شاندی پارتی‌و یەكێتی دەباتە بەغدا
بەرهەم ساڵح بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك پرۆژەكەی تاڵەبانی زیندوودەكاتەوە

عیراق

17/10/2018‌ 19054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك دەستپێشخەرییەك دەكات‌و بۆ ئەوەش دەست بەكۆبوونەوە لەگەڵ پێكهاتەكانی شارەكە دەكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، بەرهەم ساڵح لەهفتەی داهاتوو دەستپێشخەرییەكەی دەخاتەڕوو، كە ناوەڕۆكەكەی زیندووكردنەوەی پرۆژەیەكی جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووتری عێراق.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەرهەم ساڵح بۆ ئەو مەبەستە كۆبوونەوە لەگەڵ پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك دەكات‌و شاندی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی دەباتە بەغداو كۆبوونەوە لەگەڵ پێكهاتەی عەرەب‌و توركمانەكانیش دەكات.

جەلال تاڵەبانی، كە ئێستا كۆچی دوایی كردووەو پێشتر دوو خول سەرۆك كۆماری عێراق بوو، (2006 بۆ 2014) پرۆژەیەكی پێشنیاز كرد، كە پرۆژەكەی دابەشكردنی پۆستەكانی كەركوك بوو بەسەر پێكهاتەكانی شارەیەكە بەشێوەیەك یەكسان.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە بەرهەم ساڵح-یش دەیەوێت هەمان پرۆژە زیندووبكاتەوەو پۆستەكانی پارێزگای كەركوك بەشێوەی 33% بۆ هەر پێكهاتەیەك لەكوردو عەرەب‌و توركمان دابەش بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ، دۆخێكی نەخوازراو بەسەر پارێزگای كەركوك هاتووەو ئێستا كورد هەوڵی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری شارەكە دەدات، كە لای عەرەبەو لایەنە توركمانەكانیش چاویان لەو پۆستەیە.

پێشتر پۆستی پارێزگار لای نەجمەدین كەریم بوو، كە لەپشكی یەكێتی ئەو پۆستەی هەبوو، بەڵام بەفەرمانی حكومەتی عێراقی لەپۆستەكەی دوورخرایەوەو ئێستاش یەكێتی كار بۆ ئەوە دەكات پۆستەكە وەربگرێتەوە.

هـ ـ ح