نێچیرڤان بارزانی بەنهێنی ئاشتی هەورامی بردووەتە بەغدا
لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی گفتوگۆی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم‌و فرۆشتنی نەوتی كەركوكی كردووە

عیراق

18/10/2018‌ 4662 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنهێنی ئاشتی هەورامی وەزیری سامانەسروشتییەكانی هەرێمی بردووەتە بەغداو  لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق گفتوگۆی لەسەر داهاتی نەوتی هەرێم‌و فرۆشتنی نەوتی كەركوكی كردووە

نێچیرڤان بارزانی، كە هاوكات جێگری سەرۆكی پارتی دیمموكرات-ە رۆژی چوار شەممە بەسەرۆكایەتی شاندێك چووە شاری بەغدا، كە ئاشتی هەورامی-یان لەگەل بووە، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، نەیانویستووە ناوبراو لە چاوی كامیرا دەر بكەوێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، ئامانجی سەردانی شاندی پارتی دیموكرات دوو شت بووە، یەكەم وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی دەرەوەو گفتوگۆكردن لەسە چۆنییەتی پیكهینانی حكومەتی نوێی عێراق، دووەم پرسی نەوت و داهاتی نەوت بەتایبەتی نەوتی هەرێم‌و كەركوك ‌و دەوروبەری.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە ئاشتی هەورامی لەبەشی دووەم بەشداری گفتوكۆكانی كردووە، كە لەسەر پرسی نەوت و داهاتی نەوتی هەرێم‌و فرۆشتنی نەوتی كەركوك بووە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، گفتوگۆكان بەردەوامە و تا ئێستا هیچ بەڵێنێك لەسەر پۆستی وەزارەتەكان نەدراوە بەپارتی‌و لەبارەی پرسی نەوت و داهاتی نەوتیشەوە گفتوگۆكان بەردەوامی دەبێت.

عادل عەبدولمەهدی ماوەیەكە سەرقاڵی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەو لایەنە كوردییەكانیش چەند جارێك لەو بارەوە گفتوگۆیان لەگەڵ كردووەو بڕیارە ئەو گفتوگۆیانەش بەردەوامی هەبێت.

هـ ـ ح