دەستپێشخەرییەكان
چۆن گرێبەستی مامەڵەكردن بەپۆستی سەرۆك كۆماری عێراق-وە شكستپێهێنرا

عیراق

17/10/2018‌ 22295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فوئاد حسێن پاڵێوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، یەكێتی نیشتمانی كوردستانی بەوە تۆمەتباركرد، كە گوایە پاشەكشێی لەو ڕێككەوتنەی نێوان نێچیرڤان بارزانی (جێگری سەرۆكی پارتی)‌و بافێڵ تاڵەبانی (كوڕی جەلال تاڵەبانی سكرتێری كۆچكردووی یەكێتی) كردووە‌و ئەو حیزبە ڕووی لە هاوپەیمانیكردن لەگەڵ هێزە عێراقییەكاندا لەپێناو هەڵبژاردنی سەرۆكێك بۆ عێراق كردووە.

فوئاد حسێن لەو بەیاننامەیەی، كە لە 5 تشرینی یەكەم-دا بڵاویكردووەتەوە بەناوی "ڕاستی‌و كاروبارە شاراوەكان" باس لەپاشەكشێكردنی خۆی دەكات لە پڕۆسەی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كە تێیدا بەرهەم ساڵح-ی كاندیدی یەكێتی هەڵبژێردرا.

سەبارەت بەو كارە شاراوانەی، كە فوئاد حسێن باسی لێوە دەكات، شتێكی ئەوتۆ نازانرێت لەبارەی ئەوەی لە ژوورە داخراوەكاندا، بەتایبەتی لەشەوی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار (2ی تشیرنی یەكەم) چی گوزرەراوە؟ هەروەها شتێكی ئەوتۆش لەبارەی ڕێككەوتنی ئەو دوو حیزبە (پارتی‌و یەكێتی) نەزارنراوە جگە لەو ڕێككەوتنەی، كە لەدواساتەكاندا ڕاگەیەنراو لەبەرژەوەندی كاندیدی یەكیـَتی نیشتیمانی كوردستان شكایەوە.

فوئاد حسێن دەڵێت: "زۆر خۆشحاڵ بووین كاتێك، كە نێچیرڤان بارزانی‌و بافێڵ تاڵەبانی گەیشتنە ڕێككەوتنێك لەسەر ئەوەی، كە یەك پاڵێورا هەبێت بۆ سەرۆكایەتی كۆمار لەپەرلەمانی عێراق، ئەم ڕێككەوتنە ڕێكخرا بەر لە دانیشتنی پەرلەمان بەسەعاتێك، كاتێكیش، كە شاندی پارتی خۆی ئامادە دەكرد بۆ چوونە ناو پەرلەمان بە تەنیا كاندیدێكەوە، تووشی شۆك بوو كاتێك، كە بینی-یان لایەنی بەرامبەر كاندیدەكەی خۆی نەكێشاوەتەوە لەكێبڕكێی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، بۆیە بڕیارماندا، كە پاشەكشێ بكەین لەخۆ پاڵاوتن".

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو ڕێككەوتنەی، كە لەدواساتەكاندا بەسترا لەبارەی ئەو نهێنییانەی فوئاد حسێن ئاماژەی پێدەدات‌و هیچی لە بارەوە ناڵێت، رایگەیاند "تا سەعات 3 پاش نیوەڕۆی 2/10/2018 هیچ جۆرە ڕێككەوتنێك نەبوو لەنێوان یەكێـتی نیشتیمان‌و پارتی دیموركرات، یەكێتـی بەردەوام بوو لەسەر پشتیوانی كردنی پاڵێوراوەكەی، كە بەرهەم ساڵح بوو، واش بڕیار بوو كە لە سەعات 4 پاش نیوەڕ پڕۆسەی دەنگدان دەستپێبكات، بەڵام دواتر ئەو پڕۆسەیە دواخرا بەهۆی شت گەلێك، كە لەنێوان هێز گەلە ناوخۆیی، ناوچەیی‌و نێودەوڵەتییەكاندا دەگوزەرا". 

هەر لەو كاتدا قاسم سلێمانی فەرماندەی هێزەكانی قودسی ئێرانی بەهێزەوە دەستوەردانی كرد، دوای ئەوەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی كرد، پشتیوانی خۆی بۆ خۆ كاندیدكردنی فوئاد حسێن ڕاگەیاند، دوای ئەو سەردانە، بارزانی داوای كۆبوونەوەی كرد لەگەڵ شاندەكەی یەكێـتی نیشتمانی.

لەدوای ئەو داواكارییەش شاندی یەكێتی بە سەرۆكایەتی كۆسرەت ڕەسوڵ‌و ئەندامییەتی ئەرسەلان بایز، عەدنان محەمەد (عەدنان حەمەی مینا)، لاهور تاڵەبانی سەردانی نووسینگەی بەرزانییان كرد بۆ كۆبوونەوە و بەبینینی قاسم سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس (جێگری دەستەی سەرۆكایەتی حەشدی شەعبی) تووشی سەرسوڕمان بوون. 

لەو دانیشتنە، قاسم سلێمانی جارێكی تر فشاری لە شاندەكەی یەكێـتی كردووە تا كاندیدەكەی بكێشێتەوە و لەبەرانبەردا پێشنیاری گرتنەدەستی پۆستی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرا بۆ ماوەی دوو ساڵ، دوای ئەوەی شاندەكەی یەكێتی گەڕایەوە بۆ ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ لەزۆنی سەوز، هەندێكیان بە پێشنیارەكە ڕازی بوون‌و هەندێكیشیان ناڕازی. 

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی كەم سلێمانی‌و ئەبو مەهدی موهەندیس سەردانی ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ-یان كرد بەئامانجی ڕازیكردنی بە پێشنیارەكە، بەڵام هیچ لە هەڵوێستەكە نەگۆڕابوو، گوشارەكانی سلێمانی زیادی كرد‌و بەشێوەیەك زمانی هەڕەشەی ئابووری و سیاسی و دیبلۆماسی دژ بە یەكێتی و پارێزگایر سلێمانی بەكارهێنرا.

دوای ئەوەش برێت مەكگۆرك سەردانی شاندی یەكێتی كردووەو دیدی وەزارەتی ئەمەریكای بۆ گواستنەوە لەسەر ئەو پرسەو رایگەیاندووە "پێمان وایەكە باشتر لەسەر كاندیدێك ڕێكبكەون"، هەر ئەوكاتە پەیوەندییەكی تەلەفونی لە مایك پەمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا هاتووە، تا شاندەكەی یەكێتی ڕازی بكات بە كێشانەوەی كاندیدەكەی، پەیوەندییەكە تەووا بوو و هەمووان ئامادە بوون بۆ چوونە ناو یەكەمین ئەزموونی پێكنەهاتنی كورد لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار لەدوای ساڵی 2003 ەوە بۆ دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا دوا ساتەكان ئەگەری گۆڕان لەئارادا بوو.

هەر لەو كاتەدا چەندین پەیامی سیاسی‌و دیبلۆماسی ئەمەریكی دەگەیشتن لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی پارتی، لە كاتێكدا، كە پەیمانی سەركردە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەبەرژەوەندی یەكێـتی بوو، هاوكات لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە خێرایەدا، لەبەرەی لایەنی عێراقیش كۆبوونەوە دەكرا لەنێوان سەرۆك ‌و ئەندامانی فراكسیۆنەكانی هاوپەیمانی (ئەلبینا).

فوئاد حسێن، كە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمەو وەك بەڕێوەبەری نوسینگەی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی سەیركراوە، یەكێك بوو لەئەندازیارانی ڕاپرسی سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی ئەیلوولی 2017، ڕستەیەكیش، كە فوئاد حسێن بەر لەڕاپرسییەكەی ساڵی 2017 وتبووی (سنوری عێراق پیرۆز نییە)، ناونیشانی زۆرینەی كۆبوونەوەكان بووە.

بەپێی زانیارییەكان سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەیانتوانیوە ئەندام پەرلەمانەكان ڕازیبكەن، كە دەنگ بە كاندیدەكەی پارتی دیموكراتی بدەن، لەو كاتەدا پەیامێك لە قاسم سلێمانییەوە گەیشتووە بەو ناوەڕۆكەی، كە ئەوان نایانەوێت "مەسعود بارزانی لێیان زویر بێت"، بەڵام ئەو پەیامەش كاریگەر نەبوو .

دوا كۆبوونەوە بەر لەچوونە ناو هۆڵی پەرلەمان و دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك  لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و پافێڵ تاڵەبانی ئەنجامدراوە، كە گەیشتنە ڕێككەوتنێكی سەرەتایی لە بەرژەوەندی كاندیدەكەی پارتی، نێچیرڤان بە گاڵتەجاڕییەوە لەدوا كۆبوونەوەدا بە شاندەكەی یەكێتی وتووە، كە دۆڕانی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكەدا مسۆگەرە لەبەر ئەوەی پارتەكەی ڕێككەوتووە لەگەڵ قەوارەكەی نروی مالكی (سەرۆكی دەوڵەتی یاسا)و هادی عامری (سەرۆكی لیستی فەتح)و خەمیس خەنجەر (سەرۆكی هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی)و ئێران بۆ پشتیوانیكردنی فوئاد حسێن، هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەی دابوو بەتۆمارێكی دەنگی ئەبو مازن لەقەوارەكەی خەمیس خەنجەر، كە تێیدا وتبووی لەگەڵ پارتی ڕێككەوتوون. 

هەر لەو تۆمارە دەنگییەدا ئەبو مازن هانی ئەندامانی هاوپەیمانی بەرەی نیشتمانی دەدات ، كە لە پەرلەمان ئامادەبن بۆ تاوتوێ هەڵبژاردنی سەرۆكی عێراق‌و ئەڵێت: "ئەگەر بەرهەم ساڵح هەڵببژێردرێت، قەوارەی چاكسازی و ئاوەدانی دەبن بەگەورەترین قەوارەو ئەوەش هەڵەیە، پەیوەندی كراوە بەبرایانمان لە سەركردایەتی هاوپەیمانی بینا، هەروەها چاوپێكەوتن كراوە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و شاندنی هاوڕێی و بڕیارماندا، كە برایانمان لە لە پارتی دیموكراتی بەشێك بن لەهاوپیەمانی بینا تا گەورە ترین قەوارە ڕابگەیەنیین..  ڕێزی زۆرمان هەیە بۆ برامان بەرهەم ساڵەح.. بەڵام ئێمە لێك تێگەیشتنمان هەیە لەگەڵ پارتی دیموكراتی ..". 

لەلایەكی ترەوە بارزانی بۆ هاندنی كوڕەكەی جەلال تاڵەبانی تا كاندیدەكەی بكێشێتەوە، سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم بۆ دوو ساڵ و 100 ملیۆن دۆلاری پێشنیار كرد، بەڵام لێرەدا لاهور شێخ جەنگی (ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی‌و ئەندامی شاندی ئەو حبزبە لەبەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار )دەستوەردانی كردووەو تەواوی ئەو ڕێككەوتنەی هەڵوەشاندەوە بەر لە ڕاگەیاندنی، ئەوەش بەهەماهەنگی لەگەڵ كۆسرەت رەسوڵ جێگری سگرتێری گشتی حیزبەكەی.

چۆن بەرهەم ساڵح خۆی پاڵاوت؟
بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەری و دیموكراسی بووە، لەماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ سكرتێری یەكەمی یەكێتی نیشتمانی كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ شاندی یەكێتی كرد، ئەوەش بەئامادەبوونی پافێڵ تاڵەبانی‌و لاهور تاڵەبانی لەشاری سلێمانی.

لەو دانیشتنەدا قسە لەسەر خۆ پاڵاوتنی بەرهەم ساڵح كراوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار وەك پاڵێوراوێكی سەربەخۆ، لەو دانیشتنەدا ئاماژە بەوە دراوە، كە مەسعود بارزانی ناڕازی نییە بەو خۆ پاڵاوتنەی بەرهەم ساڵح. 

لاهور تاڵەبانی ئەوەی ڕەتكردووەتەوەو مەرجی ئەوەی داناوە، كە دەبێت بەرهەم ساڵح بگەڕێتەوە ناو یەكێتی تا لەلایەن سەركردایەتی پارتەكەیەوە پشتیوانی لێبكرێت، لەبەر ئەوەی بەرهەم ساڵح لە یەكێتی دەرچووە و پارتێكی نوێی دامەزراندووەو لەبەردەم دەزگاكانی ڕاگەیاندندا بەگەندەڵ ناوی یەكێتی هێناوە، پارتەكەشی تەنیا توانیویەتی دوو كورسی بەدەست بهێنێت.

لەو كۆبوونەوەیەدا نەگەیشتنە هیچ جۆرە ڕێكككەوتنێك، بەڵام لە هەمان كاتدا دەرگاكان بەكراوەیی هێڵرایەوە لەبەرانبەر هەر گۆڕانێك ، كە لە هەڵوێستی بەرهەم ساڵح بێتە ئاراوە. 

دوای ئەو كۆبوونەوەیە بە سێ ڕۆژ، واتە لە 19 ئەیلول، سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كۆبووەوە بە ئامادەبوونی سێ كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار، كە بریتی بوون لە هەر یەك لە مەلا بەختیار، لەتیف ڕەشید و محەمەد سابر، لەكاتی كۆبوونەوەكەدا نامەیەكی بەرهەم ساڵح گەیشت تێیدا ڕایگەیاندووە، كە لە هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دەستی كێشاوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو یەكێتی، لەو كاتەدا مەلا بەختیار توڕە دەبێت و دەستبەجێ كۆبوونەوەكە جێدەهێڵێت، لەتیف ڕەشید-یش سوور دەبێت لە سەر هەڵوێستەكەی و محەمەد سابڕیش پاشەكشێ دەكات لە خۆ پاڵاوتنی، كۆبوونەوەكەش بەدەربڕینی ڕەزامەندی بە خۆ پاڵاوتنی بەرهەم ساڵح وەك سەرۆكایەتی كۆمار كۆتایی پێ هات.

ڕۆژی دواتر لاهور تاڵەبانی پێشنیاری ئەوەی كردووە بۆ كوسرەت ڕەسوڵ ، كە سەردانی بەغدا بكەن تا چاویان بە سەركردە سیاسییەكان بكەوێت، بەڵام كوسرەت ڕەسوڵ دوو دڵ بووەو بە هۆی بوونی ئەو یاداشتی دەستگیركردنەی، كە دەرهەقی دەركراوە دوای ئەوەی، كە لە 19 تشرینی یەكەمی 2017 هێزە عێراقییەكانی  پارێزگای كەركوكی بەداگیركەر ناوزەند كردبوو . 

هەر ئەو كاتە لاهور جەنگی پەیوەندی ئەكات بە سەركردە سیاسییەكان لە بەغدا تا لە كاتی هاتنی كۆسرەت ڕەسوڵ بۆ بەغدا دوچار بە لێپرسینەوە نەبێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی یاداشتی دەستگیركردنەكە سەردانەكە ئەنجامدرا, هاوكات مەسعود بارزانی لەو هەنگاوە توڕە بووەو بڕیاریداوە، كە دەستبەرداری بەرهەم ساڵح بێت و فوئاد حسێن بپاڵێوێت بۆ ئەو پۆستە‌و شاندێكی پارتی بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی بۆ پشتگیری لەكاندیدەكەی ناردووەتە بەغدا.

نێچیرڤان بارزانی تیمەكەی لە نێوان بەغدا و نەجەف بەڕێوەدەبرد، لە كاتێكدا كە تیمەكەی یەكێتی ئەركەكەی لەنێوان چاوپێكەوتن لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان و مەرجەعە شیعەكان و تیمەكەی پارتی دابەش كردبوو، كە بەهۆی گوشارەكانی پارتی، قەوارەی فەتح و دەوڵەتی یاسا ئامادەی دانیشتنەكەی 1/10 پەرلەمان نەبوون و بەمەش پەرلەمان بڕیاری دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی دا بۆ ڕۆژی دواتر، كە تایبەت بوو بە هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی ئەندام پەرلەمانەكانەوە، ئامانج لەو كارەش بەهێزكردنی ئەگەری بوون بەسەرۆك كۆماری فوئاد حسێن بوو، بەڵام ئەوەی كە ڕووی دا چاوەڕوان كراو نەبوو .

سەرچاوە: رۆژنامەی دەراجی لوبنانی