بۆ بەلارێدابردنی كەیسی رۆژنامەنووسەكەیە
یەكێك لەو كەسانەی تۆمەتبارە بەكوشتنی خاشقچی لەرووداوێكی تەمومژاوی لەسعودییە گیانی لەدەستداوە

جیهان

19/10/2018‌ 3367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرچاوەیەكی تایبەت بۆ رۆژنامەی "ینی شفق"ی توركی ئاشكرایكردووە، ئەفسەرێكی سعودی بەپلەی ملازم لەهێزی ئاسمانی سعودییە بەناوی "مشعل سعد البستانی" لەرووداوێكی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە.

سەرچاوەكە بۆ رۆژنامە توركییەكە ئاشكراشیكرد، كە "البستانی" پێشتر لەئەستەنبوڵ بووەو یەكێكە لەو تۆمەتبارانەی، كە گومانی لێدەكرێت دەستی هەبێت لەكوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی لەناو كونسوڵخانەی سعودییە لەئەستەنبوڵ.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە "البستانی"، كە تەمەنی 31 ساڵ بووە لەرووداوێكی هاتووچۆ لەریازی پایتەختی سعودییە گیانی لەدەستداوە، دوای ئەوەی لەئەستەنبوڵ گەراوەتەوە، كە لە 2ی ئۆكتۆبەر سەردانی ئەستەنبوڵی كردووە.

هەر بەپێی رۆژنامەكە ملازم "البستانی" یەكێكە لەو 15 كەسەی تۆمەتبارن بەكوشتنی خاشقچی‌و هۆكاری كوشتنیشی لەو رووداوە، بۆ بەلارێدابردنی كەیسی لێكۆڵینەوەكانی كوشتنی جەمال خاشقچییە.

جەمال خاشقچی یەكێك بوو لەرۆژنامەنووسە نەیارەكانی دەسەڵاتی پاشایی لەسعودییەو لەئەمریكا دەژیا، رۆژی 2ی ئەم مانگە چووەتە كونسوڵخانەی سعودییە لەئەستەنبوڵ‌و لەو رۆژوە تائێستا چارەنووسی بەنادیاری ماوەتەوەو گومان دەكرێت دەسەڵاتی ریاز كوشتبێتی.

گومانەكان بەشێوەیەكە تیمێكی 15 كەسی ، كە لەكەسانی ئەمنی‌و سەربازی ‌و هەواڵگیری پێكهاتوون جەمال خاشقچی-یان لەناو كونسوڵخانە كوشتبێت، دوای كوشتنەكەشی تەرمەكەیان لەت لەت كردووەو لەكونسوڵخانەكەیان بردووەتە دەرەوە.

هەروەها گومانەكان بەشێوەیەكە محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودییە فەرمانی كوشتنی خاشقچی دەركردووەو هەر گومانیش دەكرێت كوشتنی ئەو ملازمە لەسەر فەرمانی ئەو بووبێت.

هـ ـ ح