ئاوابوونی خۆری حیزبی دەعوە لەعێراق.. دوای 12 ساڵ جڵەوی بەرزترین پۆستی لەدەستدا

عیراق

18/10/2018‌ 4025 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
دوای 12 ساڵ لە جڵەوگیری ‌گرنگرترین پۆستی حكومی لەعێراق ، حیزبی دەعوەی ئیسلامی پۆستی سەرۆك وەزیرانی جێهێشت ، ئەمەش دوای ئەوەی  نوری مالیكی ئەمیندارە گشتی حیزبەكە چەندەها جار وتی: كەس ناتوانێت پۆستەكە بەرێت ، تا خۆیان نەیبەخش. 

دوور لەو كەرتبوونە گەورانەی ‌ئەم حیزبە  - كە لە 12 ی ئۆكتۆبەری 1957 دامەزراوە - تووشیان هاتووە‌ ، لەساڵی 2003 وە لە دیارترین پارتە سیاسییەكانی سەر گۆرەپانی سیاسی عێراق بووە.

چیرۆكی ئەو حیزبە لەگەڵ پۆستە باڵاكان لە ساڵی 2006  دەست پێدەكات، كە نوری مالكیی بووە سەرۆك وەزیران و دواتریش لە 2010 دووبارە ئەو پۆستەی وەرگرتەوە ، ئینجا نۆرەی حەیدەر عەبادی هات لە (2014 - 2018)، كە ئەمەش سێیەم قۆناغی حوكمڕانی ئەو حیزبە بوو‌.

ئەو حیزبە بەناچاری عەبادی كردە جێگرەوەی مالیكی لە پۆستی سەرۆكی حكومەتدا ، عەبادی لەسەر كەوڵ و هەگبەی حیزبەكەی كە لە 8 ساڵی حوكمڕانی مالیكیدا ئابڕوومەندی لەكەدار بوو گەرەكی بوو وێنەی خۆی جوان بكات ، ئەم هەنگاوە دەرگای ملبەملەی لە نێوان ئەو دوو سەركردە واڵا كرد تا گەیشتە قۆناغی ڕەخنەگرتنی ڕاستەوخۆ لە یەكتری ، هەموو ئەمانەش ئەو حزبەیان بنكۆڵ كرد كە لە هەوڵی بڕینەوەی درەختەكەی ژێر خۆی بوو.

لە دوا هەڵبژاردندا حیزبەكە‌ بە دوو لیست دابەزی ( یەكەم بەناوی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالیكی و دووەمیش بە ناوی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی) ، هەردووكیان ئارەزووی گەرانەوەی سەر كورسی ئەنجومەنی وەزیرانیان دەكرد ، بەڵام بە هۆی وەستانەوەی هەندێك  لە هێزە سیاسییەكان دژ بە مالكی ،  ئاماژەی بۆگەڕاوەی (مەرجەعیەت) نەجەفیش بەوەی نابێت دووبارە تاقیكراوە تاقیبكرێتەوە ، داواكاریش بەهێنانە پێشەوەی كەسێكی بەهێز ، وایان لە حزبی دەعوە كرد باوەڕی تەواو بەوە بێنیت كە خەریكە سەرۆكایەتی وەزیران بۆ ئەوان دەبێتە بەشێك لە ڕابردوو.

لە دیاردەكانی ململانێی نێوان ئەو دوو سەركردەیەش ڕاگەیاندنی مالكی بوو – لە 13 ی ئابی 2014 – كە ووتی پێسپاردنەوەی كورسییەكە بە عەبادی "پێشێلكارییەكی دەستورییە و پڕۆسەی سیاسی دەخات ، ئەوانەی بۆ پڕۆسەكەش‌ بەپەرۆشن دەبێت هاریكاری یەكتربن بۆ وەستاندنی یاخیبوونی بە ئەنقەستی دژ بە دەستور و پێشێلكردنی لە بەرژەوەندی وویستی سیاسی خەڵكانی دیكەدا‌".

دوای لێكدابڕانێكی چەند ساڵە و لە هەنگاوێكدا بۆ بەرتەسككردنەوەی كەلێنی نێوان ئەو دوو سەركردە ، سەركردەكانی ئەو حزبە لە 22 ی سێبتێمبەری 2018  لە كۆبوونەوەیەكی گەورهی‌ بەرپرسانی حزبەكەدا ، توانیان ناوماڵی خۆیان ڕێكخەنەوە بە لێكنزیك كردنەوەی بیرۆی سیاسی و ئەنجومەنی شورای حزبەكە كە لە دۆخی پەرت بوون و لێكهەڵوەشاندا بوون ، بەمەش ڕایانگەیاند كە "عەبادی تاكە پاڵێوراویانه" ، بەڵام دیار بوو كە گەمەكە یەكلایی بۆتەوە و ئەم چاكسازییانەش لە كاتێكی ناوەختدا بوون.

ئێستا كە عادل عەبدول مەهدی ڕاسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی چوارەم ، پرسیارێكی گەورە و گرنگمان لەبەردەمدا قوت دەبێتەوە: ئایا حزبی دەعوە لە نێوان ساڵانی (2006-2018) لە حوكمڕانی عێراقدا سەركەوتوو بووە ؟ لێرەدا بە خێرایی بەناو هەندێك ئاماژەدا گوزەر دەكەین لە ماوەی حوكمڕانی ئەواندا بە زەقی دەركەوتوون: 

نەشونماكردنی بیری تایەفەگەری لە نیشتمانێك كە پێشتر پێی ئاشنا نەبووە.

زیادبوونی دیاردەی میلیشییاگەری و نەشونماكردنی لەژێر باڵی حكومەتدا ، بە تایبەتیش لەژیر سایەی حوكمڕانی مالكیدا و لە سەردەمی عەبادیشدا بە فەرمی درێژەی هەبوو.

حزبەكە لە ماوەی داگیركاری ئەمەریكا بۆ عێراق حوكمڕانی دەكرد ، ئەو هەڵوێستەش زۆر لەو بنەمایانە بەتاڵ دەكاتەوە كە حزبەكە بانگەشیان بۆ دەكات!

قۆرغكردنی زۆرێك لە پۆستە مەدەنی و سەربازییەكانی دەوڵەت.

وێرانكاری بوارە‌ خزمەتگوزارییەكان درێژەی هەبوو ، ئەمەش وای لە ملیونەها كەس كرد -بە شارە شێعەنشینەكانیشەوه- ‌‌ لە سەرتاسەری ووڵاتدا بێنە سەر شەقام ، لە باشووریش دروشمیان دەدا بەوەی بە ناوی ئاینەوە دزی دەكرێت و  د‌بێت ئەوانەش دادگایی بكرێن و چاكسازییەكانی عەبادیش چاكسازی ڕووخسارین و كرۆكی نین.

لە تەمموزی 2015 ڕوداوەكان بەشێوەیەك پەرەیان سەند كە داواكاری لادانی نوری مالكی جیگری سەرۆك كۆمار بەرز بكرێتەوە ، ئەمەش لە دەرئەنجامی " گلانی كۆسیستەمی ئەمنی لە ماوەی حوكمڕانی ئەودا ، ئەمە جگە لە تەشەنەكردنی گەندەڵی و ڕوودانی هەڵەی گەورە گەورە لە ماوەی حوكمڕانی ئەودا وەك سەرۆك وەزیران ، داواكارییەكان گەیشتنە ئەو ئاستەی بە ناپاكی تۆمەتبار بكرێت و داوای لە سێدارەدانیشی بكەن".

پوختەی قسە ئەوەیە كە ئەو حزبە بەرپرسیاریەتی یاسایی لە ئەستۆدایە لەوەی لە عێراق لە ساڵی 2006 وە تاكو ئەمڕۆ ڕوویداوە و ڕوودەدات ، چونكە لە ساڵی 2003 وە درێژترین ماوەی حوكمڕانی هەبوو لە عێراقدا.

حزبی دەعوە هاوبەشێكی ئاسان و شلوشوق نابێت لە حوكمڕانی حكومەتی ئایندەدا ، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت پێكهێنانی حكومەتی ئایندە دوا بخات و بەربەست بخاتە بەردەمی ، پێشم وایە گرێكوێرەی كوردەكان لە نێوان خۆیاندا سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆمار و ڕازینەبوونیان – پارتەكەی بارزانی- بە میكانیزمی هەڵبژارنی سەرۆك لە لایەن یەكیەتییەوە هەر وەك ڕۆژی دواتر ووتیان كە "یەكیەتی نیشتمانی كوردستان گەمەكەی تێكداوە لە پڕۆسەی سیاسی نێوان كوردەكاندا". حزبی دەعوە ئەو گرێكوێرەی كوردەكان ‌دەقۆزێتەوه ‌، دوور نییە لە پارتی دیموكراتی كوردستان نزیك بێتەوە و ئۆپۆزسیۆنێكی ڕاستەقینە لە ناو پەرلەماندا پێكبێنن و ئامانجەكەشی " گێرانەوەی پڕۆسەی سیاسیی بێت بۆ چوارگۆشەی یەكەم" ، ڕەنگە ئەم هەنگاوە - هەتا لە دوای پێكهێنانی حكومەتیش كە وای دادەنێین بە ئارامی بێ چەقاوەسوویی سیاسی پێكدێت  - بمانگەیەنێتە ئەوەی كە عادل عەبدول مەهدی ڕاسپێردراو بە پێكهێنانی حكومەت دەستلەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش بكات ، ئەم هەنگاوەش دەبێتە هۆی گەرانەوەی عەبادی یان مالكی وەك پاڵێوراوێكی دیاری كورسی سەرۆكایەتی وەزیران. 

حیزبی دەعوە خاوەن توانستێكی دارایی و سەربازی ئەوتۆیە كە دەتوانی مێزەكە سەرەوژێر كاتەوە لە ووڵاتدا – ئەوە ئەگەر ئیدارەی ئەمەریكا و ئێران بە سازانكاری خەمی دۆخەكە نەخۆن – پێشم وایە كە حزبی دەعوە داردەستە دیارەكەی ناو دۆڵابی حكومەتی عەبدول مەهدی ئایندە دەبێت.