پێشنیارێك بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم راگەیەندرا

کوردستان

19/10/2018‌ 11742 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولرەحمان عەلی، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە چوارەمی پەرلەمانی پێشنیارێك بۆ پێكهێنانی پەرلەمان و حكومەتی نوێی هەرێم دەخاتەڕوو و رایگەیاند، لەپێناو پێكهێنانی پەرلەمان وحكومەتێكی تۆكمەو بەهێزدا هەردوو دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێكردن كە دەكاتە (پەرلەمان و حكومەت) لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی جێگیربكرێن.  

عەبدولرەحمان عەلی لە راگەیەندراوێكدا كە بەناونیشانی "پێشنیارێك بۆ پێكهێنانی پەرلەمان وحكومەتی نوێی هەرێم" بڵاویكردووەتەوە دەڵێت، لەپێناو سڕینەوەونەهێشتنی یەكجارەكی ئاسەواری دووئیدارەیی و دوو زۆنگ وسێ زۆنگی، پێشنیارێك دەخەنەڕوو بۆئەو هێزوپارتە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كە بەشداردەبن لەپێكهێنانی كابینەی نوێ واتا (كابینەی نۆیەم)ی حكومەتی هەرێم،و ئەو هێزەسیاسیانەی كە ئەندام وفراكسیۆنیان دەبێت لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان.

ئاماژەی بەوەشكردووە، هەردوو دامەزراوەی یاسادانان وجێبەجێكردن كە دەكاتە (پەرلەمان و حكومەت) هەریەكەیان لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی جێگیربكرێن، كە ئەوەش كارێكی ئاساییەو ناكرێت بەبابەتێكی هەستیار لێكبدرێتەوە .

عەبدولرەحمان عەلی هەروەها دەڵێت، "دەكرێت هەموو  وەزارەتەكانی كابینەی نوێ لەپایتەخت یان شارەگەورەكان كۆنەكرێتەوە ، بەپێچەوانەوە واباشترە نیوە یان بەشێكی وەزارەتەكانیش لەشاروشارۆچكەكانی تردابن ، ئەویش بەپێی گونجاندن یان پێكهاتەكەیانەوە".

دەقی راگەیەندراوەكەی عەبدولرەحمان عەلی 

 پێشنیارێك بۆ پێكهێنانی پەرلەمان وحكومەتی نوێی هەرێم؛ 

ــ لەپێناو پێكهێنانی پەرلەمان وحكومەتێكی تۆكمەوبەهێز.
ــ لەپێناو سڕینەوەونەهێشتنی یەكجارەكی ئاسەواری دووئیدارەیی و دوو زۆنگ وسێ زۆنگی .
ــ لەپێناو گرنگیدانی زیاتر بەشارو ناوچەجیاوازەكانی هەرێم.
ــ لەپێناو سەرەتایەكی باش بۆجێگیركردنی سیستمی ناناوەندێتی ( لامەركەزی) لەهەرێمی كوردستان .
ــ  لەپێناو دروستكردنەوەی پەیوەندی ئاسایی ودروست  لەنێوان هاوڵاتی و دامەزراوەكانی هەرێمدا .
ــ لەپێناو قۆرخ نەكردنی هەموو دامەزراوەكان لەلایەن هیچ پارتێكی سیاسی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەكارگێڕی گشتیدا .

پێشنیارێك دەخەینە ڕوو بۆئەو هێزوپارتە سیاسیانەی هەرێمی كوردستان كەبەشداردەبن لەپێكهێنانی كابینەی نوێ واتا ( كابینەی نۆیەم)ی حكومەتی هەرێم ،و هەروەها ئەوهێزەسیاسیانەی كە ئەندام وفراكسیۆنیان دەبێت لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ، پێشنیارەكە كورت وپوخت بریتیە لە ؛
۱--  هەردوو دامەزراوەی یاسادانان وجێبەجێكردن كەدەكاتە ( پەرلەمان و حكومەت ) هەریەكەیان لەشارەكانی هەولێرو سلێمانی جێگیربكرێن  ، كەئەمەش كارێكی ئاساییەو ناكرێت بەبابەتێكی هەستیار لێكبدرێتەوە .
۲-- دەكرێت هەموو  وەزارەتەكانی كابینەی نوێ لەپایتەخت یان شارەگەورەكان كۆنەكرێتەوە ، بەپێچەوانەوە واباشترە نیوە یان بەشێكی وەزارەتەكانیش لەشاروشارۆچكەكانی تردابن ، ئەویش بەپێی گونجاندن یان پێكهاتەكەیانەوە ، بۆنمونە دەكرێت وەزارەتی شارەوانی وگەشت وگوزار لەپارێزگای دهۆكی ڕەنگیندا بێت ، یان وەزارەتی ڕۆشنبیری ولاوان لەسلێمانی سەركەشدا بێت چونكە بەپایتەختی ڕۆشنبیری ناوزەندكراوە ، دەشكرێت وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەپارێزگای هەڵەبجە یان ئیدارەی گەرمیان وچەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان بێت ، دەشگونجێت وەزارەتی پیشەسازی وبازرگانی بەهۆی ئەوەی چەندین كارگەی گەورە لەسنوری شارۆچكەی بازیاندا هەیە وەزارەتەكەش هەرلەو ناوچەیەبێت .
ئەمانە نمونەگەلێكن و زۆر وەزارەتی تریش هەن دەكرێت دوای دیراسەو توێژینەوەیەكی ورد ببرێتە شوێنی دیكەش ، وەك وەزارەتی كشتوكاڵ بۆحەوزی بیتوێن ودەڤەری ڕاپەڕین یان شارەزوور ، سامانە سروشتیەكان بۆ سنوری كۆیە یان چەمچەماڵ و........ هتد .
ــ سەبارەت بەدەستەكانیش دەكرێت هاوشێوەی وەزارەتەكان ئەوانیش بەتایبەت ئەوانەی پێویست ناكات لەپایتەخت بن دابەشبكرێن بەسەر شاروناوچەكانی تردا ، بۆنمونە دەستەی ژینگە لە سنوری سۆران وباڵەكایەتی یان دوكان و دەستەی كاروباری مین ببرێتە ناوچەیەك كەتاهەنوكەش مین وتەقەمەنییەكی زۆری تێدایە بەنمونە ناوچەی پێنجوێن یان ناوچەی سۆران و دەستەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم باشترە ببرێتە كەلار یان كفری .
ئەم پۆلێنكردن وئاماژادانانە بە دامەزراوە یان وەزارەت ودەستەكان مەرج نیە دەقاودەق بەوشێوەیە بێت .

ئەوەی ماوەتەوە بوترێت وئاماژەی بۆبكرێت ئەوەیە كە ناكرێت نوسین یان پێشنیارێكی لەو شێوەیە شیكردنەوەو شەن وكەوی ناجۆرو نالۆژیكی بۆبكرێت لەلایەن هیچ كەسێك یان پارتێكی سیاسی چونكە لای من هیچ جیاوازییەك نابینم لەنێوان شاروناوچەكانی هەرێمی كوردستان لەزاخۆوە تاخانەقین ،و لەپێنجوێنیشەوە تاحەمرین ، وەدەكرێت لەكاتی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكومەت و خولی پێنجەمی پەرلەمان ئەم بابەتە ببێتە بەشێك لەتەوەرەكانی دانوستان وگفتوگۆكان .

٭٭ تێبینی : بۆیە ئاماژەم بەهیچ شاروناوچەیەكی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (دابڕێنراوەكان) نەداوە چونكە لەئێستادا ئەوناوچانە لەڕووی كارگێڕییەوە سەربەحكومەتی هەرێم نین ، گەرنا دەبوایە بەشێك لەو دامەزراوانە بێ یەك ودوو لەو ناوچەوشوێنانە بونایە .

ــ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا .......  ۱۹-۱۰-۲۰۱۸ ی زاینی .

بەپەلە