ئێران دەیەوێت لەرێگەی عێراق-ەوە كەمی دۆلار لەبانكەكانی چارەسەر بكات

عیراق

17/10/2018‌ 731 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئێران دەیەوێت لەرێگەی عێراق-ەوە كەمی دۆلار لەبانكەكانی چارەسەر بكات، كە بەم دوایانە گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئەو وڵاتە بڕی دۆلار لەتاران كەمبووەتەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا سوورە لەسەر جێبەجێكردنی قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران، كە لە 5ی مانگی داهاتوو دەستپێدەكات‌و ئەگەری زۆر تاران بەو هۆیەشەوە بكەوێتە دۆخێكی خراپی ئابوورییەوە.

لەئێستادا ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو گەمارۆیانەی ئەمریكا چەند هەنگاوێكی لەبەردەمدایەو دەستی بەچەند هەنگاوێكیش نییە، بۆ ئەوەی لەبەهای گەمارۆكانی واشنتۆن بۆ سەر تاران كەمبكاتەوە.

یەكێك لەهەنگاوەكانی ئێران لەرێگەی عێراق-وە دەبێت، ئەویش دابینكردنی بڕی دۆلاری پێویستە بۆ بانكەكانی، بۆ ئەوەی لەو رێگەیەوە هاوسەنگی بەهای تمەنی وڵاتەكەی بەرانبەر دۆلاری ئەمریكی رابگرێت.

سەرچاوە هەواڵییەكان باس لەوە دەكەن، ئێران ئێستا بڕێكی زۆر لەسیوەیلەی پارەی عێراقی، بەتایبەتی دینار لەجۆری 25 هەزاری بۆ ئەوەی لەكاتی گەمارۆكانی ئەمریكا لەبانكەكانی عێراق دۆلاری پێبكرێت‌و كەمی دۆلار لەبانكەكانی خۆی چارەسەر بكات.

سەرچاوەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەمارۆكانی ئەمریكا پشت بەپەیداكردنی دۆلار لەرێگەی پارەی عێراقی نابەستێت، بەڵكو لەرێگەی فرۆشتنی كەلوپەل بە بازاڕەكانی عێراق برێكی تریش دۆلار دەست بخات‌و كێشەكانی بۆ چارەسەر بكات.

ئەمریكا بەهۆی نیگەرانی‌و ناڕەزایی لەسیاسەتی ئێران لەناوچەكە گەمارۆی خستووەتە سەر ئەو وڵاتەو بڕیارە گەمارۆكانیش چڕتر بكاتەوە، بۆ ئەوەی تاران بەسیاسەتەكانی لەناوچەكە بچێتەوە، كە واشنتۆن بەدژایەتی بەرژەوەندییەكانی دەیبینێت.

هـ ـ ح