ده‌رباز محه‌مه‌د: ئه‌گه‌ر پشكی كورد له‌حكومه‌تی عێراقدا 3 وه‌زاره‌ت بێت، ناهه‌قییه‌

عیراق

18/10/2018‌ 1408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وه‌زیری كۆچ‌وكۆچبه‌رانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت "ئه‌گه‌ر پشكی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق 3 وه‌زاره‌ت بێت ئه‌وه‌ ناهه‌قییه‌كی ته‌واو رونه‌".

ئەمڕۆ پێنج‌شەممە ده‌رباز محه‌مه‌د، وەزیری کۆچ‌وکۆچبەرانی عێراق له‌هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی له‌فه‌یسبوك  ڕایگەیاندوە "ئەگەر پشکی کورد لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، 3 وەزارەت بێت، واتا لەسەدا 13.6ی ئەنجومەنی وەزیران. ئەمه ناهەقیەکی تەواو رونە".

دەرباز محممەد ئاماژەی بەوەشداوە "لەبەرئەوەی رێژەی کورد لە ئەنجومەنەی نوێنەران لەسەدا 18یە، بۆیە دەبێت نوێنەرایەتی کورد لە ناو ئەنجومەنی وەزیران لەسەدا 18بێت".
وەزیری کۆچ‌وکۆچبەران ئەوەشی وتوە "مەڵێن پشکایەتیمان تێپەڕاند، لەبەر ئەوەی نه‌ کەس لەسەر پشکی خۆی سازشی کردوەو نە دەشیکات".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق هه‌فته‌ی رابردو، له‌ڕێگه‌ی تۆماركردنی ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ده‌رگای خۆكاندیدكردنی بۆ پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان كرده‌وه‌.

نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو دوێنێ(چوارشه‌ممه‌) رایگه‌یاند كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌نیازه‌ هه‌فته‌ی داهاتو ناوی ئه‌ندامانی كابینه‌كه‌ی و به‌رنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی پێشكه‌ش بكات به‌ڵام هێشتا رۆژه‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه‌.
 هـ ـ ر