نەجات حسێن: خاڵە گومرگییەكانی كەركوك بەرتیل وەردەگرن

عیراق

17/10/2018‌ 656 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی توركمانی رایگەیاند، ژمارەیەكی زۆر بازرگان و خاوەن كارگە، شكاتیان لە فەرمانبەرانی ئەو گومرگانە كردووە كە لە بازگەكانی نێوان كەركوك و سلێمانی و هەولێر دانراون، بەهۆی ئەوەی بەرتیل "وەردەگرن".

نەجات حسێن، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە كوتلەی توركمانی، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "ژمارەیەكی زۆر بازرگان و خاوەن كارگە، شكاتیان لەفەرمانبەرانی ئەو گومرگانە كردووە كە لە بازگەكانی نێوان كەركوك و سلێمانی و هەولێر دانراون".

ئاماژەی بەوەشكرد، "فەرمانبەرانی گومرگ بە نایاسایی پارەیەكی زۆر لەخەڵك وەردەگرن".
دەستگیركردنی فەرمانبەرانی گومرگ، لە كاتێكدایە بەم دواییانە حكومەتی عێراق لە نێوان كەركوك و پارێزگاكانی هەرێم خاڵی گومرگی دانا، ئەمەش نارەزایەتی كاسبكاران و بازرگانانی لێكەوتەوە.

سەرجەم فەرمانبەرانی گومرگی بازگەی كەركوك-سلێمانی بە فەرمانی دەستەی نەزاهە و بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیركراون، پارێزگاری كەركوكیش دەیەوێت ژمارەیەك رێكخراو و سەندیكای سەربە هەرێمی كوردستان لەو بینایانە دەربكات كە تێیدان.

لەلایەكی تریشەوە پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت، هەوڵی دەركردنی رێكخراو و سەندیكاكانی سەربە هەرێمی كوردستان دەدات لەو بینایانەی كە تێیدان.

حەسیبە عەبدوڵا بەرپرسی لقی كەركوكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، "چەند جارێكە دژە تیرۆر و پۆلیس دێنە سەرمان بۆ ئەوەی دەرمانبكەن لەو بینایەی تێیداین، بەحساب رێكخراوی مامۆستایانی عێراق خانوەكەیان دەوێت.".

هەروەها وتیشی، "ئێمە خانوەكەمان چۆڵ نەكردووە و چۆڵیشی ناكەین، چونكە نوێنەری 8 هەزار مامۆستای پێكهاتە جیاوازەكانین."

لەدوای 16 ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوەوە، مشتومڕ لەنێوان پارێزگارە عەرەبەكەی كەركوك و هەندێك لایەنی كوردیدا دروستبووە، كوردەكان پارێزگار بەهەوڵدان بۆ لاوازكردنیان تۆمەتبار دەكەن.
ه.م