پۆمپیۆ: بەم نزیكانە لەبارەی سزاكانی سەر توركیا بڕیاردەدەین

جیهان

17/10/2018‌ 1277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

 شارپرێس:
مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی بەم نزیكانە لەبارەی ئەو سزایانەی بەهۆی دۆسیەی قەشە ئەندرۆ برۆنسنەوە بەسەر توركیادا سەپاندوویەتی بڕیاردەدات.

دوای ئەوەی سەردانەكەی بۆ توركیا كۆتاییهات، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە فڕۆكەكەدا پۆمپیۆ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجامداو وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەبارەی ئەو سزایانەی بەهۆی دۆسیەی قەشە ئەندرۆ برۆنسنەوە ئەمریكا بەسەر توركیادا سەپاندوویەتی، پرسیار لە پۆمپیۆ كرا و لە وەڵامدا وتی، "بەم نزیكانە دەگەینە بڕیارێك. تێگەیشتنێك هەیە بۆ هەڵگرتنی سزاكان بەڵام هێشتا بڕیاری لەسەر نەدراوە. پێویستە لەوبارەوە لەگەڵ سەرۆك كۆببمەوە".

پێشتر هێزەر ناوێرت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، پۆمپیۆ لە كۆبوونەوەكانیدا لەگەڵ سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری دەرەوە مەولوود چاوشئۆغڵو، بابەتەكانی رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی، قەشە برۆنسن، سووریا و بابەتی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی تاوتوێ كردووە.

ناوێرت راشیگەیاندبوو، پۆمپیۆ خۆشحاڵیی خۆی لەبارەی بڕیاری ئازادكردنی قەشە برۆنسنەوە بۆ ئەردۆغان نیشانداوە.
ه.م