تۆمارێكی دەنگی چۆنییەتی كوشتنی جەمال خاشقچی لە كونسوڵخانەی سعودیە ئاشكرادەكات

جیهان

17/10/2018‌ 6188 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی نزیك لە حكومەتی توركیا لە راپۆرتێكدا بە پشت بەستن بە چەند راپۆرتێكی دەنگی بڵاویكردەوە، جەمال خاشقچی لەناو كونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستانبوڵ بە "ئەشكەنجە كوژراوە".

رۆژنامەی یەنی شەفەقی نزیك لە حكومەتی توركیا ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئەو تۆمارە دەنگییانەی كە دەست رۆژنامەكە كەوتووە دەیسەلمێنن كە "لە كونسوڵخانەی سعودیە ئەشكەنجەیەكی قورسی خاشقچی دراوە، لەكاتی لێكۆڵینەوەدا پەنجەكانی بڕدراون و دواتر سەر بڕدراوە". 

رۆژنامەكە دەڵێت، "لە تۆمارە دەنگییەكاندا محەمەد عوتەیبی، كونسوڵی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، بەو كەسانە دەڵێت كە ئەشكەنجەی خاشقچی دەدەن لە دەرەوەی كونسوڵخانەكە بیكوژن، ئێوە سەری من تیا دەبەن".

راشیگەیاندووە، لەوەمی ئەو لێدوانەی محەمەد عوتەیبی، كونسوڵی سعودیەدا "بكوژەكان دەڵێن ئەگەر دەتەوێت بژیت، بێدەنگ بە".

2ی ئەم مانگە جەمال خاشقچی، رۆژنامەنوسی بەناوبانگی بەرەگەز سعودی سەردانی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی كرد لە ئیستانبوڵ، بەڵام لەوكاتەوە بێسەروشوێنەوە تاوەكو ئێستا لێكۆڵینەوەكان لە دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنوسە بەردەوامە.
ه.م